توركیا لەسەر وەستاندنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی هاتەدەنگ کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

فاتح دونماز وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی لەسەر داواكەی عێراق سزا درابێت و دەشڵێ‌، " لیژنە نێودەوڵەتییەكە راپۆرتێكی لەسەر بابەتەكە ئامادە كردووە".

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئاداری 2023 فاتح دونماز وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا لە لێدوانێكی فەرمی كە لە لایەن ئاژانسی ئەنادۆڵەوە بڵاوكراوەتەوە، رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بە سزای پێبژاردنی ملیارێك و400 ملیۆن دۆلار سزادرا بێت و دەڵێ‌، "لیژنە نێودەوڵەتییەكە راپۆرتێكی فراوانی لەسەر بابەتەكە ئامادەكردووە كە سەپاندنی سزای بۆ سەر توركیا تێدایە، بەڵام بێ‌ سزای دارایی و پێبژاردن".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی باس لەوە دەكات لیژنەی نێودەوڵەتی "دادگای بازرگانی لە پاریس" لەكۆی پێنج داوای عێراق لەسەر دۆسیەكە چواری رەتكردووەتەوە و تەنیا یەكێكی قبووڵكردووە، لە بەرانبەردا  پێنج داوای توركیای قبووڵكردووە و تەنیا شەشەمی رەتكردووەتەوە. 

فاتح دونماز دووپاتیشی دەكاتەوە شارەزایانی توركیا لە وەزارەتی وزە تاوتوێی بابەتەكە دەكەن و دەشڵێ‌، “بابەتەكە پێویستی بە هەندێك كات هەیە تا روون دەبێتەوە”. لەكۆتایی لێدوانەكەیشی وەزیری وەزی توركیا دەڵێ‌، "رێككەوتنێك لەسەر هەناردەكردنی نەوت لە نێوان عێراق و توركیا هەیە و ئەم رێككەوتنە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و ئەو راپۆرتەیش یەكدەگرێتەوە كە لیژنەی ناوبژیوانی ژووری بازرگانی جیهانی ئامادەی كردووە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس كە بە دادگا دەناسرێت، بڕیاری لەسەر سكاڵایەكی عێراق دا كە نۆ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە لە دژی توركیا تۆمار كراوە و بەگوێرەی بڕیارەكە توركیا بۆی نییە بێ وەزارەتی نەوتی عێراق رێككەوتنی نەوتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات و بەم بڕیارەیش هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا وەستا.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین