سه‌رۆك حكومه‌ته‌كانى پێشووى عێراق ده‌ستبه‌ردارى ئیمتیازه‌كانیان نابن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

راپۆرتێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى ده‌كات سه‌رۆكه‌كانى پێشووى عێراق تا ئێستا ده‌ستبه‌ردارى ئیمتیازه‌كانیان نه‌بوون، پاسه‌وان و كۆشك و ته‌لاره‌كانی حكومه‌تیان ماوه‌، هیچ لێپرسینه‌وه‌شیان له‌گه‌ڵ ناكرێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پێنجى كانوونى یه‌كه‌م/2022 رۆژنامه‌ى عاله‌م جه‌دیدى عێراق له‌ راپۆرتێكدا ئاشكراى كردووه‌، تا ئێستا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئیمتیازه‌كانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ حكومه‌تى عێراق و هێشتا له‌ كۆشك و ته‌لاره‌كانى حكومه‌ت ده‌ژین و پاسه‌وانه‌كانیان نه‌داوه‌ته‌وه‌ حكومه‌ت.

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات وێراى ئه‌وه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بڕیارى وه‌رگرتنه‌وه‌ى پاسه‌وانه‌كانى داوه‌، كه‌چى تا ئێستا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ نوورى مالیكى و حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر و مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو، پاسه‌وانه‌كانیان ماوه‌. به‌ شێوه‌یه‌ك عه‌بادى و كازمى هه‌ر یه‌كه‌یان  100 پاسه‌وانى هه‌یه‌، كه‌چى نوورى مالیكى هه‌زار پاسه‌وانى هه‌یه‌، مووچه‌ى هه‌موو ئه‌و پاسه‌وانانه‌یش له‌ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌درێت.

جیا له‌ پاسه‌وانه‌كان، ئه‌وان كۆشك و ته‌لاره‌كانى حكومه‌ت به‌كارده‌هێنن. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر یه‌ك دۆسیه‌ لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌. راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ته‌نیا ئیبراهیم جه‌عفه‌رى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر نه‌بێت، كه‌ گوایه‌ له‌ له‌نده‌ن ژیانێكى ئاسایى ده‌ژیت.

راپۆرته‌كه‌ پێیوایه‌ ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆ به‌رده‌وامبوونى گه‌نده‌ڵى و ده‌شڵێ، رێككه‌وتنى سیاسى هه‌یه‌ كه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كان نه‌كرێت دواى ئه‌وه‌ى پۆسته‌كانیان جێده‌هێڵن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین