ڕێبەر ئەحمەد: رێگە نادەین هیچ لایەنێک سەقامگیریی کوردستان تێک بدات کوردستانی

نوچەنێت:

ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چەند کەسانێک هەوڵیان دا بە گوتاری تووند و دوور لە کولتووری پێکەوەژیان کە لە هەرێمی کوردستان رەگی داکوتاوە ئەو پێکەوەژیانە بشێوێنن، ئێمە رێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک سەقامگیریی کوردستان تێکبدات".

ئەمڕۆ یەکشەممە (چوارى حوزەیران/2023) ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە گۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "عێراق هیچ هەنگاوێکی جیدی بۆ رێککەوتنی شنگال نەناوە، وە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە عێراق لەسەرهێڵ دەبین بۆ دەستپێکردنی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە".

ڕێبەر ئەحمەد، دواى بەشداریکردنى لە رێوڕەسمی کردنەوەی پەیمانگەی ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە شاری هەولێر ئاماژەى بەوەکرد، "هەندێک گوتاری نابەرپرسانە لەماوەی رابردوو بەرامبەر هەندێک رووداوی نەخوازراو کە لە شنگال روویاندا (هەبوون)، چەند کەسانێک هەوڵیان دا بە گوتاری تووند و دوور لە کولتووری پێکەوەژیان کە لە هەرێمی کوردستان رەگی داکوتاوە ئەو پێکەوەژیانە بشێوێنن، ئێمە لە حکومەتی هەریمی کوردستان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین بە رێگەی یاسا رووبەڕووی هەرجۆرە گوتارێکی تووند ببینەوە کە ئارامی و سەقامگیریی و پێكەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، دژی هەموو گوتارێکی رق و کیناوین، رێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک سەقامگیریی کوردستان تێک بدات".

سەبارەت بە کردنەوەى پەیمانگاکە دەڵێت، "ئەم پەیمانگەیە بە سوودوەرگرتن لە ئەڵمانیا دامەزراوە، تێیدا چەندین باڵەخانەی رووخاو و نیمچە رووخاو و سیناریۆی جیا بۆ راهێنان ئامادەکراوە، رووبەری پڕۆژەکە (5) هەزار مەتر دووجایە، (4) هەزار مەتر بۆ داڕشتنی سیناریۆکان بەکارهێندراوە."

پەیوەست بە دۆخى ناوچە کێشە لەسەرەکان، وەزیرى ناوخۆ گوتى، "پێکەوە لەگەڵ حکومەتی عیراق هەموو هەوڵێک دەدەین دۆخی ناوچەکانی مادەی (140) ئاسایی ببنەوە" هاوكات داواشى لە عێراق و وڵاتانى دۆست کرد، "هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنی مادەی (140)، هەرکاتێک مادەکە جێبەجێ بێت بەشێکی زۆری کێشەکانی عێراق چارەسەر دەبن".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین