هۆشمه‌ند ره‌فیق ئابووریناس: پێشبینیكردن بۆ ئابوورى عێراق وه‌ك فاڵگرتنه‌وه‌یه‌ کوردستان- عێراق

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

هۆشمه‌ند ره‌فیق ئابووریناس و نووسه‌ر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ لێكه‌وته‌ ئابوورییه‌كانى ناسه‌قامگیربوونى به‌هاى دۆلار له‌ بازاڕه‌كان ده‌كات و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ناتوانرێت پێشبینى بۆ ئابوورى عێراق بكرێت چونكه‌ وه‌ك فاڵگرتنه‌وه‌ى لێهاتووه‌.

دواى كۆمه‌ڵێك به‌ڵێن له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق و كۆمه‌ڵێك رێكاریى له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندى جارێكى تر به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینارى عێراقى به‌رزبووه‌وه‌ و ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ پێنجى كانوونى دووه‌مى 2023 له‌ بازاڕه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، به‌هاى 100 دۆلارى ئه‌مریكى له‌سه‌رووى 156 هه‌زار دیناره‌. كه‌چى پێشتر بۆ نزیك 150 هه‌زار دابه‌زى بوو.

هۆشمه‌ند ره‌فیق كه‌ نووسه‌رێكى دیارى بوارى ئابوورییه‌ و چه‌ندان كتێبى هه‌یه‌ و له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ لێكه‌وته‌كانى ناجێگربوونى به‌هاى دۆلار ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن ئەو به‌هایه‌ بەرزتر بێتەوە، لەبەر ئەوەی کەمترین بڕ کە لەلایەن بانکی ناوەندی دەخرێتە بازاڕاوە، بە داخەوە ئەوەش وادەکات بازرگانان، نرخەکان بەرزبکەنەوە، کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک بە تایبەتی ئەوانەی داهاتیان کەمە یان داهاتیان سنوورداره‌، به‌ تایبه‌تى ئەوانەی مووچەخۆرن لە حکومەتدا، کە لەیەک کاتدا مووچەکانیان وەرناگرن، لە ماوەی ( 30) رۆژەکەدا لە هەمان کاتیشدا ئەو بڕەی وەریدەگرن جێگیرە، گۆڕانکاری بەسەر دانایەت".

كێشه‌ى سه‌ره‌كى له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار
ئه‌وه‌یه‌ به‌هاى داهات كه‌م ده‌بێته‌وه‌

 

به‌ لێكدانه‌وه‌ى هۆشمه‌ند ره‌فیق، كاتێك به‌هاى دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه‌، نرخى شتومه‌كیش به‌رزده‌بێته‌وه‌ و كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌یش ئه‌وه‌یه‌ كاتێك شتومه‌ك له‌ بازاڕه‌كانى ئێمه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وا به‌ ئاسانى دانابه‌زێت و لێره‌دا دیوێكى ترى كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ مووچه‌خۆر و داهاتى جێگیریان هه‌یه‌، به‌هاى داهاته‌كانیان داده‌به‌زێ.

هۆشەمەند رەفیق ئابووریناس دەربارەی خواست و خستنە بازارى دۆلار گوتى، "لە ئابووریدا بەردەوام قسە لەسەر شتێک دەکەین، یاسای ئابووری یاسای خواست و خستنەڕووە، سەیر دەکەین لە ئاستی عێراقدا، ئەو بڕەییەی ئەو قەبارەییەی دەخرێتە بازاڕ لە بانکی ناوەندی عێراقییەوە، بە بەراورد لەگەڵ خواستی خەڵک بڕەکە کەمترە، هۆکارەکەش ئەوەیە لە میدیاکانیش بەردەوام بڵاوکراوەتەوە ئەوەی کە لە بانکی ناوەندی ئەمریکاوە، بڕەکەی کە ئێستا فشار خراوەتە سەریان، ئەو بڕە ناگاتە عێراق، عێراقیش نایەوێت ئەو بڕە بخاتە بازاڕاوە، ئەگەریشی هەیە حکومەتی عێراق خۆی بەشێک  بێت لەو سیناریۆیانە کە دەیانەوێت پلانێکی داڕێژن بۆ ئەوەی یەدەگی خۆی بەرز بکەنەوە (ئەوە ئەگەرە)، یەدەگی خۆی خۆی بەرزبکاتەوە بۆئەوەی داهاتی زیاتر بێت، پاشەکەوتی زیاتر بێت، وەکو ئەوەی لە رابردوودا بینیمان پاشەکەوتی کەم بوو، یەدەگی کەم بوو".

سه‌باره‌ت به‌ پێشبینییه‌كان هۆشمه‌ند ره‌فیق گوتى، "ئێمە باس لەوە ناکەین، پێشبینییەکانمان چۆن دەبێت، چونکە پێشبینییەکان، لە راستیدا وەکو فاڵگرتنەوەیە، لە ئابووریی عێراقدا، ئەگەر سەیریشی بکەین، زۆربەی ئابووریناسانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی زانکۆ، لێدوانیان کەمە لەبارەی هەڵبەزو دابەزینی پێشبینییەکانی بەهای دۆلار، بەڵام لێکەوتە ئابوورییەکان بێگومان لەسەر ژیانی خەڵک ئێجگار کاریگەری دەبێت و شوێنەواری خراپ دادەنێت، چونکە وا دەکات نرخ بەرز بێتەوە کە نرخیش بەرزبووەوە، نرخی کەلوپەل و کەرەستەکان بەرز دەبێتەوە، بازرگانان و فرۆشیاران، بە ئاسانی ئەم نرخە لە داهاتوودا دانابەزێنن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین