عامرى داوا له‌ سه‌در ده‌كات چاوپۆشى له‌ تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان بكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح داوا له‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات، چاوپۆشى له‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ بكات كه‌ به‌ ناوى نوورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. عامرى داوا له‌ كورد و شیعه‌یش ده‌كات په‌له‌ بكه‌ن بۆ دانانى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 20/ته‌مووز/2022 له‌ كاتى به‌ڕێوه‌چوونى فیستڤاڵى غه‌دیر له‌ به‌غدا، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ راگه‌یاندن، هادى عامرى له‌ وته‌یه‌كدا داواى له‌ موقته‌دا سه‌درى رێبه‌ رى ره‌وتى سه‌در كرد چاوپۆشى له‌و تۆماره‌ ده‌نگییانه‌ بكات كه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ ناوى "نوورى مالیكى" بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. 

سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح تۆماره‌ ده‌نگییه‌كان به‌ ساخته‌ ده‌زانێ و پێیوایه‌ ئامانج لێى نانەوه‌ى ئاژاوه‌یه‌ له‌نێو شیعه‌دا. عامرى داواى له‌ كورد و شیعه‌یش كرد په‌له‌ بكه‌ن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى حكومه‌ت.

له‌ 13ى ئه‌م مانگه‌وه‌ تا ئێستا پێنج به‌ش له‌ تۆمارێكى ده‌نگى له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسێكى عێراقى به‌ ناوى عه‌لى فازڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. تۆماره‌ ده‌نگییه‌كه‌ ده‌درێته‌ پاڵ مالیكى كه‌ چه‌ند جارێك تێیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در. مالیكى ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و  سه‌دریش دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مالیكى و حزبى ده‌عوه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى لێكراوه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین