نۆ منداڵ و مامۆستایه‌كى زانكۆ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌یانه‌وێ بچنه‌ ئیسرائیل کوردستانی

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، نۆ منداڵى كورد و مامۆستایه‌كى زانكۆ له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێ بچنه‌ ئیسرائیل بۆ وه‌رگرتنى چاره‌سه‌ریى، به‌ڵام له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئیسرائیله‌وه‌ رێگه‌یان پێنادرێت.

رۆژنامه‌ى تایمز ئۆف ئیسرائیل له‌ راپۆرتێكدا باس له‌ هه‌وڵى كه‌سوكارى نۆ منداڵى كورد ده‌كات، كه‌ ده‌یانه‌وێ منداڵه‌كانیان ببنه‌ ته‌لئه‌بیب به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى ئیسرائیله‌وه‌ رێگه‌یان پێنادرێت.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌م 23ى ئادار، هه‌مان هه‌واڵى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ى رۆژنامه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ هاتووه‌، ئه‌و نۆ منداڵه‌ نه‌خۆشى دڵیان هه‌یه‌ و ده‌یانه‌وێ له‌ ئیسرائیل چاره‌سه‌ر بكرێن، ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ منداڵه‌كان ساوایه‌ و كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ى له‌ هه‌ناسه‌دان هه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ مامۆستاكه‌ى زانكۆیش، كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌وڵى چوونه‌ ئیسرائیل ده‌دات، له‌ راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ ئه‌م مامۆستایه‌ شێرپه‌نجه‌ى جگه‌رى هه‌یه‌ و دكتۆره‌كان پێیانگوتووه‌ چاره‌سه‌رییت ته‌نیا له‌ ئیسرائیل هه‌یه‌.

له‌ راپۆرتى تایمز ئۆف ئیسرائیل باس له‌وه‌ ده‌كرێت هه‌رچه‌نده‌ عێراق دان به‌ ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل نانێ، به‌ڵام كورده‌كان پاڵپشتى له‌ بوونى په‌یوه‌ندییه‌كى دۆستانه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌كه‌ن.

وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌ رێكخراوێكى مه‌سیحى كه‌ كارى گواستنه‌وه‌ى منداڵانى نه‌خۆش بۆ ناو ئیسرائیل ده‌كات، ئێستا له‌ هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌و نه‌خۆشانه‌یه‌. دووپاتیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌ رێگرییه‌كان به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌ رێكارییه‌كانى په‌تاى كۆرۆناوه‌ هه‌یه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین