سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت:

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى كۆبووه‌وه‌ جەخت لە "خێراكردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌" دەکاتەوە.

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (26/تشرینى دووەم/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى به‌ سه‌رۆكایه‌تیى كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانى كۆنگرێس و دیپلۆماتكاران پێكهاتبوو.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گۆڕینه‌وه‌ى زیاترى شاندى نێوانیان، دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئه‌منیى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان، مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و شه‌ڕى دژى داعش، تاوتوێ كران."

هاوکات لەگەڵ ئەوەى هەردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى هاریكاریى نێوان لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و پشتگیریكردنى حكوومه‌تى نوێى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كارنامه‌كه‌ى و پاراستنى سه‌قامگیرى و ئارامیى سنووره‌كان و سه‌روه‌ریى عێراق كرده‌وه‌. هەروەها "هاوڕا بوون كه‌ ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه‌ هاریكارى بكه‌ن."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە، "شاندى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ریكى وێڕاى پێزانین و ستایش بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پابه‌ندیى ئه‌مه‌ریكایان بۆ به‌رده‌وامیى هاوبه‌شیى ستراتیژى و پشتگیرى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعش ده‌ربڕى."

لە کۆبوونەوەکەدا، لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا و هه‌روه‌ها بۆ پشتگیرى و هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌."

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ خاتوو ئالینا ڕۆنامۆوسكى باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوو، "پێویستیى خێراكردنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین