سەعدى ئەحمەد پیرە: هەوڵەکانى کاک نێچیرڤان بارزانى بۆ کەمکردنەوەى ناکۆکییەکان جێگەى دەستخۆشییە دیمانە

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان  لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت، هۆکارى ڕێککنەکەوتنى یەکێتى لەگەڵ پارتى سەبارەت بە پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى و یەکلایی نەبوونەوەى کورد لەسەر یەک بەربژێر بۆ بۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق دەخاتەڕوو.

بە بۆچوونى سەعدى ئەحمەد پیرە، پۆستى سەرۆک کۆمار مافى یەکێتییە و پێشتر لە ڕێککەوتننامەى ستراتیژى لەگەڵ پارتى لەسەرى ڕێککەوتوون.

 

 

دەقى دیمانەکەى سەعدى ئەحمەد پیرە ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان لەگەڵ نوچەنێت:

نوچەنێت: قسە هەیە لەم نزیکانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە، ئامانج لەو کۆبوونەوەیە چییە؟ 

سەعدی ئەحمەد پیرە: کۆبوونەوەکان کە لەو کاتەدا دەکەین لە سەروبەندی دروست کردنی حکومەتی عێراق و گفتوگۆکان پڕۆسەی سیاسییە و بەردەوامە. وە ڕێک نۆ مانگى تەواوە هەڵبژاردنى عێراق کراوە، تا ئێستا خەڵک چاوەڕێیە ئێمە حکومەت پێکبهێنین، کە خۆى ئەو هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو، هەڵبژاردنێکی کاتی ئاسایی نەبوو لەبەر ئەوەی خەڵک بە حکومەت و پەرلەمان و شێوەی بەڕێوەبردنی ڕابردوو رازی نەبوو، بەڵام  خەڵک ئەوە نۆ مانگە هەڵبژاردنی کردووە، چاوەڕێی ئیدارەکی نوێ و شێوەیەکی نوێن لە حکومڕانی، تا ئێستا هیچ نەبووە ئەمە خۆی لەخۆیدا شەهادەی فەقیرحاڵی دەدا بەم پڕۆسەیە، بۆیە من پێموایە ئەمڕۆ لە هەموو کات زەرورترە کە کورد خوێندنەوەیەکی بابەتیانە بۆ بارودۆخەکە بکات.

لە چەند مانگی ڕابردوو بارودۆخی هەرێمی کوردستانیش کەمێک وەکو بارودۆخی باقی عێراق،  لە ئەنجامی ئەو هاوپەیمانی سێ قۆڵییەی کە لە نێوان (رەوتی سەدرو پارتی دیموکراتی کوردستان وهاوپەیمانی سیادە)کرا بۆ دانانی حکومەتی زۆرینە و سەر نەکەوت، لە دوو سێ کۆبوونەوەی پەرلەمان سەرکەوتو نەبوو، دەنگی تەواوی نەهێنا یان ژمارەی تەواو لە کۆبونوەوەی پەرلەمان ئامادە نەبوون، بۆیە کۆبوونەوەکان ناڕەزایی لێکەوتەوە و کۆتایی هات. پاش شکست هێنانی ئەم رێککەوتننامەیە سێ قۆڵییە، ئێمە نابێت چەپڵەی ئەوە لێبدەین کە ئەوان شکستیان هێنا، دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین ئەوەی کە ئەوەى ئێمە پێی رازی نەبووین هەمان شت دووبارە نەکەینەوە، دەبێت ئێمە هەوڵی ئەوە بدەین ئەم حکومەتەی کە ئێمە دەمانەوێت لەسەر ئەساسی تەوازن و تەوافق و شەراکەت دابمەزرێت، هەموو لایەک شەریک بین.

من پێموایە دەبێ ئێمە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گفتوگۆی بەردەوام بکەین، بۆ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بابەتە بێتەپێش، وە هەوڵ بدەین بەیەکەوە بە تیمێکى هاوبەش و پڕۆژەیەکی هاوبەش بەشداری لە حکومەتی داهاتوو بکەین لە عێراق، چونکە بابەتی سەرۆک کۆمار لە عێراق، کلیلە بۆ دەرگاکانى تر، لە دوایی ئەوەوە پڕۆسەکە بەتەواوی دەست پێدەکات بۆ دامەزراندنی حکومەت و دامەزراوەکان و هەنگاوەکانی تر.

نە یەکێتی بە بێ پارتی حکومڕانی پێ دەکرێ نە پارتیش بەبێ یەکێتی حکومڕانی پێ دەکرێ.

نوچەنێت: چۆن دەڕوانیتە هەڵوێستی سەرۆک نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بەردەوام لە هەوڵی نزیککردنەوەی لایەنە سیاسیەکاندایە بەتایبەتی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان؟

سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە هەردوو لایەن حیزبمان هەیە، پارتى دیموکراتى کوردستان  یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان. لەناو پارتی سەرۆک هەیە لە ناو یەکێتیش سەرۆک هەیە، لە ناو هەردوو حیزبیش مەکتەبی سیاسی هەیە، کاک نێچیرڤان بارزانى لە ناو پارتیش سەرۆک و جێگر و مەکتەبى سیاسى، کاک نێچیرڤان بارزانى، یان هەر کەسێکى ترەوە، لەلایەن سەرۆکى پارتى یان مەکتەبی سیاسی ڕاسپێردرێت بۆ بەدواداچوون و کۆتایی هێنان بە گفتوگۆ لەسەر مەسەلەی دامەزراندنی حکومەت، ئێمە ئەوە لە چوارچێوەی جەولەیەکی تر لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبینین، وە لە چوارچێوەی خاوکردنەوەی گرژییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی دەیبینین، کاک نێچیرڤان بارزانى، وەکو سەرکردەیەکی ناسراو و بە توانای پارتی، لە هەمانکتدا سەرۆکی هەرێمی کوردستانیشە، دیارە چالاکییەکانی جێگای سوپاسە کە هەوڵی ئەوە دەدات بەپێى توانا لە ناکۆکییەکان کەم بکاتەوە، وە ڕێگاى تر بدۆزێتەوە بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتی، بۆیە من پێموایە مەسەلەی کۆتای هێنان بەم کێشەیە سەرکردەیەک دەتوانی دەوری ئیداری ببینی، بەڵام بە تەنها ناتوانێ کۆتایی پێ بێنێت.

نوچەنێت: بۆ بەربژێری سەرۆک کۆماری عێراق پارتی بەربژێری خۆی هەیە، ئێوەش بەربژێری خۆتان هەیە چۆن رێکدەکەون لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار؟

سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە نامانەوێت ئەم بابەتە بە لاڕێدا ببەین، ئەم پۆستە بۆ کوردە، پۆستی سەرۆک کۆمار لە بنەڕەتدا پۆستێک بووە لە عێراق جێگای فیتنە و لێکترازانی پێکهاتەکانی عێراق بووە، لەسەردەمی رژێمی سەدام حوسێن، لە سەردەمی جەنابی مام جەلال بە پێچەوانەوە بوو، بوو بە ماڵێک کە هەموو پێکهاتەکانی عێراقی لێى کۆببونەوە، وە وێنای یەکڕێزی پێکهاتەکانی عێراق نیشاندەدرا، بۆیە دەبێت ئەم ڕۆڵە بمێنێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، وە سەرۆکایەتیی کۆمار بەپێى ڕێککەوتننامەی ستراتیژی، یەکێک لەو پۆستانە بوو کە بەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کەوتبوو، ئێستاش ئەو پۆستە ئێمە بە ئیستحقاقی یەکێتی دەزانین، چونکە ئەگەر برادەرانی، پارتی سەرۆکی هەرێمیان هەبێ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانیان هەبێ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشییان هەبێت، سەرۆکی دادوەرییان هەبێت، وەزیری دەرەوەیان هەبێت، کاک مەسعودیش سەرۆکی هەموویانە، ئەى ئەگەر سەرۆک کۆماریشیان قۆرغ کرد، ئەوکات نازانم پارتی باسی شەراکەتی چی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی دەکات؟ ئەوکاتە ئێمە لەچی شەریکین لەگەڵ پارتی؟ بۆیە من پێموایە ئەم بابەتە بابەتیکی گرنگە و نەهێشتنی هیچ پانتایەک بەو شێوەیە بۆ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لەوێوە ئینتیلاق بکات بۆ مومارەسەکردنی شەراکەت لەگەڵ پارتی، پێموایە ئەمە کاریگەریی زۆر خراپی دەبێت، وە سەوڕ دەکەم بۆ پارتیش باشترە زیاتر فشار نەهێنی بۆ سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، دوایش پارتی خۆی داوا لە عێراق دەبێ دەستوور جێبەجێ بکات، عێراق دەبێت پرس وڕا  و شەراکەت و تەوافق بکات، ئەگەر خۆى ئامادەی تەوافق وشەراکەت پرسوڕا نەبێت لە هەرێمى کوردستان، باشە بۆچى ئەو داوایە لە عێراق دەکات.

بەپێى ڕێککەوتنى ستراتیژى پۆستى سەرۆک کۆمار مافى یەکێتى نیشتیمانیى کوردستانە.

نوچەنێت: بۆ بابەتی هەڵبژاردنی کوردستان ئێوە وەکو یەکێتی نشتیمانی کوردستان داوای فرە بازنەیی دەکەن، پارتی دیموکراتی کوردستانیش داوای یەک بازنەیی دەکات ئەگەر نەگەیشتنە ڕێککەوتن چی دەکەن لەم کاتە؟

سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە هەموو ئیجرائاتێک کە داوای دەکەین لە پێناوی هەبوونی هەڵبژاردنێکی پاک و خاوێن و بێگەردە، ئێمە نیگەرانین لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى ڕابردوو، وە نیگەرانین لە شێوەی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانى ثیشوو.

بایۆمەتری کراوە، وە پێمان وایە بە پێی بایۆمەتری خەڵک دەبێ بەشداری هەڵبژاردن بکات، چونکە ئێمە لەسەر لیستی دەنگدەرانی ئێستای هەرێمی کوردستان رازینین، ئەو لیستە پاک نەکراوەتەوە، ناوى مردووی و دووبارەی تێدایە، هی ووڵاتانی تری تێدایە، بۆیە پێویستە ئەمە کۆتایی پێبێت، بۆیە تا ئەوە دەکەین پێویستە سوود لە لیستی دەنگەدرانی عێراق وەربگرین، کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەکارهات ئەمە یەک.

دوو ئێمە پێمان وایە چۆن لە هەرێمی کوردستان رازیبووین بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانی عیراق، هەرێمی کوردستان بکرێت بە (12) بازنە، ئەی بۆ نابێت بۆ هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان نابێ باسی چوار بازنە بکرێت، جیاوازی چییە، هەڵبژاردن هەر هەڵبژاردنە، ئێمە دەەمانەوێت بەدەنگی خەڵکی سلێمانی بەس بە دەنگی سلێمانی ببێتە ئەندامی پەرلەمان،  خەڵکی هەولێر، بەدەنگی خەڵکى هەولێر ببێتە ئەندام پەرلەمانی کوردستان، خەڵکی دهۆک بەدەنگی دهۆک، واتە ناکرێ ئێمە هەوڵی بدەین بە دەنگى یەکێ لە پارێزگاکانى تر کاریگەری لە سەر پارێزگاکانی تر بکەین، بۆیە نوێنەراییەتی ئەو پارێزگا دەبێ بەدەنگی ئەو پارێزگایە.

مەلەسەیەکى تر کە ئێمە لەسەرى ڕژدین، مەسەلەى کۆتاکانە، زۆرجار هەندێ لەو کۆتایانە کە گومان لەسەر بەخۆییان دەکەم، هەوڵی ئەوە دەدەن کەوا تەفسیر بکەن، کەوا یەکێتی داوا دەکات ژمارەی کۆتاکان کەم بکاتەوە، ڕاست ناکەن، ئێمە نامانەوێت ژمارەی کۆتا کەم بکەینەوە، ئەگەر ڕاست دەکەن با ژمارەی کۆتا زیاد بکەین، بەڵام کۆتا بەدەنگی تاییەت هەڵنەبژێردرێ، واتە دەنگی تایبەت بۆ کۆتا نەڕوات، یانى چۆن دەبێت دەنگی کۆتا نوێنەری تورکمان بێت، بەڵام هەموو دەنگەکانی لە ئاسایشی گشتی بۆ بێت، یان هەموو دەنگەکانی لە یەکێ لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ بێت؟

 ئێمە دەمانەوێت کۆتای پێکهاتەکان نوێنەری پێکهاتەکان بێت، بەرگری لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بکات، لەگەڵ جەمعى گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستانیش بێت، ئێمە زۆر جار لەگەڵ برادەرانی پارتی کە کێشەیەکممان دەبێت لە مەسەلەیەک،  پێش ئەوەی برادەرانی پارتی قسەیەک بکەن، هەندێ لە کۆتاکان بە جواب دێن، ئەوان لە مەلیک مەلەکیترن، وە ئێمە پێش ئەوەی هەڵبژاردن دەستیپێکرد بێت، ئەوان (11) کورسیان مسۆگەر کردووە، یارییەکە دەستی پێ نەکردوە، (11) بە سفڕین، ئەمە نابێت، دەبێت کۆتا بۆ پێکهاتەکان بێت، بۆ نوێنەری پێکهاتەکان بێت، وە کۆتا لە سەرتاسەری کوردستان، لە کێ پێکهاتە هەبێ لە کفری، لە کۆیە هەیە، لە سلێمانی هەیە لە شوێنیتر هەیە لە دیانە و سۆران و شەقڵاوە هەیە، پێویستە ئەم کۆتایانە دابەش بکرێت بەسەر ئەم شوێنانە، نابێ کورسییەکی بە ژمارەی دەنگی کەم، بۆ نموونە زۆر جار هەیە پێویستمان بە (15000) هەزار دەنگ دەبێت بۆ کورسییەک، بەڵام کۆتا بە (900) دەردەچێت. 

نابێت چەپڵە لێبدەین بۆ سەرنەکەوتنى هاوپەیمانى ڕزگارى نیشتیمانى

نوچەنێت: پارتی باس لەوە دەکات ئێمە نەرمیمان نواندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکێتی بگەینە رێککەوتن، پێتانوایە بەم نەرمى نواندنە دەگەنە رێککەوتن؟

سەعدی ئەحمەد پیرە: من باسى بابەتەکانم بۆ کردى، ئێمە دەڵێن چوار بازنە، پارتى (12) بازنەى بۆ عێراق قبووڵ کردووە، بەڵام نایەوێ (4) بازنەیى بۆ هەرێمى کوردستان قبووڵ بکات، ئێمە دەڵێن کۆتاکانت دابەشکردووە، ناتەوێ قبووڵى بکەى، ئێمە دەڵێن لیستى دەنگدەرانى هەرێم لەگەڵ لیستى دەنگدەرانى عێراق کە هەیبوو بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان لەگەڵ ئەوەى هەرێم (100) هەزار دەنگى فەرقە، ئەوە لە کوێ هاتووە، پارتى وەڵامى ئەوانە ناداتەوە، داواى پۆستى سەرۆک کۆماریش دەکەن، ئەى نەرمییەکە لە کوێیە؟

یەکێتى و پارتى مەحکومن بە یەکەوە کاربکەن، لە هەرێمی کوردستان نە یەکێتی بە بێ پارتی حکومڕانی پێ دەکرێ نە پارتیش بەبێ یەکێتی حکومڕانی پێ دەکرێ، بۆیە ئێمە ئەگەر ناکۆک و ناتەبابین دەڕۆین، گرژیش دەبێت، بەڵام ئەو کاتەی مەترسى بگاتە سەر بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمان، لەوێ بە یەکەوە دادەنیشین تا دەگەینە رێکەوتن، بەڵام دڵنیابە لەوەى نابێ یەکێتی بە تەنها نابێت باجی هەمووی بدات، چاو پۆشی لە هەندێ شت بکات، کە لە نەزاهەت و لە پاکی هەڵبژاردنەکە کەم دەکاتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین