وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئیسحان شه‌مه‌رى سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى له‌ عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، پارتى و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ به‌ نیمچه‌ فه‌رمى وازیان له‌ هاوپه‌یمانێتى ره‌وتى سه‌در هێناوه‌ و كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12/ئه‌یلوول/2022 ئیحسان شه‌مه‌رى مامۆستاى زانسته‌ سیاسییه‌كان و سه‌رۆكى سه‌نته‌رى بیركردنه‌وه‌ى سیاسى له‌ عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ى كه‌ دوێنێ دواى دیداره‌كه‌ى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و محه‌مه‌د حه‌لبووسى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق بڵاوكرایه‌وه‌، راگه‌یاندنێكى نیمچه‌ فه‌رمى بوو كه‌ كورد و سوننه‌ وازیان له‌ هاوپه‌یمانێتى موقته‌دا سه‌در و رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در هێناوه‌. 

دوێنێ له‌ هه‌ولێر سه‌رۆك بارزانى پێشوازى له‌ هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى "سیاده‌"ى سوننه‌ كرد كه‌ له‌ لایه‌ن محه‌مه‌د حه‌لبووسى و خه‌میس خه‌نجه‌ر سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، دواتر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دووپاتیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌رله‌مان له‌ كاره‌كانى به‌رده‌وام بێت تا ئه‌و كاته‌ى هه‌ڵبژاردنێكى تر ده‌كرێت، جیا له‌مه‌یش هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ راگه‌یاند و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوور بێت و ئاماده‌كاريى بۆ بكرێت.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در له‌ رێگه‌ى "وه‌زیره‌كه‌ى" داواى له‌ كورد و سوننه‌ كرد له‌ په‌رله‌مان بكێشنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مانه‌كه‌ شه‌رعیه‌تى نه‌مێنێ، كه‌چى هه‌ڵوێسته‌كه‌ى دوێنێى كورد و سوننه‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و داوایه‌ بوو. 

ئیحسان شه‌مه‌رى: پارتى و سه‌روه‌ریى له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى حكومه‌ت پێكده‌هێنن
 

ئیحسان شه‌مه‌رى ده‌ڵێ، "ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌ دوو هۆكار بوو، یه‌كه‌میان ره‌تكردنه‌وه‌ى داواكه‌ى ره‌وتى سه‌در بوو له‌سه‌ر كشانه‌وه‌یان له‌ په‌رله‌مان، هۆكاره‌كه‌ى تر كۆششى كورد و سوننه‌یه‌ بۆ یه‌كخستنى هه‌ڵوێسته‌كه‌یان وه‌ك ده‌ستپێكێك بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌، كه‌ ئێستا هه‌ردوو لا دانوستاندن ده‌كه‌ن بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوو".

شه‌مه‌رى وێراى ئه‌وه‌ى دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، هاوپه‌یمانى "رزگاركردنى نیشتمان" كه‌ له‌ ره‌وتى سه‌در و پارتى و سه‌روه‌ریى پێكهاتبوو كۆتایى هاتووه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات ره‌وتى سه‌در سه‌ره‌تا هه‌ڵوێستى دوو هاوپه‌یمانه‌كه‌ى ترى لاواز كرد، شه‌مه‌رى ده‌ڵێ، "پارتى و هاوپه‌یمانى سیاده‌ دواى كشانه‌وه‌ى سه‌درییه‌كان له‌ په‌رله‌مان و دواتر دووركه‌وتنه‌وه‌ى موقته‌دا سه‌در، هه‌ڵوێستیان لاواز بوو، بۆیه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ جارێكى تر به‌گوێره‌ى گۆڕانكارییه‌كانى ئه‌م دواییه‌ پێگه‌ى سیاسى خۆیان ده‌گرنه‌وه‌، له‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى نزیك ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ئێستا گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مانه‌".

سكاى نیوز ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باسى له‌كۆتایى هاتنى هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتمان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و چاودێره‌ سیاسییانه‌ى كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌دا لێدوانیان داوه‌، دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌ر پارتى و سه‌روه‌ریى به‌ پیر بانگه‌وازه‌كه‌ى سه‌در نه‌چن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى په‌رله‌مان ئه‌وا بۆ ئه‌وه‌یه‌ نایانه‌وێ ببن به‌ به‌شێك له‌ ململانێى ناو ماڵى شیعه‌.

ره‌عد هاشم توێژه‌رى سیاسى سه‌باره‌ت به‌ به‌یاننامه‌كه‌ى پارتى و سه‌روه‌ریى ده‌ڵێ، "ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ واقیعبینى سیاسى بوو مكوڕبوون بوو له‌سه‌ر به‌رژوه‌ندییه‌كانى عێراق، تا دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت په‌كنه‌خرێن، ته‌نانه‌ت بارزانى و حه‌لبووسى نایانه‌وێ بچنه‌ ناو ململانێى شیعه‌- شیعه‌وه‌".

هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتمان له‌ ئادارى رابردوو له‌نێوان پارتى و سه‌روه‌ریى و ره‌وتى سه‌در پێكهێنرا. ئه‌و كات به‌ نیازبوون حكومه‌تێكى زۆرینه‌ى نیشتمانى پێكبهێنن، كه‌ جه‌عفه‌ر سه‌در سه‌رۆكایه‌تى بكات و رێبه‌ر ئه‌حمه‌دیش سه‌رۆك كۆمار بێت. دواى دوو مانگ ره‌وتى سه‌در له‌ په‌رله‌مان كشایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، سه‌در پلانى نوێى به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆیه‌ هه‌ڵوێستى خۆى له‌ به‌رانبه‌ر به‌رهه‌م ساڵح گۆڕیوه‌، ده‌شڵێ، زۆربه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یرى هه‌ڵوێسته‌كانى سه‌در ده‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین