ماڵپه‌ڕێكى فه‌ڕه‌نسى: سه‌در به‌ نیازى گرتنى سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بوو عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى میدیا پارتى فه‌ڕه‌نسى ئاشكراى ده‌كات موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ئامانجى له‌ پێكدادانه‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو گرتنى سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بوو. هه‌مان ماڵپه‌ڕ باس له‌وه‌یش ده‌كات جگه‌ له‌ كێشه‌ى سیاسى هێشتا ململانێیه‌كى ترى شاره‌وا له‌ ناو شیعه‌كان ماوه‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پێنجى ئه‌یلوول/2022 ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى جه‌زیره‌ پوخته‌ى راپۆرتێكى شیكارى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى (میدیا پارت)ى فه‌ڕه‌نسى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و نووسه‌رى راپۆرته‌كه‌ كه‌ جان پییه‌ره‌ كه‌سێكى شاره‌زایه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست.

له‌ راپۆرته‌كه‌ى باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئێستا دۆخه‌كه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ و هیچ چاره‌سه‌رییه‌ك دیار نییه‌، بۆیه‌ ماڵى شیعه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕى ناوخۆ دایه‌ و له‌ به‌شێكى ترى راپۆرته‌كه‌یش باس له‌وه‌ ده‌كات موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ئامانجى له‌ پێكدادانه‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردوو ئه‌وه‌ بوو، سه‌رجه‌م سه‌ركرده‌كانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بگرێت، به‌ڵام  به‌ هۆى ئه‌وه‌ى زانى هاوسه‌نگى له‌ هێزه‌كان نییه‌، پاشه‌كشه‌ى كرد.

نووسه‌رى راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، جگه‌ له‌ كێشه‌ى سیاسى، ململانێیه‌كى تر هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ دانانى شوێنگره‌وه‌ى عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌ هه‌یه‌ له‌ عێراق، كه‌ ئێستا ته‌مه‌نى 92 ساڵه‌.

ناوه‌ڕاستى هه‌فته‌ى رابردوو له‌ ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان لایه‌نگرانى سه‌در و هێزه‌ عێراقییه‌كان دروست بوو، له‌ ئه‌نجامدا 30 كه‌س كوژران و زیاتر له‌ 700 كه‌سیش برینداربوون. دواتر له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌در لایه‌نگرانى سه‌در كشانه‌وه‌ و كۆتایى به‌ پێكدادانه‌ چه‌كدارییه‌كان هات.
 



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین