وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران: به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ چاودێرى بارودۆخى عێراق ده‌كه‌ین ئێران

نوچه‌نێت

له‌ یه‌كه‌م لێدوانى فه‌رمى ئێران له‌سه‌ر پێشهاته‌ نوێیه‌كانى عێراق، ناسر كه‌نعانى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران رايگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى به‌ وردیى و به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ چاودێرى بارودۆخى عێراق ده‌كات.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ یه‌كى ئابى 2022 ناسر كه‌نعانى له‌ كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ گوتى، "تاران به‌ وردیى و به‌ هه‌ستارییه‌وه‌ چاودێرى پێشهاته‌كانى ئێستاى عێراق ده‌كات" دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ ئێران بایه‌خێكى زۆر به‌ ئاسایش و سه‌قامیگرى عێراق ده‌دات. 

گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران باس له‌وه‌یش ده‌كات ئه‌وه‌ى له‌ عێراق رووده‌دات، په‌یوه‌ندى به‌ ناوخۆى وڵاته‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و هیواى ئه‌وه‌ ده‌خوازێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌و بارودۆخه‌ تێپه‌ڕێنن.

رۆژى شه‌ممه‌ى رابردوو ئیسماعیل قائانى فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسدارانى ئێران به‌ سه‌ردانێكى رانه‌گه‌یێندراو گه‌یشته‌ عێراق و به‌گوێره‌ى هه‌ندێك زانیارى تا ئێستا له‌ عێراق ماوه‌ته‌وه‌ و خه‌ریكى گفتوگۆیه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى شیعه‌ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سێ رۆژه‌ لایه‌نگرانى ره‌وتى سه‌در له‌ باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان له‌ دژى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى كه‌ سه‌ربه‌ ئێران، مانیان گرتووه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین