ڤیان مەحمود زامدار: ڕێکخراوەکان سەرکەوتوو نەبوونە لەبڵاوکردنەوەى هۆشیارییەکى دروست لەسەر خەباتى فێمێنیزم دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

ڤیان مەحمود قوتابى دکتۆرا لە "ئەدەبى فێمینیستی"، لە دیمانەیەکى تایبەتدا تیشک دەخاتەسەر کێشە و گرفتەکانى بەردەم کارکردنى رێکخراوەکانى ئافرەتان و بزووتنەوەى فێمینیستی لە هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیمانەکەدا،  ڤیان مەحمود زامدار دەڵێت، "ڕێکخستنى خێزان و ئاسوودەیى خێزان لەڕاستیدا لە ئامانجەکانى فێمێنیزمن."

هەروەها دەشڵێت، "بێڕێزییەکى گەورەی نامرۆڤانەیە پێمانوابێت مرۆڤێک بەهۆى "مێ بوون"یەوە توانا و لێهاتوویی و مافەکانى کەمترن لە مرۆڤێکى دیکە تەنها لەبەر ئەوەى کە "نێر"ە.

 دەقى دیمانەى ڤیان مەحمود زامدار لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت:

نوچەنێت: تا ئێستا جۆرێک لە هەڵە تێگەیشتن بۆ چەمکی یەکسانی جێندەری و فێمێنیزم هەیە لە کۆمەڵگەی ئێمە، ئێوە هۆکارەکانی بۆچی دەگەرێنەوە؟

ڤیان مەحمود زامدار: بەشێوەیەکى گشتى، ژیرمەندانە نییە بەئەرکى تاک بەتاکى کۆمەڵگاى بزانین کە  تێڕوانینێکى مەعریفییانە و زانستییانەى هەبێت بەرامبەر بە چەمکگەلى ئاڵۆز. هەمیشە پەراوێزێکى "دروست تێنەگەیشتن" هەیە لە هەر "دیاردە" و "چەمک"ێک.

 با بەدیاریکراویتر، باسى "هزرى فێمێنیستى" و "یەکسانیى جێندەرى" بکەین. وەکو گوتم، پەراوێزێکى سروشتى هەیە لە ناتێگەیشتن. بەڵام کێشەى کۆمەڵگاى کوردستانى لەوە گەورەترەو گەیشتووە بە ڕاددەى بەدتێگەیشتن و ناوزڕاندن و دژایەتیکردن.

بۆ سەردەرکردن لەمە، پێویستە شارەزاییمان هەبێت دەربارەى هەریەکە لە "هۆشیاریى دەستەجەمعى" و "سایکۆلۆژیای جەماوەر"، ئەمە لەلایەکەوە، لەلایەکى دیکەیشەوە بابەتەکانى"سیستەمى باوەڕەکانى تاک" و "هێزە هەژموونگەر"ەکانى ناو کۆمەڵگا .

بەدتێگەیشتن لە فێمێنیزم و یەکسانیى جێندەرى زیاتر پەیوەنددارە بە توانستى ڕووکردنەوە و شیکردنەوەى پێشەنگانى کۆمەڵگاى مەدەنى و خەباتکارانى مافەکانى تاک بۆ ئەم چەمکانە. بەڵام ناوزڕاندنى فێمێنیزم و یەکسانیى جێندەرى بابەتێکى تەواو جیاوازە. جیاوازە لەو ڕووەوە کە داهێنراوى هێزەکانى دیکەى ناو کۆمەڵگایە. زۆر لایەنى نەریتى هەن بەشێوەیەکى مەبەستدار و بەرنامەدار کاردەکەن بۆ ناوزڕاندنى تێکۆشان لەپێناو ئازادییەکانى تاک و مافە مەدەنییەکان، ئەو هێزە کۆنەپارێز و نەریتییانە هەمیشە کرانەوەى کۆمەڵگا بە مەترسییەکى گەورە دەبینن لەسەر خۆیان. هەر ئەمەشە وادەکات بکەونە بارى "دژایەتیکردن"ى سەرسەختانەى فێمێنیزم و یەکسانیى جێندەرى. جۆرێک لە هزرى چەقبەستوو و داخراو هەیە کە لەسەر نەزانى و بێئاگایى تاک دامەزراوە و کاریشدەکات بۆ داخستنى هەر دەروازەیەک بۆ هۆشیاربوونەوەى تاک. چونکە دواجار وەکو گوتم، مانەوەى ئەم ئایدۆلۆژیا و ئەفسانە پەرستییە لەسەر نەزانى و ناهۆشیاریى تاک بونیاتنراوە. جا ئەم هێزە نەریتییانە لە فۆڕم و ئاستى جیاوازدا خۆیان مانیفێستدەکەن، بیانو و و پاساوى جیاجیاش دەهێننەوە. زۆرێکیش لەو پاساوانە، تەواو هەڵەن و نالۆژیکین. دەمێک بە بیانووى پاراستنى شیرازەى خێزان و دەمێکیش بە بیانووى بەرزڕاگرتنى نەریت و کەلتوور و بەهاکانى کۆمەڵگا. ئەمە هیچ پەیوەندیى بە بابەتى یەکسانیى جێندەرییەوە نییە و لەیەککاتدا چەندین هەڵەى لۆژیکیى تێدایە. چونکە بابەتى ڕێکخستنى خێزان و ئاسوودەیى خێزان لەڕاستیدا یەکێکە لە ئامانجەکانى فێمێنیزم. هەرچى بابەتى کەلتوور و داب و نەریتیشە، ( بۆئێمە باس لە کەلتور و بەهاى بەرزى کوردەوارییە)، پێموانییە کەس لەئێمە هەبێت بڵێت ڕازیم بەوەى کەلتورى کوردى دەبێت لەم فۆڕمەدا بمێنێتەوە کە تیایدا ئافرەتان پلەنزم و بێمێشکن. ئەوانەى کە دەڵێن کەلتورى کوردى و بەهاکانى ڕێزیان لە ئافرەت ناوە، ئێ کەواتا دەبێت هەرئەوانە پشتیوانى هەر تێکۆشانێک بن لەپێناو سەرخستنى تواناکانى ئافرەتان و نەهێشتنى بەکەمبینینیان، کە دواجار ئەمەیە فێمێنیزم.

نوچەنێت: دەکرێ باسێکی کورت ئامانجەکانی بزووتنەوەی فێمێنزم بکەی؟

ڤیان مەحمود زامدار:  فێمێنیزم تەنێکى نەگۆڕ نییە تاوەکو بەسادەیى بیبینین. بەڵکو بزاوتێکى هزرى و دونیابینییەکى گۆڕاو و داینامیکییە. لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکى دی، لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى دی، لە ئایدۆلۆژیایەکەوە بۆ ئایدولۆژیایەکى دى، لە شەپۆلێکەوە بۆ شەپۆلێکى دی، جیاوازە. لێرەدا بەپێویستى نازانم بچمە ناو شیکردنەوەیەکى مێژوویى بۆ فێمێنیزمى جیهانى لە قۆناخ و ڕەوت و کۆمەڵگا جیاوازەکاندا. ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە، کۆمەڵگاى کوردییە. تاوەکو ئێستا تیۆرێکى دیاریکراو نییە بۆ "فێمێنیزمى کوردى" ئەگەرچى نوسەر و چالاکوانانى لێهاتوو هەن لەبوارەکەدا کاردەکەن، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە فێمێنیزمى کوردى گەڵاڵە بکەین بەشێوەیەکى ڕوون. لەوانەیە بەهۆى بارودۆخى سیاسى و داگیرکارییەوە بێت. گەر تێبینیش بکەیت، فێمێنیستانى باکور خەمێکیان لەبەرە کە جیاوازە لە خەمى فێمێنیستانى باشور یان ڕۆژهەڵات، یانیش ڕۆژئاوا. بەڵام ئێمە دەتوانین هێڵە گشتییەکانى هزرى فێمێنیزم باسبکەین. دەتوانین ئەوە بخەینە ڕوو کە هەر ڕەوتێکى فێمێنیستى لە کوردستان (لەهەر پارچەیەکى کوردستان) دەبێت لەپێناویدا تێبکۆشێت. ئەویش ئەوەیە کە ڕوئیای ئێمە بونیاتنانى کۆمەڵگایەکى یەکسان و ئاسوودەیە، تیایدا تاک خاوەنى شکۆى خۆیەتى. تاک لێرە مەبەست هەردوو ڕەگەزى  "نێر" و "مێ" یە. هیچ کەس کەڵەگا نییە بەسەر کەسى دیکەوە. چۆن تاکى کوردى ژێردەستەیى قبووڵنییە، بەهەمانشێوەش قبووڵى نییە گەڵەگایى بەسەرەوە بکرێت. ئافرەت و پیاو پێکەوەن لە گۆڕانکارییەکانى کۆماڵگا. یەکسانن لە مافە یاسایى و ئابورى و سیاسى و بابەتەکانى پەیوەندار بە بارى کەسى. لەکاتێکدا کە ڕوونە توانستى تاکەکەسى جیاوازن، هەر کەسێک لەبوارێکى دیاریکراودا لێهاتووە، بەڵام بێڕێزییەکى گەورەی نامرۆڤانەیە پێمانوابێت مرۆڤێک بەهۆى "مێ بوون"یەوە توانا و لێهاتوویی و مافەکانەکانى کەمترن لە مرۆڤێکى دیکە تەنها لەبەر ئەوەى کە "نێر"ە. ئەمەیە کە پێیدەڵێین جیاکاریى جێندەرى. پێمانوایە هەموومان مرۆڤین و لەبەهاى مرۆڤایەتیدا یەکسانین. دانایی و داهێنەریش دەبێت بەکردار بسەلمێنرێت، نەک لەسەر  بنەماى جێندەر حوکمى قەرەقوشیانەى لەسەر بدرێت.  دەبێت ڕێز و شکۆى ئافرەت لەخودى ئافرەتدا ببینرێت. نەک وەکو دایک و خوشک و هاوسەر. 

نوچەنێت: ئەرکی یەکەی یەکسانی جێندەری چییە و ئامانجی چییە؟ ئایا لە هەموو وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان ئەو یەکەیە کراوەتەوە؟

ڤیان مەحمود زامدار: یەکەکانی یەکسانی جێندەری لە ساڵی (٢٠١٦) وە ئیشیان لەسەردەکرێت. سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزیران دەستپێشخەریەکی کرد لە بڕیارى کردنەوەى ئەو یەکانە لە وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێم. "ئەنجوومەنی باڵای کارو باری خانمان"ى ئەوکاتیش -کە ئێستا بووەتە "ئەنجومەنى باڵاى کاروبارى خانمان و گەشەپێدان"-  سووربوو لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارەکەى ئەنجومەنى وەزیران. بەپێى ڕێنماییەکانى ئەنجومەنى وەزیران دەبوایە لە هەموو وەزارەتەکانى سەر بە حکومەتى هەرێمى کوردستان یەکەی یەکسانی جێندەری هەبێت و  بەرپرسەکەی ئافرەت بێت راستەوخۆش سەر بە نووسینگەی وەزیر بێت. بەداخەوە،  تاوەکو ئێستاش لە هەموو وەزارەتەکان ئەو یەکەیە نییە. لە هەندێک لە وەزارەتەکان "بەش"ە و لە هەندێکیان  "یەکە"یە و هەندێکیشیان تەنها "لیژنە"یە و تەنانەت لە هەندێ وەزارەت ئەو بڕیارەى هەر جێبەجێنەکراوە.  ئەمە جگە لەوەى کە ئەرک و دەستڕۆیشتووییان لەهەر وەزارەتێک جیاوازە لە ئەویدەکە و وەستاوەتە سەر میزاجى شەخسیى وەزیرەکان. 

ئامانجى ئەو یەکانە، دەبێت دەستنیشانکردنى دیارەکانى جیاکاریى جێندەرى بێت لە دامودەزگاکانى سەر بەو وەزارەتە. تێکۆشان بۆ نەهێشتنى دەرکەوتەکانى جیاکاریى جێندەرى و هەروەها پلاندانان بۆ داهاتوو بۆئەوەى دواجار کۆمەڵگایەک بهێنرێتە ئاراوە کە مرۆڤدۆست و یەکسانیخواز بێت. ئەو بابەتى یەکسانییە لەپێشووتر بەکورتى ئاماژەیەکم پێدا. 

نوچەنێت: پێتان وایە کە ئەو بەشە گرنگە لە هەموو وەزارەتەکاندا هەبێ؟

ڤیان مەحمود زامدار: بێگومان زۆر گرنگە لە هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەى یەکسانیى جیندەرى هەبێت. نەک هەر ئەوەندە، بگرە ئێمە پێمانوایە وەسفى "یەکە" کەمە بۆ ئەو ئامانجە گەورە و گرنگە و پێویستە کارەکانى یەکسانیى جێندەرى لە ئاستى "بەڕێوەبەرایەتى" کەمتر نەبێت. چونکە بەشێوەیەکى گشتى بەڕێوەبەرایەتى دەسەڵات و ئەرکی زیاترە لە رووی کارگێری و داراییەوە و، بەمەش توانستى کارکردن لەسەر پرسی یەکسانی جێندەری کاریگەرتر دەبێت. شتێکى دیکەیش هەیە کە بە پێویستى دەزانم ئاماژەى پێبکەم. بابەتى یەکسانیى جێندەرى و نەهێشتنى نادادپەروەرى پێویستیى بە کەسانێکە کە بەتەواوى هەم بڕوایان بە بابەتەکە هەبێت و هەمیش کارامەیى و لێهاتووییان هەبێت لەبوارەکە. دەبێت ئەو کەسانەى لەم یەکانە یان لەم بەڕێوەبەرایەتییانە کاردەکەن، کەستانێک بن دڵسۆز و لێهاتوو. ناکرێت بابەتێکى زیندوو و گرنگى ئەوتۆ بدرێتە دەست کەسانێک کە کۆڵەوارن لەم بوارەدا. ئەمە شتێکە دەبێت حکومەتى هەرێم زیاتر گرنگیى پێبدات. 

نوچەنێت: پێت وایە ئەو رێکخراوانەى کە بۆ بەرگریی کردن لە مافی ئافرەتان هەن لە هەرێمی کوردستان توانیویانە تەواو بیری بزووتنەوەی فێمێنیزمی بڵاو بکەن یان لەسەر ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوەیە کاریان بۆ ئافرەتان کردووە؟

ڤیان مەحمود زامدار: حوکمدان لەسەر ڕێکخراوەکانى ئافرەتان، بەم گشتگیرییە، هەڵەیە. بەڵام من واینابینم تاوەکو ئێستا ڕێکخراوەکان سەرکەوتوو بووبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارییەکى دروست و پێویست لەسەر خەباتى ئافرەتان و فێمێنیزم. ئەگەرچى پێشتر گوتمان " بەدبینینى"  جەماوەر بۆ فێمێنیزم بەهۆى هێزە نەریتیى و کۆنەپارێزەکانى کۆمەڵگاوەیە- کە بێگومان ئەو هێزانە ناخوازن کۆمەڵگایەکى کراوەمان هەبێت-، بەڵام کاتێک دەڵێن "ناتێگەیشتن"ى کۆمەڵگا هەیە بۆ خەباتى مەدەنیى مافەکانى ئافرەتان ئەمە لەوانەیە بەڕاددەیەکى زۆر کەمتەرخەمیى ڕێکخراوەکانى ئافرەتان بێت. پێویست وایە زیاتر ڕژد بن لەسەر ڕونکردنەوەى ئەکادێمیانە و زانستیانە بۆ بابەتەکانى فێمێنیزم و چالاکتر بن لە نوسین و گوتار و بڵاوکراوەکانیان. هەندێکجاریش لەوانەیە ڕەفتارى تەکەکەسیى ئەوانە بووبێتە هۆکارى ناحاڵیبوون لە مافى ئافرەتان. 

بەڵام وەکو بنەمایەک، بوونى ڕێکخراوى داکۆکیکار لە ئازادی و مافەکان، زەرووورەتێکى مێژووییە و دەبێت هەر هەبن. لە واقیعیشدا، ڕێکخراوەکان، سەرەڕاى هەموو کەموکورتییەکان، کاریان کردووە بۆ خستنەڕووى بابەتەکانى پەیوەنددار بە مافى تاکەکەسى و ئازادییەکان. مەرج نییە لەژێر چەمک و وەسفى "فێمێنیزم" و بەڕوونى بیانخستبێتەڕوو، بەڵام کاتێک باس لە جیاکاریى جێندەرى و توندو تیژى و چەندین دیاردەى دیکەى وەکو بەزۆر بەشوودان و بەشودانى منداڵ و ... هتد دەکرێت، دەى ئەوانە هەمووى لایەنى هزرى فێمێنیستین. پێشموایە ئەو ئازادییە کەمەى بۆ ژنان فەراهەمکراوە لە کوردستان، ئەو یاسا و ڕێنماییانەیش کە تایبەتن بەم بوارە، کەم تا زۆرێک کاریگەریى ئەم ڕێکخراوانە بووە. لەبیریشمان نەچێت، لە کوردستان کەسانی فێمێنیست هەن لەدەرەوەى ڕێکخراوەکان. 

نوچەنێت: ئایا رێکخراوەکانی ئافرەتان توانیویانە تاکی کوردى هۆشیار بکەنەوە؟ پێتوایە بە چ رێگایەک دەتوانن رۆڵى کاریگەریان هەبێت لەو رووەوە؟

ڤیان مەحمود زامدار: بۆ وڵامدانەوەى ئەم پرسیارە پێویستمان بە توێژینەوە و داتاى بەردەست هەیە بۆ ئەوەى بزانین ئایا تاکى کورد هۆشیارە لەم لایەنە یان نا؟ ئەگەر هۆشیارە، سەرچاوەى مەعریفیى هۆشیارییەکە لەکوێوەیە؟ بەڵام بەشێوەیەکى گشتى، ئەگەرچى لەئاستى کۆمەڵگا بەدحاڵیبوونێک هەیە بۆ بابەتى مافەکانى ئافرەتان (کەئەمە لەوانەیە بکرێتە بەڵگە لەسەر شکستى ڕێکخراوەکان)، بەڵام بەبەراورد بە سەردەمى پێش ڕاپەڕین بەرەوپێشڤەچوونێکى زۆر هەیە لەم لایەنە، کە لۆژیکى نییە بڵێین ڕۆڵى ڕێکخراوەکانى تێدا نییە و ئەو ڕێکخراوانە بەشدارییان تێدا نەبووە.

دۆزینەوەى شێوازى کاریگەریش لەناو کۆمەڵگادا، بابەتێکى ئەکادێمى و زانستییە. شارەزابوون لە بابەتەکە و پەرەپێدانى تواناکانیان (تواناى تاکەکەسى) و پێشمەرجى کاریگەربوونن. ئەوەى کە جێگاى مشتومڕنییە، زانستیبوونە. هەرکات خستنەڕووى بابەتەکان بەزانستى کران، دەروازەیەکى فراوان دەکرێتەوە لەبەردەم مەعریفە و دونیابینیدا. خوێندنەوەى بەردەوام و ئاگاداربوون لە هزرى نوێى جیهان. پەرەپێدانى لێهاتوویى وتاربێژى و بەڵگەهێنانەوە و بەلۆژیککردنى بەڵگەکان. تیشکۆخستنە سەر داهاتوو، بەتێکۆشان لەپێناو هێنانەکایەى سیستەمێکى پەروەردە کە نەوەکان پڕتفاق بکات بە هزرى کراوە و ژیان دۆست و مرۆڤدۆست و زانستخوار. بۆ ئەوەى داهاتوو نەکەوێتە دەست کەسانى "دژە ژیان" و "دژەئافرەت".

لەسەر ئاستى تاکەکەسیش، دەبێت ئەوە بزانین کە دوان لەفەزاى گشتیدا وریایى و زیرەکییەکى تایبەتیى دەوێت. کاتێک کاراکتەرێک خوازیارى هێنانەکایەى گۆڕانکارییە لە کۆمەڵگادا، دەبێت زۆر بەهەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕەفتارى تاکەکەسی و مۆڕاڵى تایبەتیى خۆى بکات. دەشێت هەڵسوکەوتێکى کەسى، قسەیەکى هاوڕێیانە، لێکدانەوەیەکى خۆبەخۆیى، نەرێنیانە بشکێتەوە لەسەر تەواوى دۆزە گشتییەکە و بکرێتە ئارگیومێنتێک بەدەست ئەو هێزانەوە کە ئێمە پێشتر باسمانکردن و بە نەریتى ناوماننان. بەتایبەتى لەسەردەمى ئینتەرنێت و سۆشیاڵ مێدیادا. هەر لەبەر ئەوەیشە زۆرجار دەڵێم تێکۆشان لەپێناوى مافە گشتییەکان و ئازادییەکاندا، بوێریى قوربانیدانى دەوێت.

لەسەر ئاستى گشتیى ڕێکخراوەکانیش،  کۆکردنەوە و یەکخستنى تواناکان، هەماهەنگى و پێکەوەیى، دوورکەوتنەوە لە ململانێى نەزۆک و بەفێڕۆدانى تواناکان لە دژایەتیکردنى یەکتریدا. زۆرجاریش وابەستەیى حزبى ڕێگرە لەبەردەم ویستى ئازادانەى مافخوازى. پێویست وایە ڕێخراوەکانى ئافرەتان ببنە دەنگێکى بەرز لەناو پارتەکاندا. پارتە کوردییەکان لەوە حاڵیبکرێن کە ئافرەتان هێزێکى زیندوو، کاریگەر، هەمیشەنوێبووەوەى کۆمەڵگان. پێویستە پارتەکان و لایەنەکان لەوە ڕێڕوونبکرێن کە مانەوەى هەر هێزێکى سیاسى، ناکرێت بەبێ دەنگ و ویستى ئافرەتان. 

هەماهەنگیکردن لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، چ لەڕووى توانستى مرۆیى یان توانستى مەعریفى و داراییەوە بێت، تاڕاددەیەکى زۆر دەتوانێت گوڕو تین بدات بە خێراترکردنى ڕەوڕەوەى بەرەوپێشەوەچوونى کارى ڕێکخراوەیى و هاندانى کرانەوەى کۆمەڵگا داخراوەکان بەڕووى زانست و مەدەنییەتدا. 

نوچەنێت: بۆچی رێکخراوەکانی ئافرەتان لەبەرامبەر ئەو هەموو کوشتنەی ژنان هەڵوێستێکی جددی و بنەڕەتیان نەبووە، کە ببێتە هۆی بنبڕ کردن یان سنوردارکردنی کوشتنی ژنان؟

ڤیان مەحمود زامدار:   بابەتی رێکخراوەکان راستی بابەتێکە زۆر دەورژێندرێن، زۆرجاریش بە نەشارەزاییانە لێکدانەوەى بۆدەکرێت. ڕێکخراوەکان "هەڵوێستى جدى و بنەڕەتى"یان هەیە. تۆ یەکجار و بە ڕاستگۆیى و دڵسۆزییەوە بڵێیت: دژى ژنکوژیم، کافییە و جدییە و بنەڕەتییە.  ئەوەى کە جێى تێبینى و پرسیارە، ئامادەگیى چالاکیى مەدەنییە لە هەڵویستە جیاجیاکان و گرتنەبەرى شێوازى کاریگەر و داهێنەرانەیە. ئەوەى جێى پرسیارە، هەڵوێستی ڕێکخراوەکان نییە، بەڵکو هۆکارى لاوازیى کاریگەریى ئەو هەموو ڕێکخراوەیە. پێشتر دەربارەى کاریگەرترین شێواز، چەند خاڵێکم خستەڕوو کە بۆ وڵامى ئەم پرسیارەشتان دەگونجێت. ڕێکخراوەکانى ئافرەتان دەبێت هەمیشە ئامادەگییان هەبێت بۆ دووبارە دەرخستنەوەى مکوڕى و سەرسەختییان لە قبوڵنەکردنى ناڕەوایەتیى درێژەدان بە ژنکوشتن و هەرجۆرە نادادپەروەرییەکى کۆمەڵایەتى. ئەو بابەتى وابەستەیی حزبیش نەرێنیانە دەشکێتەوە لەسەر تەواوى کاریگەرىى داواکارییەکانى مافەکانى ئافرەتان. دەسەڵاتى یاسادانان لەکوردستان تاوەکو ئێستا ئافرەتان و ڕێکخراوەکانیان وەکو هێزێکى لەبننەهاتووى کۆمەڵایەتى و گۆڕانکار نابینن. چونکە ڕێکخراوەکان نەبوونەتە هێزێکى فشارى ئەوتۆ کە دەرخەرى ئەو کاریگەرییەبن. چارەسەرکردنى ئەم گرفتە ئاڵۆز و پڕ لە گرێ و داڵانە. لە دیمانەیەکى وەکو ئەمەشدا، ناکرێت بەوردى بخرێتەڕوو.

ڕێکخراوەکانى ئافرەتان، ڕێکخراوى ناحکومى و مەدەنین. لایەنى جێبەجێکار و دەسەڵاتى دادوەرى نین. کاتێک کە ئەو پرسیارە دەکرێت، وەکو ئەوەى گلەیی بێت لەو ڕێکخراوانە کە بۆچى ڕێگرى ناکەن لە توندو تیژى و کوشتنى ئافرەتان. ئەمە هەڵە تێگەیشتنە. ڕێگریکردن بەشێوە کردارییەکە ئەرکى یاسا و حکومەتە. ئەرکى  ڕێکخراوە مەدەنى و ناحکومییەکان لە دونیاى سەردەم و فەلسەفەى دەوڵەتدارى و کۆمەڵگاى مەدەنیدا، وەسفکراوە و ئێرە شوێنى باسکردنى پڕ وردەکاریى ئەمە نییە. ئەرکى ڕێخراوەکانى ئافرەتان نییە چەکهەڵگرن بۆ لەناوبردنى تاوانباران و ژنکوژان و پاراستنى ئافرەتان. ئەوە کارى دەسەڵاتى یاسادانان و دەسەڵاتى جێبەجێکارە. ئەگەرچى کوشتنى ئافرەتان لەتەواوى مێژووى نێرسالاریدا ڕەنگیداوەتەوە، بەڵام مێژووییبوونى دیاردەیەک سەلمێنەرى ڕەوایەتیى ئەو دیاردەیە نییە. زۆر بەکورتى، ئەرکى ڕێکخراوەکان لەچەند بابەتێکدا کۆدەکەمەوە، سەرەتا ناساندن و خستنەڕووى دەرکەوتەکانى توندو تیژى و نادادپەروەرییە لە ئاست و ڕەهەندە جیاجیاکان. گەڵەڵەکردنى یاسا و ڕێنماییەکانى بەرەنگاربوونەوە و فشارخستنە سەر دەسەڵات (بەهەرسێ جۆرەکەیەوە، هاوکات ڕاگەیاندنیش) بۆ بەدەنگەوە هاتنى دۆزى ئافرەتانەوە. ئەمە لەلایەکەوە، لەلایەکى دیکەیشەوە، ئەرکى ڕێکخراوەکانە هانى تاک بدەن لەڕووى هۆشیارییەوە بۆئەوەى ڕووبەڕووبونەوەى نادادپەروەرى و توندوتیژى و نایەکسانیى جێندەرى بچێتە ئاستى تاک بەتاکى کۆمەڵگا. جا ئەمە بە نوسین و گوتاردان بێت، یان بەتوێژینەوە و ڕاگەیاندن و هونەر و سینەما...هتد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین