عه‌لاوى: چه‌ندان جار كازمییم له‌ دزییه‌ گه‌وره‌كه‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌سه‌ر دیارنه‌مانى بڕى سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار عه‌لى عه‌لاوى وه‌زیرى پێشووى دارایى عێراق هاته‌ده‌نگ و جیا له‌ ئاشكراكردنى هۆكاره‌كانى، رووداوه‌كه‌ به‌ گه‌وره‌ترین ئابڕووچوونى دارایى سه‌ده‌ى نوێ ناوده‌بات و دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندان جارى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌.

عه‌لى عه‌لاوى شه‌وى رابردوو 19/تشرینى یه‌كه‌م/2022 روونكردنه‌وه‌یه‌كى به‌ 13 خاڵ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كانى دزینى سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینار "زیاتر له‌ دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار" له‌ ده‌سته‌ى گشتى باجه‌كان ئاشكرا ده‌كات.

عه‌لى عه‌لاوى ئاشكراى كردووه‌، له‌سه‌ر داواى سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى پێشووى په‌رله‌مان "هه‌یسه‌م جبوورى" و به‌ پاڵپشتى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، دیوانى چاودێرى دارایى رێگه‌ى پێنه‌دراوه‌ وردبینى له‌ داهاتى باج بكرێت، بۆیه‌ یاریكردن و دزین له‌ پاره‌كه‌ كراوه‌، ئه‌میش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ چه‌ندان جار مسته‌فا كازمى ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى رێگریى له‌م دیاره‌ده‌یه‌ بكات، به‌ڵام دیارده‌كه‌ به‌رده‌وام بووه‌.

عه‌لاوى له‌ 16/ ئابى رابردوو ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى به‌ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران دا، له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یشى باس له‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ ده‌كات كه‌ گوایه‌ به‌ هۆى گه‌نده‌ڵى بووه‌. ده‌شڵێ، "ئه‌م رووداوه‌ گه‌وره‌ترین ئابڕووچوونى داراییه‌ له‌ سه‌ده‌ى نوێدا".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین