فوئاد حوسێن: هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان لە ناوخۆیدایە کوردستانی

نوچەنێت:

وەزیرى دەرەوەى عێراق پەیوەندییەکانى هەولێر-بەغدا بە باش ناودەبات، بەڵام نایشارێتەوە، وەک خۆى دەڵێت، کێشە هەیە، بەڵام رێگە هەیە بۆ چارەسەرکردنیان.

ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە (11/تەمموز/2023) فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى عێراق لە بەرنامەى رووداو ڕایگەیاند، ئەگەر بڵێم کێشەیان لە نێوان هەولێر-بەغدا نییە، هەڵەیە، چونکە کێشە هەیە و لەگەڵ هەبوونی کێشەش، رێگە هەیە بۆ چارەسەرکردنیان.

فوئاد حوسێن ئاماژە بەوەدەکات، لە بودجەی (2019) پێشمەرگە وەکو بەشێک لە مەنزومەی بەرگری عێراق باسکراوە، لە بودجەی ئەمساڵدا بەم شێوەیە شایستە داراییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە جێگیرکراوە کە ئەمەش لە ناوەڕۆکدا هەنگاوێکی باشە، بەڵام بۆ ساڵانی داهاتوو دەبێت ژمارەکە بگۆڕدرێت و بە شێوەیەکی دروست لە بودجەدا جێگیر بکرێت.

وەزیرى دەرەوەى عێراق نایشارێتەوە، ئەگەر مەترسییەک لە هەر هەرێمى کوردستان هەبێت، ئەوا لە ناوەخۆوەیە نەک دەرەوە، ئێستا وەکو سەردەمی سەدام حوسێن هێرش ناکاتە سەر کوردستان، بەڵام هەڕەشە لەسەر کیانی هەرێمی کوردستان کاتێکە دۆخی یاسادانان، ئابووری و سیاسیی ناوخۆ تێکبچێت، واتا من هەڕەشەیەک لە بەغداوە نابینم و تەنانەت پەیوەندییەکانیش باشن.

هەروەها دەشڵێت، یەکەم هەڕەشە لەسەر کیانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆیدایە، بۆ ئەوەش دەبێ لە ناوخۆ دابنیشین و بەیەکەوە ئەم هەڕەشەیە نەهێڵین.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانى پارتى و یەکێتى گوتى، پارتی و یەکێتی لە قۆناخی جیاوازدا دژی یەک و هاوکاری یەکتریش بوونە، لە قۆناخی ئێستادا خەریکە دەگەین بە رێککەوتن، مەرجیش نییە هەرچی کێشەی هەیە چارەسەر بکرێت، هەندێک جار کە قەیرانێک دروستدەبێت، ئەو قەیرانە چارەسەر دەکرێت یان سڕی دەکەیت و یانیش ئیدارەی دەکەیت، دەبێ لە قۆناخی ئێستادا ئیدارەی ئەم قەیرانە بکەین کە لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین