حكومه‌تى عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌ختدایه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، به‌ هۆى كوشتنى مامۆستایه‌كى ئه‌مریكى له‌ عێراق، حكومه‌تى نوێى عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى له‌ژێر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى سه‌ختدایه‌. ئاشكرایشى ده‌كات لایه‌نه‌كانى شیعه‌ پاڵپشتى خۆیان بۆ سوودانى سنووردار كردووه‌، دواى ئه‌وه‌ى زانیویانه‌ ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتى سوودانى ده‌كات.

رۆژى دووشه‌ممه‌ى رابردوو ستیفن ترۆل كه‌ مامۆستایه‌كى ئه‌مریكى بوو له‌ به‌غدا له‌ بارودۆخێكى گوماناوى كوژرا، هه‌ر چه‌نده‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى به‌ڵێنى داوه‌، به‌ زووترین كات تۆمه‌تباران بدۆزێته‌وه‌، به‌َم ئه‌وه‌ چوار رۆژ به‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌ تێپه‌ڕیوه‌، كه‌چى تا ئێستا بێده‌نگى له‌ رووداوه‌كه‌ كراوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12/ تشرینى دووه‌م/ 2022  رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا پێیوایه‌ ئه‌و بێده‌نگییه‌ى له‌ دۆسیه‌ى كوشتنى مامۆستا ئه‌مریكیه‌كه‌ هه‌یه‌، بێده‌نگییه‌كى سیاسییه‌. كه‌چى سه‌رچاوه‌ نزیكه‌كان له‌ سوودانى باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سوودانى په‌یامى به‌ به‌رپرسان داوه‌ كه‌ به‌ زووترین كات بكوژان راده‌ستى یاسا بكه‌ن و ئه‌مه‌یش "هۆكار ده‌بێت له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌كان".

رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ كاتى كوشتنى ستیفن ترۆل گوماناوییه‌ و ئه‌مه‌یش وه‌ك تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ حكومه‌تى سوودانى. جگه‌ له‌مه‌یش باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ ئێستا لایه‌نه‌ شیعه‌كان سنووریان بۆ پاڵپشتیكردنى سوودانى داناوه‌، چونكه‌ ده‌زانن حكومه‌ته‌كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ په‌سه‌نده‌.

 له‌ 27ى مانگى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى به‌ سوودانى دا، كه‌ تاكه‌ نوێنه‌رى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بوو. ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌یش زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى شیعه‌ى تێدایه‌ جگه‌ له‌ ره‌وتى سه‌در. زۆربه‌ى لایه‌نه‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى خۆیان وه‌ك دژى ئه‌مریكا نیشان ده‌ده‌ن و لایه‌نگرى ئێران ده‌كه‌ن.
 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین