ره‌وتى سه‌در داوا له‌ دادگا ده‌كات لێپرسینه‌وه‌ له‌گەڵ مالیكى بكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

غالب عمیرى په‌رله‌مانتارى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى ره‌وتى سه‌در داوا له‌ دادگا ده‌كات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان بانگهێشتى نوورى مالیكى بكات، چونكه‌ 20 رۆژه‌ بڕیارى لێكۆڵینه‌وه‌ كراوه‌ و تا ئێستا هیچ نه‌كراوه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ى ره‌وتى سه‌در شه‌وى رابردوو نۆى ئاب/2022 په‌یامێكى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، ره‌وتى سه‌در به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ى ده‌كات كه‌ به‌ ناوى نوورى مالیكى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

غالب ده‌ڵێ، "نزیكه‌ى 20 رۆژ تێپه‌ڕیوه‌ كه‌چى تا ئێستا دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌رخ هیچ بڕیارێكى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان ده‌رنه‌كردووه‌، هه‌ر  چه‌نده‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێكه‌ مافى گشتییه‌ ، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌ ئاشته‌وایى ناوخۆ".

دواتریش ده‌ڵێ، "ئه‌ركى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ڵگه‌ كۆبكاته‌وه‌، نه‌وه‌ك تاوتوێى تۆماره‌كه‌ بكات، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى به‌ڵگه‌ كۆكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ وته‌ى تۆمه‌تبار وه‌ربگیرێت".

له‌ 13ى مانگى رابردوو عه‌لى فازڵ كه‌ رۆژنامه‌نووسێكى عێراقییه‌، شه‌ش به‌ش له‌ تۆمارێكى ده‌نگى بڵاوكرده‌وه‌، گوایه‌ نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسایه‌ له‌گه‌ڵ دوو سه‌ركرده‌ى میلیشیاكان دانیشتووه‌، تاوتوێى پیلانێكى میلیشیایى دژى سه‌در ده‌كه‌ن. نوورى مالیكى نكۆڵى له‌وه‌ كرد، ده‌نگى ئه‌و بێت، به‌ڵام ره‌وتى سه‌در دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ تۆماره‌كه‌ ده‌نگى مالیكییه‌، دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌رخیش له‌ به‌غدا بڕیارى دا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌نگه‌كان بكات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین