وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق له‌باره‌ى فه‌رامۆشكردنى زمانى كوردى بێده‌نگه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق به‌ هۆى ده‌ركردنى بڕیارێكه‌وه‌ به‌ فه‌رامۆشكردنى زمانى كوردى تۆمه‌تبار ده‌كرێت و وێراى هاتنه‌ده‌نگى په‌رله‌مان، كه‌چى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ تا ئێستا به‌ فه‌رمى هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كى نه‌داوه‌.

له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق بڕیارى دا هه‌ر قوتابییه‌ك له‌ عێراق ئه‌گه‌ر له‌ ماده‌ى زمانى كوردى ده‌رنه‌چێت، ئه‌وا بۆى هه‌ژمار ناكرێت. ئه‌م بڕیاره‌یش له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ فه‌رامۆشكردنى زمانى كوردى لێكدرایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ نۆى تشرینى یه‌كه‌مى 2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌ ده‌كات هه‌رچه‌نده‌ شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگرى دووه‌مى سه‌رۆك په‌رله‌مان هاتووه‌ته‌ ده‌نگ و لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ى په‌رله‌مانى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌ راسپاردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كى نه‌داوه‌.

له‌ ده‌ستوورى هه‌میشه‌یى عێراق كه‌ له‌ 2005 په‌سه‌ند كراوه‌، زمانى كوردى و عه‌ره‌بى به‌ هاوشانى یه‌كتر به‌ زمانى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت داناوه‌، وێراى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بێده‌نگه‌، به‌ڵام به‌رپرسێكى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌  بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید، ئه‌و داوایه‌ى كوردى به‌ هه‌وڵێك زانیوه‌ بۆ "به‌سیاسیكردنى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌". 

موحسین عه‌باس كه‌ به‌رپرسێكى پێشووه‌ له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق بۆ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باسى له‌وه‌ كردووه‌، له‌وه‌ته‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق هه‌یه‌ زمانى عه‌ره‌بى زمانى دایك و زمانى ئینگلیزى وه‌ك به‌هێزترین زمانى جیهانى ده‌خوێنرێن، بۆیه‌ ناكرێت زمانه‌كانى تر بخرێنه‌ پرۆگرامه‌وه‌. ئه‌و به‌رپرسه‌ى پێشووى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌ڵێ، "ده‌كرێ ئه‌و داوایه‌ى سه‌باره‌ت به‌ زمانى كوردى بۆ مووسڵ و كه‌ركووك و دیاله‌ دروست بێت".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین