شاندێکى وەزارەتى دارایى بۆ یەکلاییکردنەوەى پشکى کورد لە بودجە سەردانى بەغدا دەکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

شاندێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق سەردانى بەغدا دەکات. وتەبێژى وەزارەتى دارایى دەڵێت، دواى سەردانییەکەى شاندى هەرێم و یەکلاییکردنەوەى پشکى هەرێم، ئەوکات بڕیار لە دابەشکردنى مووچەى مانگى شەش دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (سێى/تەمموز/2023) هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوى راگەیاند، لەم هەفتەیە شاندێکى وەزارەتى دارایی سەردانى بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى عێراق، هەروەها یەکلایکردنەوەى حیساباتى شەش مانگى ڕابردوو.

هونەر جەمال ڕوونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، پێش جەژن سەرۆکى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان کۆبووەوە و شاندێکى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستانیش سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى کۆبووەوە.

سەبارەت بە دابەشکردنى مووچەى مانگى شەش گوتیشى، دواى چوونى لیژنەى دارایى بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا و دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان، چاوەڕێى بڕیارى وەزارەتى دارایى عێراق دەکەین بۆ خەرجکردنى شایستە داراییەکانى هەرێم، ئەوکات دەتوانین میکانیزمى دابەشکردنى مووچە دیارى بکەین.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین