هاوپه‌یمانى فه‌تح هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌م وه‌رزه‌ى یاسادانان بۆ ماوه‌ى مانگێك درێژ ده‌كاته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى فه‌تحیش ره‌خنه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌گرێت و به‌وه‌ تۆمه‌تبارى ده‌كات گوایه‌ پڕۆژه‌ یاسا گرنگه‌كان ناخاته‌ به‌رنامه‌ى كراوه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ هه‌شتى تشرینى دووه‌م/ 2022 سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بڕیارى دا ماوه‌ى یاسادانانى ئه‌م وه‌رزه‌ بۆ مانگێك درێژ بكاته‌وه‌، ئه‌مه‌یش به‌گوێره‌ى ماده‌ى 58ى ده‌ستوورى عێراق، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ركه‌كانى ئه‌م وه‌رزه‌ ته‌واو بكات.

له‌ هه‌مان كاتدا موعین كازمى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى فه‌تح كه‌ هادى عامرى سه‌رۆكایه‌تى ده‌كات، ره‌خنه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌گرێت و پێیوایه‌ ئه‌و سه‌رۆكایه‌تیه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى "هه‌ڕه‌مه‌كى" پڕۆژه‌ یاساكان ده‌خاته‌ به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارانیشى لێ ئاگادار ناكاته‌وه‌.

كازمى ده‌ڵێ، "كارنامه‌ى دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان ته‌واو نیین، چونكه‌ یاساى گرنگ له‌خۆناگرن، جیا له‌وه‌یش سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كارنامه‌ به‌ په‌رله‌مانتاران نادات، ته‌نیا چه‌ند كاتژمێرێك پێش دانیشتنه‌كه‌ نه‌بێت".

خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى عێراق له‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى تشرینى یه‌كه‌مى 2021 هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌و گرژییه‌ سیاسى و ئه‌منیانه‌ى له‌ به‌غدا له‌نێوان لایه‌نه‌كانى شیعه‌ دروست بوون، ماوه‌یه‌كى زۆر كاره‌كانى په‌رله‌مان وه‌ستابوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین