پەیمانگەیەكی ئوسترالی: ئەمریكا رێزی جارانی نەماوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

پەیمانگەی سیاسەتی ستراتیژی ئوسترالی لە راپۆرتێكدا بەراورد لەنێوان رووداوی داگیركردنی كوێت لەلایەن سەدام حوسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق و هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا لە لایەن ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا دەكات و دەڵێ‌، "وا دەردەكەوێت كە ئەمریكا ئێستا رێزی جارانی نەماوە".

ئەمڕۆ هەینی 23ی حوزەیرانی 2023 راپۆرتێكی پەیمانگەی سیاسەتی ستراتیژی ئوسترالی بڵاوكراوەتەوە ، بەراورد لەنێوان داگیركردنی كوێت لەلایەن عێراق و داگیركارییەكانی رووسیا بۆ ئۆكرانیا كراوە. راپۆرتەكە چەندان جار دووپات لەسەر ئەوە دەكاتەوە، ئەمریكا ئەو هەژموونەی جارانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەماوە و بۆ ئەمەیش چەندان هۆكار هەیە.

كاتێك لە ئابی 1990 سەدام حوسێن بە سوپاكەی كوێتى داگیركرد. ئەمریكا راستەوخۆ هاتە سەر هێڵ و  وڵاتانی رازیكرد تا شەڕ لە دژی سەدام بكەن وسزای ئابووریشی بەسەر بسەپێنن. كەچی لە ئابی 2022 ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا بە ناوی سەربەخۆیی چەند ناوچەیەك هێرشی كردە سەر ئۆكرانیا كەچی تا ئێستا ئەمریكا نایەوێ‌ راستەوخۆ خۆی بخاتە ناو شەڕەكەوە.

راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە هەردوو حاڵەتدا سنوور بەزاندنە لەلایەن سوپای وڵاتێكی ترەوە، كەچی ئەو هەڵوێستەی لە یەكەم هەبوو، لە دووەم بەدیناكرێت. هۆكارەكەیش بە بڕوای پەیمانگەكە ئەوەیە ئێستا ئەمریكا كێشەی ناوخۆی هەیە و جگە لەمەیش بە هۆی كۆمەڵێك دەستوەردانی وەك ئەوەی لە سووریا و لیبیا و عێراقی 2003 روویدا، ئەوا كاریگەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەماوە.

دوو هۆكاری تریش ئەوەیە بەهۆی ڤیتۆوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەراوێزخراوە و كاریگەری نییە، دواجاریش وڵاتان بەرژوەندییەكی گەورەیان لەگەڵ رووسیا هەیە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین