ئێران هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئیسماعیل خەتیب وەزیری ئاسایشی ئێران راگەیاند، گرووپێكی سەربە ئیسرائیلیان لە سنوورەكانی خۆرئاوای ئێران گرتووە و دەشڵێ‌، "بەرپرسیارێتی وەبەرهەرێمی كوردستان دەهێنینەوە".

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی ئایاری 2023 ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لێدوانێكی ئیسماعیل خەتیبی وەزیری ئاسایشی ئێرانی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، لە سنوورەكانی رۆژئاوای ئێران گرووپێكی سەربە ئیسرائیلیان گرتووە و دەڵێ‌، "هیوامان وایە لە سنوورەكانی خۆرئاوا ئەمە دووبارە نەبێتەوە".

وێرای ئەوەی هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو گرووپە بڵاونەكردووەتەوە كە گوایە گیراون. كەچی لە بەشێكی تری لێدوانەكەی خەتیب هاتووە، "بە هاوكاری حكومەتی نوێی عێراق و گرنتییەكانی، هیوامان وایە ئاسایش لە سنوورەكانی خۆرئاوا ببینین و ئەمە دووبارە نەبێتەوە، دووپات لەسەر بەرپرسیارێتی هەرێم دەكەینەوە".

وەزیری ئاسایشی ئێران هۆشدارییش دەدات لەوەی ئەگەر ئاسایشی ئێران ناسەقامگیر بكرێت، ئەوا هەر جووڵەیەك بە توندی لەلایەن هێزە چەكدارەكان و دەزگا ئەمنییەكانی ئێران وەڵام دەدرێتەوە.

ئێران چەندان جار بە بیانووی جیاواز هێرشی كردووەتە سەر هەرێمی كوردستان. لە 13ی ئاداری 2022 بە 12 مووشەك هێرشی كردە سەر ماڵی سەرمایەدارێكی هەولێر بە بیانووی بوونی پیاوانی سەربە ئیسرائیل، كە دواتر هەرێمی كوردستان و عێراق بە فەرمی بیانووەكەیان پووچەڵە كردەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین