هەڵوێستى توركيا بەرانبەر خۆپيشاندانەكانى ئێران
وەرگێرانى: ئيسماعيل تەها
لەدواى كوشتنى ژينا ئەمينى تەمەن (22) ساڵ لەلايەن پۆليسى رەوشتى ئێران، خۆپيشاندانى فراوان سەرجەم ناوچەكانى ئێرانى گرتەوە، ئەو خۆپيشاندانە فراوانە بووە هۆى ئەوەى لەسەر ئاستى جيهان پێشوازى فراوانى لێبكرێت، توركيا بەهۆى ئەوەى مێژووێكى درێژى لە دژايەتى سەرپۆش بەپاساوى عەلمانيەت هەيە، ئافرەتانى توركيا بە هەموو ئاڕاستەكان پێشوازييان لەو نارەزاييانە كرد.
زۆربەى گەلى توركيا پێشوازى لە خۆپيشاندان و ناڕەزاييەكان كرد، ئەوەش هۆكارى جۆراوجۆرى هەيە، ئەو ئافرەتە توركيانەى بەخواستى خۆيان سەرپۆش لەسەر دەكەن پێيانوايە سەرپۆش بژاردەيەكى كەسييە، رەخنە لە پۆليسى ئێرانى دەگرن، كە بەهێز ئەو بژاردە كەسييە دەسەپێنێت، لە لايەكى تريشەوە عەلمانييەكانى توركيا كە لە بنەڕتەوە دژى سەرپۆشن، بۆيە بەبێ هيچ تەحەفوزێك پاڵپشتى لە خۆپيشاندەران دەكەن.
هەرچەندە هەڵوێستى گەلى توركيا بۆ پاڵپشتى خۆپيشاندانەكان روونە، بەڵام حكومەتى توركيا تا ئاستێكى زۆر بەبێ دەنگى ماوەتەوە، هەوڵدەدات پارێزگارى لە پەيوەندييەكانى هەردوو وڵات بكات.
مێژووێكى ئاڵۆز لەگەڵ سەرپۆش
كاتێك كۆمەڵگە ئێسلامييەكان لەناوخۆى خێزان رووبەڕووى فشارى سەرپۆشكردن دەبنەوە، كۆمەڵگەى توركى لەو فشارە بێبەش نييە، سەپاندنى ياساى سەرپۆش لە لايەن دەوڵەتەوە لە توركيا پێشوازيلێكراو نييە، كە تێيدا ياسا ئازادييە كەسييەكانى دەستەبەركردووە، هەروەك دەستوەردانى ژيانى تايبەتى لەڕووى كلتوورييەوە كارێكى دڵخۆشكەر نييە.
يەكێك لە هۆكارەكانى ناسوودەيى سەپاندنى سەرپۆش ئەو مێژووييەتى لەگەڵ عەلمانييەت، كە نزيكەى سەدەيەكە لە توركيا هەيە، لەدواى راگەياندنى دەوڵەتى توركياى مۆدێرن لە (1923) حكومەتى توركيا لەسەردەمى كەمال ئەتاتورك هەڵمەتێكى دژ بە دياردە ئايينييەكان دەستپێكرد، ئەوەش بە پاساوى ئەوەى ئەو دياردانە دژ بە مۆدێرنەن.
لە ساڵى (1935) ئافرەتان لە توركيا مافى دەنگدانيان پێدرا، بەڵام رێگە نەدەدرا ئافرەتانى سەرپۆش بەسەر خۆيان بۆ پۆستە گشتييەكان كانديد بكەن، جگە لەوەش رێگەيان پێنەدرا بچنە قوتابخانە و دامەزراوە گشتييەكانى تر.
لە هەندێك حاڵەت رێگەيان نەدەدراوە بچنە ناو باڵەخانەكانى دەوڵەتيش، ئەوەش بە پاساوى ئەوە بوو ئەو جلانە لەگەڵ سياسەتى وڵاتێكى عەلمانى گونجاو نييە.
لەكۆتاييى نەوەدەكان دوژمنايەتى ئافرەتى سەرپۆش بەسەر گەيشتە لووتكە، زۆربەى سياسى و بەرپرسانى توركيا ئافرەتانى سەرپۆشبەسەريان وەك شەيتان وێنا دەكرد، هەرچەندە حكومەتى رەجەب تەيب ئەردۆغان لە (2011) كۆتايى بە قەدەغەكردنى سەرپۆش هێنا، بەڵام ململانێ لەسەر سەرپۆش تائێستاش لە كۆمەڵگەى توركى بەردەوامە.
نكۆڵى لەوە ناكرێت عەلمانييەكانى توركيا بە ئاشكرا هەوڵى جياكارى نێوان ئافرەتانى سەرپۆشبەسەريان دەدا، كەچى عەلمانييە توندڕەوەكان جەخت لەسەر كاريگەرى خوێندن لەسەر گەشەكردن و پێشكەوتنى توركيا دەكەنەوە، بەڵام خۆيان هەوڵيان دەدا رێگە لە ئافرەتانى سەپۆشبەسەر بگرن بۆ ئەوەى زانكۆ تەواو بكەن، ئەوەش ئەو دواكەوتووييەى بەهێز دەكرد كە خۆيان پێيانوابوو بەرەنگارى دەبنەوە.
لە ديدى توركە ديندارەكان ئەو كەسانەى بانگەشەى ياساى جياكارى دەكەن، رێزى مافەكانى ئافرەت ناگرن، بەڵكو پێشێليشى دەكەن، بۆيە بوونى ئەو ياسايانە دەستوەردانە لە بژاردە كەسييەكانى ئافرەت، بۆيەش ياساى سەپاندنى سەپۆش لە ئێران لەسەر ئاستێكى فراوان لە توركيا پێشوازيلێكراو نييە.
تا ئێستا هيچ ياساييەكى دەستوورى نييە مافەكانى پۆشينى سەرپۆش لە توركيا دەستەبەر بكات، بۆيە ئافرەتانى سەرپۆشبەسەر لە توركيا لە هاوپەيمانى ئۆپۆزسيۆنى عەلمانى دەترسن ئەگەر بگەنەوە دەسەڵات سەرپۆش قەغەدە بكەنەوە.
زۆربەى ئافرەتانى پابەند بە سەرپۆش جياوازى لەنێوان ئەو رێكارانەى ئەتاتورك و پياوانى دەوڵەتى عەلمانى دژ بە سەرپۆش گرتيانەبەر و لەگەڵ ئەو رێكارانەى دەسەڵاتى ئێستاى كۆمارى ئيسلامى ئێران ناكەن، چونكە هەردوو دەسەڵات لەبرى ئافرەتانێك بڕياريان داوە كە دەكرێت سەرپۆش بپۆشن، ياخود نەيپۆشن، بەلاى ئافرەتانى تورك هەردوو لا ئازادى ئافرەتيان پێشێلكردووە.
پراگماتيزمى توند
بە پاساوى پارێزگارى لە پەيوەندييەكانى توركيا و ئێران، ئەنقەرە سياسەتى دەستوەرنەدان لە كاروبارى ناوخۆى ئێران پەيڕەو دەكات، بەڵام ئەوەى روونە زۆربەى بەرپرسانى توركيا بەرانبەر بەكارهێنانى هێز بۆ دامركاندنەوەى ناڕەزاييەكانى ئێران ئاسوودە نين، بەتايبەت دەستوەردانە خوێناوييەكانى پۆليس، كە تا ئێستا (450) كوژراوى لێكەوتۆتەوە، كەچى حكومەتى توركيا رەتى دەداتەوە دەستوەرداتە كاروبارى ناوخۆى ئێران، ئەوەش هەمان كارە لەميانەى جووڵانەوە جەماوەرييەكانى پێشوو لە ئێران، ئەگەرى ئەوەش لە ئارادا نييە لەو نزيكانە ئەو سياسەتە بگۆڕێت.
واپێدەچێت ئەنقەرە چاوەڕوانى ئەوەى نەكردبێت، خۆپيشاندانەكانى ئێران بگاتە ئەو ئاستەى ئێستا، هەروەك چاوەڕوانيشى نەدەكرد ئەو خۆپيشاندانانە بگاتە گۆڕانكارى ريشەيى لە سياسەتى ناوەخۆيى يا دەرەكى، هەرچەندە ناكۆكى دووبارە لەنێوانيان هەيە بەڵام ئاشكرايە ئاڵۆزييەكانى ئێران، ياخود دروستبوونى جەنگ لە بەرژەوەندى توركيا نييە.
ئەگەر ئێران بگۆڕێت بۆ وڵاتێكى شكستخواردوو ئەوا هەزاران ئێرانى بەرەو توركيا رادەكەن، ئێرانيش ناتوانێت رێگە لە پەڕينەوەى پەنابەران لە رێگەى وڵاتەكەيەوە بۆ توركيا بگرێت.
لەبەرانبەردا سەرقاڵبوونى تاران بە ئاڵۆزييە ناوخۆييەكانى خۆى دەچێتە بەرژەوەندى توركيا، چونكە ئێران ناتوانێت وەك جاران دەستوەرداتە وڵاتانى سووريا و عێراق و بەمدواييشە ئازەربيجان.
توركيا لە هەبوونى ئێران لە سووريا و عێراق راهاتبوو، بەڵام زيادبوونى هەڕەشەكانى تاران بەرانبەر ئازەبيجان ئەنقەرەى نيگەران كردبوو، چونكە وڵاتێكە زۆربەى توركەكان بە براى خۆيانى دادەنێنن، جگە لەو پاڵپشتييە مێژووييەى ئەنقەرە دژ بە ئەرمينيا پێشكەشى كردن.
سەرەڕاى ئەوەى تاران لەم دواييە ئاماژەى بەوە كرد پۆليسى رەوشتى راگرتووە، بەڵام تا ئێستا زۆربەى شارەزايان پێيانوايە ئێران سازش لەوە ناكات، بەرپرسانى توركياش بەچاوى گومانەوە سەيرى ناڕەزاييەكان دەكەن.
تا ئێستاش ئەگەر هەيە ناڕەزاييەكان زيانى گەورە لە دەسەڵاتى ئێران بدەن، مێژووى ئێران دەريخستووە مامەڵەى ستەمكارانە زۆركەم سەركەوتوو بووە، بەڵام واديارە سەكردايەتى ئێران پەندى لەم وانەيە وەرنەگرتووە.
سەرچاوە: الخليج الجديد
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment