گومان ده‌كرێت ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق بتوانێ ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ بدات کوردستان- عێراق

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى دانیشتنى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ى ته‌رخان كردووه‌ بۆ ده‌نگدان به‌ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2021، كه‌چى زۆربه‌ى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان گومان له‌وه‌ ده‌كه‌ن په‌رله‌مان بتوانێ ئه‌مڕۆ پڕۆژه‌ یاساكه‌ په‌سند بكات.

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق دانیشتنى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ى ئادارى ته‌رخان كردووه‌، بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2021 . كارنامه‌ى دانیشتنه‌كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى په‌رله‌مان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، یه‌ك بڕگه‌ى تێدا هاتووه‌ ئه‌ویش ده‌نگدانه‌ به‌ بودجه‌ى گشتى و ته‌نیا 15 خووله‌كیش بۆ تاوتوێى گشتى دانراوه‌.

وه‌ك كارنامه‌كه‌ روونى كردووه‌ته‌وه‌، دانیشتنه‌كه‌ له‌ كاتژمێر سێى دواى نیوه‌ڕۆ ده‌ستپێده‌كات.

زیاتر له‌ سێ ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق بۆ میدیاكان لێدوانیان داوه‌ و گومان ده‌كه‌ن په‌رله‌مان بتوانێ ئه‌مڕۆ ده‌نگ به‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌ بدات.

محه‌مه‌د شه‌به‌كى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى باسى له‌وه‌ كردووه‌، دوو "گرێ" له‌به‌رده‌م تێپه‌ڕاندنى یاساكه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وانیش هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باس له‌و دوو كێشه‌یه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ پشكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌ویتریشیان په‌یوه‌ندى به‌ نرخى دینارى عێراقییه‌وه‌ به‌رانبه‌ر دۆلار هه‌یه‌.

جیا له‌م ئه‌ندامه‌، شێروان میرزا ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى رووداو  ده‌ڵێ، "پێشبینى ده‌كه‌م  ئەمڕۆ بەهۆی ئەو کەموکوڕیانەی لەنێو پرۆژەیاساکەدا هەن دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە نەدرێت".

شێروان میرزا باس له‌ گرنگى ئه‌و شانده‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات كه‌ له‌ به‌غدایه‌، بۆ دوایین گفتوگۆ له‌سه‌ر پشكى هه‌رێمى كوردستان.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د شه‌به‌كى و شێروان میرزا له‌ پێشبینییه‌كانیان باسى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن  ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆیش ده‌نگ له‌سه‌ر بودجه‌ نه‌درێت ئه‌وا له‌ دوو رۆژى داهاتوو ئه‌م كاره‌ ئه‌نجام ده‌درێت.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، له‌ لێدوانێكیدا كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باسى له‌وه‌ كردووه‌ كێشه‌ى سه‌ره‌كى بودجه‌ى گشتى عێراق  پشكى هه‌رێمى كوردستان نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندى به‌ ململانێى دوو ویستى سیاسى دژ به‌ یه‌كتر هه‌یه‌ و یه‌كێكیان ده‌یه‌وێ بودجه‌ تێپه‌ڕێت و ئه‌ویتر دژى ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

 


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین