ئاسایشى سلێمانى باندێکى ڕفاندن و دزیکردن دەستگیر دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

بەڕێوەبەرایەراتیى ئاسایشى سلێمانى لە ڕاگەیێندراوێکدا، دەستگیرکردنى باندێکى رفاندنى بازرگانەکەى سلێمانى ڕادەگەیێنیت و دەڵێت، "باندەکە لە کورد و عەرەب پێکهاتوون."

ئەمڕۆ شەممە (22/تشرینى یەکەم/2022) بەڕێوەبەرایەراتیى ئاسایشى سلێمانى لەبارەى ڕفاندنى بازرگانییەکەى سلێمانى ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "باندێکی رفاندن و دزیکردن کە لەدووگروپ ( کورد ، عەرەب ) پێکھاتبوون ئاشکرادەکرێن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکرێن و رفێندراوێکیش کە بازرگانێکی دانیشتووی سلێمانی بوو کەمتر لە 24 سەعات لە رێگای بەغدا - دیالە رزگارکراو بە خانەوادەکەی شادکرایەوە."

دەقى ڕاگەیێندراوەکەى بەڕێوەبەرایەراتیى ئاسایشى سلێمانى:

ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی تۆمەتبارێکی تریان دەستگیرکرد کە بەشدار بووە لە رفاندنی بازرگانەکەی شاری سلێمانی , لەشاری ( کوت ) یش دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی دزراودا دەگرن .

ھاوکات ئاسایش دانپێدانانی دوو لە رفێنەرەکان بڵاودەکاتەوە کە بە وتەی خۆیان پێشینەی تاوانکارییان ھەبووە .

باندێکی رفاندن و دزیکردن کە لەدووگروپ ( کورد ، عەرەب ) پێکھاتبوون ئاشکرادەکرێن و ئەندامەکانیان دەستگیردەکرێن و رفێندراوێکیش کە بازرگانێکی دانیشتووی سلێمانی بوو کەمتر لە 24 سەعات لە رێگای بەغدا - دیالە رزگارکراو بە خانەوادەکەی شادکرایەوە .

پاش ئەوەی رۆژی پێنج شەممە ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی ئاگاداردەکرێنەوە لەبوونی رووداوێکی تاوانکاری و رفاندن و دزی کە لەبەرەبەیاندا سەعات 4:20 چوار تاوەنکار بەجلوبەرگی سەربازی بەناوی ھێزەکانی ئاسایشەوە ھەڵدەکوتنە سەرماڵێک لە گەڕەکی ئاشتی سلێمانی ( یونس قادر ئەحمەد ) خاوەن ماڵ کە بازرگانە ، ئازاری دەدەن و دەیڕفێنن و ئۆتۆمبێلەکەی کە لەجۆری لێکززە لەگەڵ بڕێک پارەو ئاڵتوون دەدزن و ھەڵدێن .

دەستبەجێ ھێزەکانمان دەستیان بەلێکۆڵینەوە کرد و لەسەر بنەمای بەدواداچوون ، سەرەداوی ورد دەست کەوت لەسەر ئەم رووداوە تاوانکارییە ، ئاشکرابوو کە تۆمەتباران بەرەو بەغدا ھەڵھاتوون و لەسنووری ھەرێم نەماون ، لەسەر پێشنیاری بەڕێز سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژورێکی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی و ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ( الامن الوگنی ) پێکھێنراو دوای ھەماھەنگی و رەزامەندی دادوەری بەڕێز سێ تیمی ئۆپراسیۆن جوڵەیان پێکراو بەڕێکەوتن بۆ بەغدا ، دیالە ، کفری کە بەھاوکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەدوو ھەڵمەتی جیاجیا و لەیەک کاتدا ھەریەک لە ( ئ ، م ) و ( ھ . ی ) لە نزیک بەغدا و دیالە دەستگیرکران و ھاوڵاتی بارمتەكراو یونس قادر ئەحمەد یش رزگار کرا . لەقەزای کفریش ھەمان رۆژ لەلایەن ھێزەکانمانەوە تۆمەتبار ( م . م ) دەستگیرکرا . ئەو ئۆتۆمبێلەشی تاوانەکەی پێئەنجامدرابوو دەستی بەسەرداگیراو ئۆتۆمبێلە دزراوەکەش دۆزرایەوە .

لێکۆڵینەوەکان چڕترکرانەوە رۆژی ھەینی ١٤ / ١٠ / ٢٠٢٢ تۆمەتبارێکی تر لە سلێمانی ( ح . ع ) دەستگیرکرا و دەست بەسەر جبەخانە و چەک و چەند جۆرێک جلوبەرگی سەربازییشدا گیرا .ھاوڵاتی ( یونس قادر ئەحمەد ) بەسەلامەتی بە خانەوادەکەی شادکرایەوە .

لێکۆڵینەوە بەردەوام بوو ، زانیاری نوێ بەدەست ھات کە ئۆتۆمبێلێک لەجۆری توێتا کامری لەیەکێک لەنووسینەگەکانی بەکرێدان لە سلێمانی بەکرێ گیراوە و لەلایەن ھەمان گروپە دزراوە ، پاش دەستکەوتنی بەڵگە بەھاوکاری ھێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی عێراق رۆژی یەک شەممە ١٦ / ١٠ / ٢٠٢٢ لە کوت توانرا تۆمەتبارێکی تر ( ع ، خ ) پەیوەست بە گروپە تاوانکارییەکە کە عەرەب بوو دەستگیرکراو ئۆتۆمبێلەکەش دۆزرایەوە و بۆ خاوەنەکەی لە سلێمانی گەڕێندرایەوە .

ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتیان وەک ئەرکی سەرشانی ھێزەکانمان بە ئەمانەت و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە رایدەپەڕێنین لەبەرامبەر تاوانکاران و ،ھەر تۆمەتبارێکی قانوون شکێن ، سڵ ناكەینەوە ڕاپێچی بەردەم دادگایان دەکەین و ماف بۆ خەڵکی خۆمان دەگەڕێنینەوە .

پێزانین و ستایشی بەردەوامیش بۆ کۆمەڵانی خەڵک و ھەموو چین و توێژەکان دەردەبڕین کەھاوکارو پشتیوانمانن ھەروەک سوپاسی بێپایانیش ئاڕاستەی ھێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەکەین کە ھەماھەنگ بوون لەسەرخستنی ئەم پرۆسە ئەمنییەدا .

دانپێدانانی تۆمەتباران .

١ - دانپێدانی (ع، خ )

٢- دانپێدانانی (ئ، م )

لێدوان

١ - ((یونس قادر ) ئازادکراو

٢- ( (بەختیار عەلی ) خاوەنی نووسینگەی بەکرێ دانی ئۆتۆمبێل

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی

22 / 10/ 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین