داوا له‌ سوودانى ده‌كرێت پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى سزا بدات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

سه‌رچاوه‌یه‌ك ئاشكراى كردووه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، هیچ پلانێكى بۆ لادانى مسته‌فا غالب مخیف پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى له‌ پۆسته‌كه‌ى نییه‌، به‌ڵام لایه‌نه‌كان فشارى ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تا به‌ بیانووى به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار بڕیارى دوورخستنه‌وه‌ى بدات.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29/ كانوونى یه‌كه‌م/ 2022 سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ حكومه‌تى عێراق، بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ باس له‌ لادانى مسته‌فا غالب له‌ پۆستى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق ده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێ، "تا ئێستا بڕیارێكى فه‌رمى نییه‌، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌یش راست نیین".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رچاوه‌كه‌ نكۆڵى له‌وه‌ ناكات كه‌ داواكارى له‌م جۆره‌ هه‌یه‌ و ده‌ڵێ، "فشار له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نى سیاسییه‌وه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران، له‌پێناو ده‌ركردنى بڕیارى لادانى مسته‌فا غالب له‌ پۆستى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى، به‌ڵام سوودانى هێشتا دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌م به‌رپرسه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌".

له‌م هه‌فته‌یه‌ به‌هاى دۆلار له‌به‌رانبه‌ر دینار به‌رزترین ئاستى تۆمار كرد و نرخى هه‌ر 100 دۆلارێك گه‌یشته‌ 160 هه‌زار دینار، ئه‌مه‌یش زۆر له‌سه‌رووى ئه‌و نرخه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن بانكى ناوه‌ندییه‌وه‌ دیارى كراوه‌ كه‌ 147 هه‌زار دینار له‌ به‌رانبه‌ر 100 دۆلاره‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین