ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق دوایین بڕیار له‌ سه‌ر بودجه‌ ده‌دات کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنێكى تایبه‌ت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2021 ئه‌نجام ده‌دات، په‌رله‌مانتاران دووپاتى ده‌كه‌نه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینى 19ى ئادارى 2021 په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنێكى تایبه‌ت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر بودجه‌ ئه‌نجام بدات.

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌ میدیاكانى عێراق له‌سه‌ر زارى په‌رله‌مانتاران بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ كاتژمێر یه‌كى نیوه‌ڕۆ ده‌بێت و به‌ڵام به‌ر له‌م دانیشتنه‌، كۆبوونه‌وه‌یه‌كى "یه‌كلاكه‌ره‌وه‌" له‌ لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆئه‌وه‌ى دوایین بڕیار له‌سه‌ر پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق بدات.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى راگه‌یاندووه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌ى به‌ر له‌ دانیشتنى په‌رله‌مانى ده‌كرێت هه‌وڵى رێككه‌وتنی كۆتایى له‌سه‌ر پشكى هه‌رێمى كوردستان ده‌درێت و  ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنیش و كوردیش دانیشتنه‌كه‌ بایكۆت بكات ئه‌وا هه‌ر ده‌نگ به‌ بودجه‌كه‌ ده‌درێت.

د. به‌شیر حه‌داد جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى په‌رله‌مانى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ گه‌شبینه‌ به‌وه‌ى ئه‌مڕۆ رێككه‌وتنى كۆتایى بكرێت و ده‌شڵێ، "هه‌رێمى كوردستان ناڕه‌زایى نییه‌ له‌وه‌ى له‌برى ده‌قى ماده‌ى 11ى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ تاوتوێى هه‌ر پێشنیارێكى تر بكرێت".

دوێنێ په‌رله‌مانتاران و به‌رپرسى حكومه‌تى عێراق دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كورد و زۆرینه‌ى په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌و ده‌قه‌ى حكومه‌تى عێراق ناردوویه‌تى بۆ په‌رله‌مان هه‌ر ئه‌وه‌ په‌سند بكرێت. ده‌قه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رۆژانه‌ بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ى داهاتى نانه‌وتى راده‌ستى به‌غدا بكات و له‌به‌رانبه‌ردا پشكى هه‌رێمى كوردستان  به‌ رێژه‌ى  12.67% له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق بدرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین