ته‌نگژه‌ى شنگال تواناى سوودانى تاقیده‌كاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید پێیوایه‌ ته‌نگژه‌ى شنگال له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى، تواناى محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى دۆسیه‌ ئاڵۆزه‌كان ده‌رده‌خات و به‌رپرسێكى پارتیش ده‌ڵێ، "بۆ چاره‌سه‌رى دۆسیه‌ى شنگال رێككه‌وتنى سیاسى كراوه‌".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید دوێنێ شه‌ممه‌ 12/تشرینى دووه‌م/ 2022 له‌ راپۆرتێكدا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، دۆسیه‌ى شنگال یه‌كێكه‌ له‌و دۆسیانه‌ى كه‌ ده‌كرێت تواناى سوودانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان پێ تاقی بكرێته‌وه‌، هه‌ر چه‌نده‌ تا ئێستا هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌لایه‌ن سوودانى به‌دینه‌كراوه‌، كه‌ له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2020 له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى واژۆ كراوه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوو به‌ هۆى نه‌بوونى پاڵپشتى سیاسى و نه‌یارێتى ئه‌و هێزانه‌ى له‌ شنگالن، نه‌یتوانى رێككه‌وتنه‌كه‌ واژۆ بكات. به‌ڵام ئه‌و هێزانه‌ى ئێستا له‌ شنگالن میلیشیاى ئه‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ن كه‌ ئێستا پاڵپشتى له‌ سوودانى ده‌كه‌ن.

ئیخلاس دلێمى په‌رله‌مانتارى پارتى له‌ لێدوانێكى بۆ عه‌ره‌بى جه‌دید باسى له‌وه‌ كردووه‌، "ئه‌م جاره‌ ده‌بێت دۆسیه‌ى شنگال یه‌كلایى بكرێته‌وه‌، چونكه‌ له‌نێوان سه‌رۆك وه‌زیران و پارتى و لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كراوه‌".

دلێمى ده‌شڵێ، "هیچ بژارده‌یه‌ك له‌به‌رده‌م سوودانى نییه‌ ته‌نیا به‌ چاره‌سه‌ركردنى دۆسیه‌ى شنگال نه‌بێت، ئه‌مه‌یش به‌ پێكهێنانى ئیداره‌یه‌كى خۆجێى ده‌بێت له‌گه‌ڵ پێكهێنانى دوو لیوا له‌ رۆڵه‌كانى شنگال  تا دۆسیه‌ى ئه‌منییان راده‌ست بكرێت".

له‌ مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2020 رێككه‌وتنى شنگال كرا، بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ شاره‌كه‌ ده‌ربكرێن و زۆربه‌ى ئاواره‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان، كه‌چى تا ئێستا ئه‌م رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین