لیژنەیەکى باڵا بۆ نەهێشتنى زێدەڕۆییەکان لە هەولێر پێکدەهێندرێ کوردستانی

نوچەنێت:

لە کۆبوونەوەیەکدا بەسەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ و پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە پرسى زێدەڕۆیی، لە پارێزگاى هەولێر، لیژنەیەک لە هێزەکانى (زێرەڤانى، ئاسایش، پۆلیس) بۆ نەهێشتنى ئەو دیاردەیە پێکدەهێندرێ.

ئەمڕۆ سێشەممە (26/تەممووز/2022) بەسەرپەرشتى رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بەرپرسانى یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، هاتووچۆ) کۆبوونەوەیەکى تایبەت بەپرسى زێدەڕۆییەکان لە سەر داواکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم ئەنجامدرا.

بەپێى ڕاگەیێندراوى پارێزگاى هەولێر، "وەزیرى ناوخۆ دووپاتى کردەوە کە ئەم کۆبوونەوەیە لەسەرداواى وەزارەتى ناوخۆیە و تایبەتە بەو زێدەڕۆییانەى کە ئەنجامدەدرێت، هەست دەکرێت زیدەڕۆییەکان ڕوو لەهەڵکشانە و ئەو پرسەش بۆتە مایەى نیگەرانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان."

لە کۆبوونەوەکەدا ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەى بە جۆرەکانى ئەنجامدانى زێدەڕۆیى لەسەر موڵکى گشتى و شوێنەکان کرد بەمشێوەیەى خوارەوە:

 

یەکەم: زێدەڕۆیی لەسەر موحەرەماتى شەقام، بەتایبەتى ڕێگاکانى دەرەوەى شار کە قوربانى زۆرى لێکەوتۆتەوە. 

دووەم: زێدەڕۆیى لەسەر بۆڕى نەوت، بەتایبەتى لەناو ئەو مەزرەعانەى کە دەکەونە سەر ڕێگەى ئەو بۆڕیانە.

سێیەم: زێدەڕۆیی لە سەر ڕێڕەوى ئاو کە بۆتە هۆى دروستبوونى کارەسات.

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەدا، وەزیرى ناوخۆ ڕاشیگەیاند، "سەرجەم دام و دەزگاکانى حکومەت بەرپرسن لە ڕێگریکردن لەو زێدەڕۆیانەى لەسنوورى ئیدارەى ئەوان دەکرێت." 

لە کۆبوونەوەکەدا بۆ نەهێشتنى زێدەڕیى ئەم بڕیارانەى خوارەوە درا:

یەکەم: لیژنەیەک لە هێزەکانى (ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیس) پێکبهێنرێت، هەر زێدەڕۆییەک لەسەر بۆڕى نەوت کرابێ کە شادەمارى ئابوورى هەرێمى کوردستان لایەنى سەرپێچیکار ئاگاداربکرێتەوە و ئەو زێدەڕۆییانە لاببرێت.

دووەم: هەمان لیژنە بەیاوەرى پۆلیسى هاتووچۆ، چارەسەرى هەموو ئەوزێدەڕۆییانە بکات کە کراوەتە سەر شەقامى دەوڵەت، بەتایبەتى ئەوانەى لە شەقامە سەرەکیەکان ئەنجامدراوە.

سێیەم: پیێویستە لەپارێزگاى هەولێر تیمێکى تایبەت پێکبهێنرێت، بەهەماهەنگى لەگەڵ قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحیەکان، هەر سەرپێچیەک هەبێت ڕاستەوخۆ بڕیارى چارەسەرکردنى بدرێت، ئەو کەس و لایەنەشى ڕێگەیداوە بە ئەنجامدانى زێدەڕۆییەکە ڕێکارى یاسایی لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر.

چوارەم: زیدەڕۆیی لەسەر ڕێرەوى سەرەکى و فەرعیەکانى ئاو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراونییە و بەهەموو شێوەیەک پێویستە چارەسەربکرێت، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ دروست بوونى لافا و نانەوەى کارەسات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین