ژنانی ئێران تەنگیان بەدەسەڵات هەڵچنیوە؟ دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

مێژووی بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی قاجار؛ مافی ژنان لە ئێران لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەگەڵ گونجاندنی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەها ڕۆژئاواییەکان گۆڕانکاری بەسەردا هات. لە ماوەی سەدەی بیستەمدا، بزووتنەوە عەلمانییەکان، لیبراڵەکان، ناسیۆنالیستەکان و چەپەکان بەگشتی مافی ژنانیان وەک بەشێک لە نیگەرانییەکانیان دەوروژاند، بەڵام کۆنەپەرستانی ئەو وڵاتە، رێگربوون لەبەردەم هەر هەڵسوکەوتێک کە لەگەڵ بەرژەوەندی و سیاسەتی ئەوان نەگونجاوە. لە جیاتی ئەوە کۆمەڵێک یاسا و رێسای ئاینییان بەسەر ژناندا سەپاندووە کە بووەتە کۆسپ لەبەردەم بەرەوپێشچوونە سەردەمییەکانی ژیان.

مێژووی بزووتنەوەی ژنان لە ئێران

سەردەمی رەزا شا پەهلەوی و شۆڕشی سپی

بە فەرمانی ڕەزا شا، ٦ی شوبات لە مێژووی ئێران تا ساڵی ١٩٧٩ بە ڕۆژی ڕزگاری ژنان ناسرابوو.

لە ساڵی ١٩٥٩ دوای وتاری شا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، پرسی پێدانی مافی دەنگدان بە ژنان لە لایەن حکومەتی پەهلەویەوە بووەتە بابەتێکی گەرمی ڕۆژنامەکان، پەرلەمان، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەکان. میدیای گشتی ریکلامی ئەوەیان دەکرد کە پاشا بوێرانە و تاکە دەست پشتگیری لە مافی دەنگدانی ژنان دەکات لە دژی ئۆپۆزسیۆن. لە دواهەنگاودا و لە چوارەمین ڕۆژی نوڤەمبەری ساڵی ١٩٦٣ ڕێکخراوی ژنان مانگرتنێکی گشتی یەک ڕۆژی ڕاگەیاند. ئەم مانگرتنە پشتیوانی تەواوی حکومەتی هەبوو و بەشداربووان تەنیا فەرمانبەری حکومەت بوون.

دوو ڕۆژ دوای مانگرتنەکە، ڕیفراندۆمێک بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی خەڵک بۆ فەرمانێکی شەش خاڵی شا کە بە شۆڕشی سپی ناسراوە، ئەنجامدرا.

 لەچوارچێوەی شۆڕشی سپی لە ٢١ ی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٣ یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و دەستکەوتی بنەمای پێنجەمی شۆڕشی پاشا و گەل بەشداری ژنان بوولە هەڵبژاردنەکان لە ژێر هەلومەرجی یاسایی یەکسان لەگەڵ پیاوان. بە پەیڕەوکردنی ئەم بنەمایە ژنانیش وەک پیاوان توانیان بۆ یەکەمجار رۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان و مافی دەنگدان بەدەست بهێنن. هەروەها یاسای پشتیوانی خێزان لە مانگی یانزەی ساڵی١٩٦٣ پەسەند کرا، ئەمەش دوای مافی دەنگدان و بەشداریکردن لە ئەنجومەنی نیشتمانی. ئەم یاسایە جیابوونەوەی تاکلایەنەی هەڵوەشاندەوە. فرەژنی کردە پرۆسەیەکی سەخت و ژنان مافی ئەوەیان وەرگرت کە داوای جیابوونەوە بکەن و هەروەها مافی چاودێریکردنی منداڵ بە دایک درا، منداڵەکەش دوای جیابوونەوە یان مردنی باوکەکە ڕادەستی دایکی دەکرایەوە.

دوای ساڵی ١٩٧٩ و هاتنە دەسەڵاتی خومەینی کە بە"شۆڕشی ئیسلامی ئێران" ناونراوە، جارێکی دیکە پێگەی ژنان گۆڕا و بەشێک لەو مافانەی کە لە سەردەمی پەهلەویدا ژنان بەدەستی هێنابوو، وەک یاسای بنەماڵە و مافی لەباربردنی منداڵ و مافی حیجاب هەڵوەشێنرانەوە.(١)

دوای ساڵی ١٩٧٩، کۆمەڵێک یاسای نوێیان دانا وەکو یاساکانی: حیجابی زۆرەملێ، کەمکردنەوەی کەمترین تەمەنی هاوسەرگیری کچان لە ١٨ ساڵەوە بۆ ٩ ساڵ، دیاریکردنی تەمەنی ٩ ساڵ وەک تەمەنی بەرپرسیارێتی تاوانکاری بۆ کچان، کەمکردنەوەی مارەیی ژن. هەروەها ڕەچاوکردنی جیابوونەوە وەک مافی تایبەتی مێردەکە.

ئاسیا ئەمینی، ڕۆژنامەنوس و چالاکوانی مافەکانی ژنان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی هەڵمەتی لابردنی بەردبارانکردنی ئافرەتان لە یاساداو دەڵێت: دژایەتی حکومەت لە بەرامبەر گۆڕینی یاساکان، بەتایبەت یاساکانی پەیوەست بە شەریعەت، هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ژنان دروست بکات. سەرکەوتوو نەبووە لە گۆڕینی زۆر یاسا، ژیانی خۆی بە وابەستەی شەریعەتی ئیسلامی دەزانێت. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی یاساکان بە تەحەدایەک لە دژی خۆی دەبینێت. لە ئەنجامدا، دژایەتییەکی دوژمنکارانەی ئەو هەوڵانەی کردووە کە بۆ گۆڕینی یاساکان ئەنجام دراوە. -وەک هەڵمەتی کۆکردنەوەی یەک ملیۆن واژۆ بۆ گۆڕینی یاسا جیاکارییەکان و بەردبارانکردنی ئافرەتان.

ئەو چالاکوانە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەندێ گۆڕانکاری بچوك لە یاساكەدا كراوە، بەڵام پێیوایە دەستكەوتی ناڕاستەوخۆی بزووتنەوەكانی ژنان گرنگترە لە گۆڕینی یاسا. داخوازی خەڵک و چالاکوانانە کە ئێستا باس لە مافەکانی ئافرەتان دەکرێت، ئەگینا لە دوای ساڵی ١٩٧٩، قسەکردن لەسەر داخوازییەکانی ژنان بە بێمانا و ناپێویست دادەنرا.(٢)

ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئێران لەدژی حیجابی زۆرەملێ کە بناغەکانی حکومەتی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی هەژاند، هەروەها کاریگەریی قوڵی لە وڵاتانی دیکەی بەشدار لە پرسی حیجاب بەجێهێشتووە، جا چ زۆرەملێ بێت یان هەڵبژاردە.

ئەم ناڕەزایەتیانە لە چەند وڵاتی ئیسلامی وەک ئێران کە حیجابی ژنان زۆرەملێیە، جۆرێکە لە بانگەوازی بەئاگاهاتنەوە بووە بۆ هاوڵاتیان، بەتایبەتی ژنان و زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ حکومەتەکان بووە.

ئەوەی گرنگی بە ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران لە نێوخۆی جیهانی ئیسلامی دەدات ئەوەیە کە بێمانایی و وێرانکاری و مرۆڤ کوشتنی حیجابی ناچاری، وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ژمارەیەک لە حکومەتەکانی جیهانی ئیسلامی لە بەر چاوی هاوڵاتیانی وڵاتانی ئیسلامی و خەڵکی هەموو جیهان.

لابردنی پەردە لە توندوتیژییە کوشندەکانی حیجابی ناچاری، لە کاتێکدا گرنگە کە بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ئیسلامی بە تێپەڕبوونی کات باشتر نەبووە و خراپتر بووە.

سەرهەڵدانی تاڵیبان لە ئەفغانستان و سەپاندنی کۆت و بەندێکی بەرفراوان بەسەر ژناندا، لەوانە حیجابی ناچاری ئیسلامی، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم تێکچوونەیە. هەروەها پرۆسەی بڵاوکردنەوەی حیجابی ئیسلامی لە ئەندەنوسیا، لە سێ دەیەی ڕابردوودا پیشانی دەدات کە چۆن ئیسلامییەکان توانیویانە بە تێپەڕبوونی کات بەم هۆیە توندوتیژی زیاتر بکەن.(٣)

ئەوەی جێگەی سەرنجە گەڕی نوێی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، گرفتی ئابوری، گرانی بەنزین، کێشەی بژێوی یان کەم ئاوی نییە، بەڵکو مردنی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە "گەشتی ئێرشاد"ەوە بۆ ڕەچاونەکردنی حیجاب بوو کە تووڕەیی گشتی لە کۆمەڵگای ئێراندا لە دژی "شێوازی ژیان"ی لە ناو کۆماری ئیسلامی ورووژاند و بووە هۆی چالاکبوونی یەکێک لە گرنگترین کەلێن و عەیبەکانی کۆمەڵایەتی لە ئێراندا، کە گروپی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر و کۆدەنگی دروستکردووە.

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەر نرخێک بێت، بە بێ گوێدانە واقیعەکانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێران، هەوڵی سەپاندنی "شێوازی ژیان"ی نەریتی/ پێش مۆدێرنی داوە. لەگەڵ هەموو رێگرییەکانیشدا لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا فراوانبوونی چینی ناوەند، شارنشینی، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری و بەردەستبوونی کەرەستە و ئامرازەکانی پەیوەندی وەک ئەنتەرنێت، کە هێزی سیستەمەکەی سنووردار کردووە بۆ سەپاندنی "شێوازی ژیان"ی خوازراوی خۆی زیاتر لەجاران لە ئێران دروستبووە.

لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، عەیب و کەلێنی سەرەکی نێوان دوو "شێوازی ژیان"ی نەریتی/ پێش مۆدێرن کە حکومەت بە زۆر لە گۆڕەپانی گشتیدا جێبەجێی دەکات و ئەو "شێوازە ژیان"ە مۆدێرنانەی کە گرووپە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دەیانەوێت و یەکێک لە گەورەترین کەمینە ستەملێکراوەکان لە کۆماری ئیسلامی، واتە ژنان، بووەتە ئاڵاهەڵگری ئەم ناڕەزایەتیانە. لە فۆکۆسی سەرەتایی و یەکەم ڕۆژەکانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، نیشانەکانی یاخیبوون لە دژی "شێوازی ژیان"ی سەپێندراوی کۆماری ئیسلامی لە زۆر ڤیدیۆی وەک لابردن و سووتاندنی لەچک و قژبڕین بە جیا و بە ئامادەبوونی خۆپیشاندەران رق و تووڕەیی خۆیان بە جیهانیان و بەتایبەت دەسەڵات پیشاندا.

دروشمی سەرەکی "ژن، ژیان، ئازادی" نوێنەرایەتی گوتار و داواکاری سەرەکی ناڕەزایەتی ئەم دواییە دەکات، کە لەسەر بنەمای "مافی" بنەڕەتی هاوڵاتیبوون دامەزراوە

چۆن شۆڕشی ئەم دواییەی ئێران بە شۆڕشی ژنان ناسرا؟

رۆژی ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢، بە بیانوی نەگونجانی حیجابەکەی (پۆلیسی رەوشت) کچێکی تەمەن ٢٢ساڵ بە ناوی ژیان ئەمینی دەستگیردەکەن بەهۆی لێدانەوە ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە لە حاڵەتی بێهۆشیدا دەبێت و دواتر گیان لە دەستدەدات. کوشتنی ئەم کچە گەنجە بووە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕش و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاوکات و بەردەوامی زیاتر لە سەد شاری ئێران. 

کوشتنی ژیان بووە هۆی سوتاندن و فڕێدانی سەدان لەچک و حیجاب، لە سەرانسەری جیهان، خۆپیشاندانەکانی ئێران زیاتر لە مانگێکە بەردەوامن سەدان کوژراو و هەزاران بریندار هەن. کۆمەڵناسان لە ئێران جەختیان لەوە دەکردەوە، کە ئەمجارە خۆپیشانەکانی ئێران جیاوازن چونکە هەموو نەتەوەو چین و توێژەکان بەشدارن. مردنی ژینا کۆدەنگییەکی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکرد.

بوێری و بوونی كچان و ژنان له‌ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ و ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیدا ده‌یگێڕن، له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی رابردووی ئێراندا مێژووی كه‌متری هه‌بووه‌. هێما گشتییەکانی وەها دروشمێکی ناوەندی دەتوانرێت لە نمایشکردنی سەمایەکدا ببینرێت بۆ دڕاندنی لەچک یان ئاگر تێبەردان. لە چەند رۆژی رابردوودا چەندین وێنەی ڤیدیۆیی كچان و ژنان لە بەردەم جەماوەری خۆپیشاندەران وەستاون و قژیان دەبڕن، بڵاو كراونەتەوەكەلە مێژووی خۆپیشاندانەكانی ئێراندا بێ وێنەیە.

لەلایەکی دیکەوە لە رۆژی ٢١ی حوزەیرانی ٢٠١١ کە هاوکاتە لەگەڵ هەفتەی حیجاب و پاکیزەیی. كۆمەڵێكلە ژنان و چالاكوانی مافی ژنان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وێنەی ڕوتی خۆیان بڵاوكردەوە،كە زۆرێک لە پیاوانیش شانبەشانی ژنان لە شەقامەكاندا دروشمیان دەگوتەوە. ئەمەش ترسێکی زۆری لە دڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا دروست کرد و دەستیان کرد بە گرتن و ئەشکەنجەدانی خەڵک و رایانگەیاند، کە پێویستە هەفتەی حیجاب و پاکیزەیی دوو هەفتە درێژ بکەنەوە.

دەیڤید ریگۆلێت ڕۆز، لە ئەنستیتۆی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەکان لە پاریس، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێستای ئێران بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، خۆپیشاندانەکانی ئێستا "شۆکێکی زۆر گرنگن" و نوێنەرایەتی "قەیرانێکی کۆمەڵایەتی" لە ئێران دەکەن.

ئەم توێژەرە لە پرسەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە "هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەو دەسەڵاتدارانەدا نییە، کە بەردەوام پێداگری لەسەر ئاماژە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ دەکەن و ئەو کۆمەڵگایەی کە تا دێت زیاتر بەرەو عەلمانیەت دەڕوات".و وا دەردەکەوێت ک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئاگاداری ئەم تەوژمە فکرییە بەهێزە نین.

خامنەیی لە وتاری ڕۆژی ٢١ی ٩ی ٢٠٢٢ لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکاندا باسی ناڕەزایەتییەکانی ئێستای نەکرد، بەڵام ئاماژەی بە هەبوونی بۆشایی نەوەی نوێ کرد و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشتڕاستی کردەوە.

ناوبراو کە پێشتر داوای "جیهادی ڕوونکردنەوە"ی دەکرد، جارێکی دیکە داوای لە دەسەڵات و هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کرد کە بە جددی روداوەکانی شەڕی ئێران و عێراق بۆ "نەوەی ئێستا" بگێڕنەوە.(٤)

ئەنجام:

لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩-وە بزووتنەوەی ژنان لە چاوی سیستەمی دەسەڵاتداری ئێران، بە "بێ ئەخلاقی" دادەنرێت. بەڵام سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ مەبەستبووەتە هۆی زیادبوونی هۆشیاری جێندەری لە نێو خەڵکی ئێراندا.

حكومه‌ت هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌رێنی كه‌ سوودی بۆ خه‌ڵكی گشتی بێت و سه‌ربه‌خۆ بێت له‌ پلانه‌كانی حكومه‌ت وه‌ك سیاسی و ته‌نانه‌ت وێرانكار هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌م دۆخه‌دا، چوون بۆ به‌رنامه‌ی به‌دیل کە هه‌رچه‌نده‌ زۆر قورسه‌، به‌ڵام هێشتا شایانی بیركردنه‌وه‌یه‌. 

  1. https://fa.wikipedia.org/wiki/%D9%81%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C%D8%B3%D9%85
  2. https://www.bbc.com/persian/world-39210796
  3. https://www.radiofarda.com/a/32062015.html
  4. https://www.radiofarda.com/a/Iran-feminine-revolution-started/32046745.html

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین