(400) ملیارەکەى بەغدا بەشى نیوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ناکات کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، دواى کۆبوونەوەیەکى چەند کاتژمێرى، ئەمڕۆ بڕیاریدا (400) ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بە قەرز بنێرێ، بەڵام حکوومەتى هەرێم مانگانە بۆ پێدانى مووچەى فەرمانبەران پێویستى بە (400) ملیار دینارە.

ئەمڕۆ سێشەممە (18/نیسان/2023) ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە سەرپەرشتى محەمەد شیاع سوودانى کۆبووەوە، یەکێک لە بڕیارەکانى کۆبوونەوەکە ناردنى (400) ملیار دینارە بۆ هەرێمى کوردستان بە قەرز، تا ئەوکاتەى پڕۆژەیاساى بودجەى عێراق پەسند دەکرێت.

ناردنى (400) ملیار دینار لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، بەشى (43%) مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان ناکات، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە ماوەى (24) ڕۆژە هەناردەکردنى نەوتى کوردستان وەستاوە و حکومەتى هەرێم هیچ داتێکى لەبەر دەستدا نییە بۆ دابەشکردنى مووچەى مانگى نیسان.

حکوومەتى هەرێمى کوردستان بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران پێویستى بە (940) ملیار دینارە، بۆ چارەسەکردنی کورتهێنانی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ڕۆژى (25-3-2023) دواى بڕیارێکى  دەستەی نێوبژیوانی لە دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس تایبەت بە نەوتى کوردستان، تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، ئەگەرچى ماوەى دوو ڕۆژە عێراق داواى لە تورکیا کردووە، دووبارە نەوتى کوردستان هەناردە بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا دەستى بە هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان نەکردووە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین