وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان داواى هەماهەنگى لە لایەنە سیاسییەکان دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، داواى هاوکارى و هەماهەنگى لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکات بۆ داماڵینى چەکى بێ مۆڵەت و دەڵێت، "هیچ حزبێک لە هیچ بۆنەیەکدا چەک وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانی خۆی."

ئەمڕۆ سێشەممە (25/نیسان/2023) بەپێى نووسراوێکى وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، بە ژمارە (25-4-2023) و واژۆى ڕیبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى لەسەرە، "بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک و دیاردەی چەکداری، لە ڕێی چەند خاڵێکەوە داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی کوردستان دەکات."

وەزارەتى ناوخۆ لە نووسراوەکەدا داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات، "میدیاکانیان بۆ هەڵمەتی هۆشیاری ئەندامانیان و هاووڵاتیان بخەنە گەڕ تا چەک لە ماڵەکان نەبێت و کەس چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرێت."

هەروەها تێیدا هاتووە، "هیچ حزبێک لە هیچ بۆنەیەکدا چەک وەکو دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانی خۆی" داواشكراوە، "لە بارەگانیان کۆگا دروست بکەن تا پاسەوانی بارەگاکانیان لە دوای دەوام چەک نەبەنەوە ماڵەوە."

وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ئاماژەوە بەوەکردووە، "بەجێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداری دروست دەبێت، کە دواجار ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی تاوان و توندوتیژی."

وەزارەتى ناوخۆ لە ڕاگەیێندراوێکدا دەقى نووسراوەکەى وەزارەتى ناوخۆ و ڕێنماییەکانی ژمارە (5) و (6)ی (2022)ـى تایبەت بە داماڵینى چەکى بێ مۆڵەت  لەم ئەم لینکەدا بڵاوکردۆتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین