د.عه‌ره‌فات كه‌ره‌م: خۆ دنیا خراپ نابێت ئەگەر سه‌رۆك كۆمار له‌ پارتى بێت عێراق ناوچەکە و جیهان

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د.عه‌ره‌فات كه‌ره‌م په‌رله‌مانتارى پێشووى پارتى له‌ عێراق و به‌رپرسی دۆسیه‌ی عێراق له‌ باره‌گای بارزانی، له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌وه‌ ده‌كات هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك بۆ مه‌سه‌له‌ى كاندیدى سه‌رۆك كۆمار نییه‌ و ده‌شڵێ، "خۆ دنیا خراپ نابێت ئه‌گه‌ر سه‌رۆك كۆمار له‌ پارتى بێت".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ چوارى تشرینى یه‌كه‌مى 2022 عه‌ره‌فات كه‌ره‌م له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت، باسى له‌وه‌ كرد، رۆژ له‌دواى رۆژ كێشه‌ سیاسییه‌كانى عێراق به‌ره‌و ئاڵۆزى زیاتر ده‌چن وه‌ك تونێلێكى تاریكى لێهاتووه‌، عه‌ره‌فات كه‌ره‌م ده‌ڵێ، "هەتاوەکو ئێستا هیچ شتێک دیار نییە وەکو تونێلێکی تاریکە، هیچ روناکیەک نابینن لەو سەر، چاوەڕێ دەکەین بزانینن لە ماوەی داهاتوو چی دەبێت".

د.عه‌ره‌فات كه‌ره‌م باس له‌وه‌ ده‌كات هیچ به‌ره‌وپێشچوونێك له‌ دۆسیه‌ى كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار نییه‌ و هه‌ر چه‌نده‌ گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامن، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پێشوو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكایه‌تى كۆمار ئه‌م جاره‌ مافى پارتییه‌، چونكه‌ پارتى براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌ و ده‌شڵێ، "ئێمە هێزی یەکەمین خۆ دنیا خراپ نابێت سەرۆک کۆمار لە پارتی بێت، ئێمە خزمەتی گەلی کورد دەکەین، ئێمە دەزانین کە باوەڕمان وایە کە پارتی لە بەغدا بە هێز بوو، زیاتر خزمەت بە میللەتی کورد دەکەین".

د.عه‌ره‌فات كه‌ره‌م له‌ به‌شێكى ترى لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ سه‌ردانى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بۆ لاى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى ده‌كات و ده‌ڵێ، "هەموو شارەزایانی عێراق دەزانن ئەمڕۆ کە جەنابی سەرۆک رۆڵێکی گەورەی هەیە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکان، بە تایبەتی لەم بارۆخەدا کە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزە، وا خەریکە دەگاتە قۆناغێک لەوانەیە شەڕ دروست بێت. جێگای شانازییە کە سەرۆکی فەڕەنسا شاندێکی گەورە بنێرێ بۆ کوردستان، سەرۆک ماکرۆن خۆی داوا بکات بۆچوونی جەنابی سەرۆک بزانن لەسەر بارودۆخی عێراق، زۆر گرنگە".

له‌كۆتایى قسه‌كانى د.عه‌ره‌فات كه‌ره‌م جارێكى تر باسى له‌وه‌ كرد كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستان له‌گه‌ڵ ته‌واوى لایه‌نه‌كان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌ڵام وه‌ك خۆى ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات "جارێ هیچ شتێك دیار نییه‌".  د.عه‌ره‌فات كه‌ره‌م گوتى "وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لەسەر هێڵین، لەگەڵ لایەنە سیاسەکانی کوردستان و عێراق، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە بۆ ئەو کێشەیە، بەڵام تەماشا دەکەین وەکو وێنام کرد بە تونێلێکی تاریک، لە راستی کەس نازانێ لەو دیوی تونێلەکە چ هەیە چونکە ئەگەر روناکییەک هەبێت هيوايەک هەیە، بەڵام ئەو روناکیەش نییە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین