شاندێكى هه‌رێم بۆ پشكى بودجه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا ئاشكراى كرد، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غدا، بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ گشتى ساڵى 2023 دیارى بكات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12/ تشرینى دووه‌م/ 2022 فارس عیسا له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى ئاشكراى كرد، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ شاندێكى هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئاوات شێخ جه‌ناب سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات ده‌چێته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى تاوتوێى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق بكات كه‌ ئێستا وه‌زاره‌تى دارایى عێراق سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنیه‌تى.

فارس عیسا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، به‌گوێره‌ى داتاكانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق بێت، ده‌بێت پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق 13.9% بێت.

عێراق نه‌یتوانى له‌ 2022 بودجه‌ى گشتى ئاماده‌ بكات، به‌ڵام ئێستا حكومه‌تى نوێ ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ سه‌رى ساڵى نوێ بودجه‌ى گشتى 2023 ئاماده‌ بكات. سه‌ره‌تا بودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تى دارایى ئاماده‌ده‌كرێت و دواتر ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئابوورى حكومه‌ت ده‌درێت و له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر ده‌درێت، ئینجا ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌كرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین