پاشای عێراق بە نامەیەكی نهێنی لە كودەتای  14ی تەمووز ئاگاداركراوەتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لە یادی 14ی تەمووزی 1958 كە سیستەمی پاشایەتی لە عێراق رووخا، رۆژنامەیەكی عێراقی راپۆرتێك بڵاودەكاتەوە تێیدا ئاشكرای دەكات، مانگێك پێشتر بە نامەیەكی نەهێنی كە لەلایەن كەسێكی نەناسراو رەوانە كراوە، فەیسەڵی دووەم پاشای عێراق لە كودەتاكە ئاگادار كراوەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 14ی تەمووزی 2023 یادی "شۆڕشی 14ی تەمووزە" كە بەو رووداوە سیستەمی پاشایەتی لە عێراق رووخا و سیستەمی كۆماری دانرا.  رۆژنامەی زەمانی عێراقی لە 12ی ئەم مانگە لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ 1958 نووسینگەی پاشای عێراق فەیسەڵی دووەم بە نامەیەكی نهێنی كە لەلایەن (كەس یان لایەنێكی نەناسراو) رەوانە كراوە، ئاگادار كراوەتەوە، پیلانی كودەتا لەنێو ئەفسەرانی عێراق لە ئارادایە.

بۆیە سەركردەكانی ئەو كاتی عێراق فەیسەڵی دووەم و میری عێراق عەبدولئیلاه و نووری سەعید كە پیاوی یەكەمی عێراق بووە، دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و بانگی ئەو ئەفسەرانەیان كردووە، كە گومانیان لێكردوون، ئەوانیش عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف بوون، بەڵام بە زارەكی ئەوان دووپاتیان كردووەتەوە كە دڵسۆزی سیستەمی پاشایەتین و ئەوانیش بە سادەیی متمانەیان پێكردوون.

لە راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، هۆكاری ئەو متمانەیە ئەوە بووە عەبدولكەریم قاسم لەلایەن نووری سەعید و عەبدولسەلام عارفیش لەلایەن رەفیق عارف كە سوپاسالاری عێراق بووە، پشتگیرییان لێكراوە كەچی ئەم دووانە (عەبدولكەریم و عەبدولسەلام) لە چواردەی تەمووز كودەتاكە دەكەن و  خێزانی پاشایەتی بە تەواوی دەكوژن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین