ئاوات شێخ جەناب: بۆ دابەشکردنى مووچە پرسیار لە بەغدا بکەن کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارى دارایى و ئابووریى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لەمەودوا بۆ دابەشکردنى مووچە، پرسیار "ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت، لەبەر ئەوەی چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (23/تەممووز/2023) ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە میانی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ ى سنوورى گەرمیان بە ڕۆژنامەنووسانى ڕاگەیاند، "هەموو ئەو داخوازیانەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، هەمووی بە تەواوی جێبەجێکراون، بڕیارە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ بەغدا بکرێت ئومێد دەکەین ئەنجامەکان بە دڵی هەموو لایەک بێت، چونکە هیچ بیانوێک نەماوە لە ئێمەی بگرن".

وەزیرى دارایى و ئابووریى هەرێم دووپاتى کردەوە، "ئەو شتانەی لە ئێمە داوا دەکرێت باوەڕناکەم لە بەغدا جێبەجێ کرابێت، بەڵام هەرێمی کوردستان زۆر بە شەفافی هەمووی جێبەجێ دەکات".

ئاوات شێخ جەناب ئەوەشى خستەڕوو، "داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات، لەبەر ئەوەی چەند مانگێکە هەناردەی نەوتی کوردستان راگیراوە، پرسیارکردن لەبارەی مووچە پێویستە لەمەودوا ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت".

سەبارەت بە سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا ڕایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا قسە لەسەر بابەتە هونەرییەکان دەکات، چونکە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، لە زووەوە جێبەجێی کردووە. گوتیشی، هیچ بیانوویەک نەماوە کە بەغدا مووچە دوابخات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین