ستەمی ئایینی و پرسی حیجاب لە ئێران و ئەفغانستان

نوچەنێت: یۆرۆنیوز

کۆمەڵناسانی ئێران و ئەفغانستان، باس لەوە دەکەن کە هەردوو حکومەتی ئێران و ئەفغانستان، لەسەر بنەمای ستەمی ئایینی کێشەیەکی هاوبەشی ئەم دوو کۆمەڵگەیە، بەتایبەتیش ژنانی ئەو دوو وڵاتە، دەتوانین ئەم خاڵە هاوبەشە لە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ کوژرانی ژینا ئەمینی لە ئێران و کوشتنی خوێندکارە کچەکانی پەیمانگای پەروەردەیی کاج لە کابول ببینرێت.

 زیاتر لە مانگێک بەسەر ناڕەزایەتییەکانی کوژرانی ژینا ئەمینی، لە بنکەی پۆلیسی رەوشت لە تاران و ناڕەزایەتییەکانی کوشتنی کچانی کاج لە کابول تێدەپەڕێت و ناڕەزایەتییەکان لە شەقام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەفغانستان و ئێران لە پەرەسەندندان.

هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتیانە لە شارە سەرەکییەکانی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە سەرکوت کران، بەڵام لە ئێران بەردەوامن. لە ئەفغانستان سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ بوو، کە ژمارەیەک ژنی ناڕازی لە کابول وەک هێمایەک بۆ حیجابی ئیجباری تاڵیبان نیقابیان سوتاند.

مەهدی جامی، نوسەر و ڕۆژنامەنوسی ئێرانی لە گفتوگۆیەک لەگەڵ یۆرۆنیوز سەبارەت بە کاریگەریی کۆمەڵگای ئەفغانستان لەسەر ئێران دەڵێت: ئەفغانستان ساڵانێکی زۆرە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ کولتوری گشتی ئێراندا هەبووە. هەم بەهۆی زمانی هاوبەشەوە، هەم بەهۆی هاتنە ناوەوەی کتێب و گۆڤاری فارسی چاپکراو لە ئێران بۆ ناو ئەفغانستان، هەم بەهۆی ئەوەی جۆری حکومەتی ئێران هاوشێوەی حکومەتی تاڵیبانە. لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆر لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی ئەفغانستان لە ئێران ژیاون و بەم شێوەیەش ئاشنای کلتوری گشتی ئێرانن.

 بێگومان لە گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان یارمەتییان لە بیرۆکەی ڕزگارکەری ئەو ژن و پیاوانە وەرگرتووە، کە بە یەک زمان قسە دەکەن. ئەم لێکچونە تەنانەت لە شێوازی جل و بەرگی ژنانیشدا دەبینرێت "زۆرێک لە کچە خوێندەوارەکانی ئەفغانی بە هەمان شێوەی کچانی ئێرانی جل و بەرگ دەپۆشن، هەرچەندە چاویان لەسەر کولتوری ڕەسەنی خۆیانە".

هاوپشتی دژی ڕژێمی تاڵیبان

توێژەرانی کۆمەڵایەتی دەڵێن: هەردوو کۆمەڵگەی ئێران و ئەفغانستان لە هەندێک کات و سەردەمی مێژوییدا کاریگەری گرنگیان لەسەر یەکتر هەبووە، لەوانەش لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا کە ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتی لە ئێراندا گرتە دەست.

لە ئەفغانستان جیهادی ئیسلامی دروست دەکرا و بڕیار بوو لە دوای کودەتای کۆمۆنیستەکان و سەرکەوتن و شەڕ لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، دەسەڵات بگرێتە دەست. ئێستا دوای چوار دەیە لە دەسەڵاتی تیۆکراتیک لە ئێران و دامەزراندنەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەدەبیاتێکی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسلامی سیاسی لە ئەفغانستان و ئێران پێکهاتووە، کە هەندێک جار لە دروشمی جەماوەریدا خۆی پیشان دەدات "لە کابولەوە تاکو تاران، مردن بۆ تاڵیبان" یەکێک لەو دروشمە باوانەیە کە لەم ڕۆژانەدا لە هەندێک وڵاتی جیهان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی و کچانی کاج دەگوترێتەوە.

مریەم شاهی، ڕۆژنامەنوسێکی خەڵکی ئەفغانستانە، باس لەوە دەکات کە ئەمڕۆ خەڵکی ئەفغانستان و ئێران گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بەو ئیسلامییە سیاسییەی کە وڵاتەکانیان بەڕێوەدەبات، کە زۆر جیاواز بوو لە تێگەیشتنی هاوبەشیان لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێران. 

ئەوان گەیشتوونەتە هۆشیارییەکی دەستەجەمعی کە سیستەمەکانیان لەسەر سەپاندنی شوناسێکە، کە ئیسلامی سیاسی دروستیکردووە. سیستەمێک کە لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسی بنیات نراوە، ئەو ئازادیانەی کە باوک و دایکیان سەردەمانێک وەک مافێکی خۆبەخۆ هەیانبوو لە چەمک و بەهاکانی شارستانیەتی کۆنی ئێراندا (لە قۆناغی پێش بەدەسەڵات گەیشتنی ئیسلامی سیاسی)دا، سنوردار و قەدەغە دەکات. لە هەمان کاتدا ژنان لە دەقی ئەو ناڕەزایەتیانەدا ئامادەن، چونکە ئەوان زۆرترین فشاریان لەسەرە، بەهۆی سنوردارکردن لەم سیستەمانەدا. ئازادی ژن هێڵی سوری ئەم سیستمانەیە.

مەهدی جامی دەڵێت: خەڵکی ئێران و ئەفغانستان حکومەتێکیان هەیە کە هیچ سنورێکیان نییە لە زۆرەملێ، ستەم، کوشتن و کۆمەڵکوژیدا بە ناوی ئایین و شەریعەتەوە بەها ئایینی و داب و نەریتیەکان لەناو دەبەن. ئەمڕۆ نەوەی نوێی ئێران، خۆی لە ژێر دەسەڵاتی ئایینی، بێ داهاتوو دەبینێت. بۆیە بڕیاری داوە ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە خیانەتکارە ببێتەوە. هەستێکی هاوبەش لە نێو خەڵکدا بە تایبەت ژنانی ئەفغانستان دەبینرێت.

هەروەها دەڵێت: ژنانی ئەفغانیش وەکو ژنانی ئێران داهاتوویان ناروونە، هەر بۆیە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و هەر پێشهاتێکی ئەرێنی لە ئێران بۆ ژنان، بێگومان کاریگەری لەسەر دۆخی ژنان لە ئەفغانستان دەبێت. بۆیە لە زۆرێک لە بازنەی چالاکانی ئێراندا، گرنگیدان بە پرسی ژنانی ئەفغانستان لە جاران زیاتر دەبینرێت.

حەمزە واعزی، نوسەر و لێکۆڵەری ئەفغانستانی، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان لەسەر ژنانی ئێران بە یۆرۆنیوزی گوت، لە ماوەی یەکساڵی رابردوو، ئەمە یەکەمجارە کە ژنانی ئەفغانستان لە بەرامبەر تاڵیبانی چەکداردا هاتنە سەر شەقامەکان و داوای مافەکانیان بکەن. تاڵیبان بە گروپێکی تیرۆریستی و دژە مرۆیی ناسراون. لە ماوەی ئەمساڵدا ژنان لەلایەن تاڵیبانەوە ئەشکەنجە دراون و کوژراون، بەڵام هێشتا ئیرادەی وەستانەوە لە دژی تاڵیبان هەیە.

ناسیۆنالیزمی ئێرانی و فرە نەتەوەیی ئەفغانستان

حەسەن ڕەزایی، کۆمەڵناس و وەرگێڕی ئەفغانستانی، بە یۆرۆنیوزی ڕاگەیاند: بزووتنەوەی دژە پاوانخوازی ئایینی لە ئێراندا جۆرێک لە رەنگی ناسیۆنالیستی هەیە، کە لە ئەفغانستان یان نییە یان زۆر لاوازە و ئەمە جیاوازی نێوان ئەو دوو بزووتنەوەیەیە " لە ئێران لەژێر کاریگەری ئەم جۆرە ناسیۆنالیزمە نەتەوایەتییە، ئەگەری هەیە خەڵک لە تاران و شارە گەورەکانی دیکە بۆ بەرگریکردن لە کچە کوردەکە ناڕەزایەتی دەرببڕن، لە کاتێکدا لە ئەفغانستان هاوسۆزی بۆ ئەو کچانەی کە لە خولی ڕاهێنانی پێش کنکور (تاقیکردنەوە بۆ چوونە زانکۆ)  گیانیان لەدەستداوە چاوەڕوان ناکرێت. کە خەڵک لە قەندەهار یان جەلالەباد ناڕەزایەتی دەرببڕن و کوشتنی کچانی قوتابخانە ئیدانە بکەن". دەشڵێت"مۆدێلی خەباتی دژ بە ستەمی مەزهەبی لە ئێران، بەم زوانە لە ئەفغانستان بە هۆی هەمان زمان و دراوسێیەتی و سروشتی هاوشێوەی خەباتی دژ بە ستەمی مەزهەبی خۆی نیشان دەدات و ئێستا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک نمونە وەرگرتن لە خەباتی خەڵکی ئێران دژ بە ستەمی ئایینی گفتوگۆ دەکەن". 

بەرای ئەم کۆمەڵناسە، مۆدێلی بەرەنگاربونەوەی ستەمکاری ئایینی یەک مۆدێلە و بەم زوانە بزووتنەوە مەدەنییەکانی ئەفغانستان ڕێگەی خۆیان بۆ خەباتێکی هاوشێوە دەکەنەوە و نیشانەکانیش لە ئێستاوە دەبینرێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین