ڕێكخراوێك لە هەولێر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا یەك ملیۆن دار بەڕوو دەچێنن
ئامادەکردن: چرا یاسین
دەقی دیمانەی ڕێكخراوی هەسار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەشوهەوا لەگەڵ نوچە نێت:
نوچە نێت: ڕێکخراوی هەسار چییە، ناساندنیکی کورت و گشتی بۆ ڕێکخراوی هەسار بکە؟
ڕێکخراوی هەسار: ڕێکخراوی هەسار ڕێکخراوێکی خۆماڵیی قازانج نەویستی نا فەرمییە، لە ساڵی (2019) دامەزراوە بە ئامانجی ڕووبەڕووبەنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا. لەو بوارەشدا کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجام دەدات، هەروەها ئامانجی سەرەکی لە دەستپێکردنی کارەکانی ڕێکخراوی هەسار ئەوەبوو کە تۆڕێکی هەماهەنگی گەنجانی ژینگە دۆست دروست بکات، چونکە ڕێکخراوی هەسار تێگەیەشتنێکی هەبوو، ئەویش ئەوەبوو کە ئەگەر کۆمەڵێک گەنج لە هەمان بوار کۆ ببنەوە، هەرچەندە ئەگەر لە باکگراوندی جیاوازبن، بۆ نموونە لە ڕەگەز و نەتەوە و ئایینی جیاواز هەروەها پیشە و توانای جیاواز، بەڵام بۆ ئامانجێک بەیەکەوە هەماهەنگیی بکەن، دەتوانن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، هەر بۆیە لە کاتی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە ئێمە گەڕان و وردبینی تەواوی دۆخی ژینگەکەمان کرد و بەر چەندین ئاماری مەترسیدار کەوتین، هەوڵەکانی ئێمەش لەسەر ئەو بنچینەیە سەریهەڵدا کە گۆڕانی کەشوهەوا کارگەرییەکی ئێجگار گەورە و لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ژینگەی هەسارەکەمان هەبوو، هەر بۆیە ڕێکخراوێکی ناوەخۆییمان دامەزراند لەسەر ئەو بڕوایەی کە هەر کێشەیەک کە دروست دەبێت لە کوردستان و عێراق و ناوچەکەی خۆمان پێویستی بە چارەسەریی خۆماڵیش هەیە، واتە خۆمان و گەنجەکانی خۆمان و بە چارەسەری خۆمانەش کاری بۆ بکەیین.
نوچە نێت: ئێوە وەک هەسار بەرنامە و پڕۆژەی ستراتیژییتان لە بواری ژینگەدا چییە؟
ڕێکخراوی هەسار: بۆ ئەوەی کە ستراتیژی دابنێیت بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، پێویستە سەرەتا لە بارودۆخی ئەو ناوچەیە تێبگەییت کە تێیدا هەییت، واتە داڕشتنی ستراتیژی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکیتر زیاوا و دەگۆڕێت. بۆ نموونە لە ناوچەیەکی وەکو هەرێمی کوردستان دەبێت سەرەتا کێشەکە دیاریی بکرێت و بزاندرێت کە گۆڕانی کەشوهەوا لە کوێ زۆرترین زەرەر و زیانی لێداوین و کاریگەریی بەسەرمانەوە هەبووە، ئینجا لەوێوە ستراتیژی دادەنرێت کە کاری لێ دەکرێت، وەکو ڕێکخراوی هەسار ئێمە بواری ئاومان هەیە، وەك دەزانین کوردستان بە گشتی و هەولێر بە تایبەتی کێشەیەکەی زۆر گەورەی هەیە لە بواری ئاودا، بۆیە ستراتیژییەکی تایبەتمان هەیە بۆ ئەم کێشەیە. لە بواری گەنجان ئێمە دەزانین کە هەموو ئەو کارانە و هەر کارێک کە بکەیین وە ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەمانەوێت بکەیین ئەگەر گەنجی تێدا نەبێت، ئەوا ئەو ڕێژە سەرکەوتنەی بە دەست ناهێنێت کە تۆ دەتەوێت، چونکە هەموو هێز و توانا و هەموو زانست و زانیارییەکان لەلای گەنجەکانە، و دەبێت هەر ئەوان بەکار بهێنین و بەشدارییان پێ بکەین، جا چ لە ڕێگای خۆبەخشییەوە چ لە ڕێگای بەهێزکردن لە ڕووی پێدانی هۆشیاریی و ڕاهێنان و پڕۆگرامی جیاواز بۆ برەودان بە توانایان. هەروەها بواری دیکەمان هەیە ئەویش وزەی نوێبووەوەیە، لەو بوارە دەبینین کە پابەندبوونەکی زۆر زۆرمان هەیە لە ئەو وزانەی کە ژینگە پیس دەکەن، کە بە کاریان دەهێنین گازە گەرمخانەییەکان دەخەنە بەرگە هەوا، بۆیە دەمانەوێت ئەو گواستنەوەیە بکەیین لەو گازانە، کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەیەکی گونجاوە بۆ وزە نوێبووەوەکان، بە تایبەت وزەی خۆر ئێمە ساڵانە 300 ڕۆژ وزەی خۆرمان هەیە و دەتوانین سوودی لێ وەربگریین.
هەروەها پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاو و بەکارهێنانەوەی ئاومان هەیە، کە بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونسێف، کار لەسەر پاڵاوتنی ئاوی مەزراکان دەکەیین دوای پاڵاوتن و پاککردنەوەی و پشکنینی لە تاقیگەکاندا لە بواری ئاوداندا بەکاری دەهێنینەوە، هاوکات پڕۆژەیەکیتر کە ئێمە ئێستا لە پلانمان دایە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ببینەوە، دیاردەی ئەو کۆچکردنەیە کە ئێستا دەستیپێکردییە لە هەموو عێراق، و کوردستانیشی گرتووەتەوە، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کۆچکردنێک ڕوودەدات، کە خەڵک لە شوێنی خۆی ناتوانی بژییەت وکۆچدەکات بۆ شوێنی دیکە، بە واتایەکی ڕوونتر لە گوندەکان و ئەو شوێنانەی کە شوێنی بەرهەمن ناتوانن بژیین و دێنە جێگای شارەکان زیاترئەمەش کارەساتێکی گەورەیە لە هەموو ڕووەکانەوە بە تایبەتی لەو ڕووەی کە لەناو شار پاڵەپەستۆییەکی گەورە ڕوودەدات، و شەڕ لەسەر سەرچاوەکان دروست دەبێت. بۆیە بەو پڕۆژانەی کە پێیان دەگوترێت پڕۆژەکانی گۆڕانی کەش وهەوا بۆ خۆگونجاندن و دروستکردنی خۆڕاگریی تا خەڵک لە ناوچەکانی خۆیان بمێننەوە و لە کارەکانیان بەردەوامبن، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەیەکی تایبەتمان هەیە کە خاک بپارێزین لە بە بیابان بوون بە دارچاندن و کۆمەڵێک بابەتی دیکە، لە هەمانکاتدا بکەین بە سەردەمییانە، لەبەر ئەوەی ئەو سەردەمەی ئێستا جیاوازە لەگەڵ سەردەمی پێشووتر، و بتواندرێت زیاتر تەکنەلۆژیا و تەکنیک و ڕێگا زانستییەکانی تێدا بەکار بێت و بە هەڵمبوونی تێدا کەمبکرێتەوە. هەموو ئەو پڕۆسانە بە گشتی ئەو ستراتیژییانەن کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی هەسارکاردەکات لەسەریان بۆ ڕووبەڕووبونەی گۆڕانی کەشوهەواجیا لەمانەش لە چالاکی بەردەوام دایە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لە ڕێگەی پێشکەشکردنی سیمینارەوە، بە تایبەت لە قوتابخانە و ناوەندە ئەکادیمییەکان.
نوچە نێت: پڕۆژەی چاندنی ملیۆنێک داربەڕوو، کە یەکێکە لە پڕۆژەی ڕێکخراوەکەتان، کارەکانی ئەم پڕۆژەیە بە چی گەیشت؟
ڕێکخراوی هەسار: پڕۆژەی چاندنی ملیۆنێک داربەڕوو وەک یەکێک لە پڕۆژە گرینگەکانی ڕێکخراوی هەسار لە ساڵی 2020 بە هاوبەشی چەند لایەنێک دەستیپێکرد، وەک بیرۆکەی بیرۆکەی ڕێکخراوی هەسار بوو، بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای ڕوانگە، کە ئەوان هاوبەشی سەرەکی ئێمەن، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراویتر وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، ئامانجەکەشی بە هەمان شێوە بریتی بوو لە ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک دەزانین یەکێک لە ڕێگا هەرە کاریگەرەکان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی کەشوهەوا بریتییە لە چاندنی دار، لەبەر ئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی ئەوە ڕوویداوە کە ڕێژەی دوانۆکسیدی کاربۆن زۆر بووە لە بەرگە هەوای زەوی، داریش بۆ ئەوەی گەشە بکات و ڕەگ و قەد و گەڵاکانی دروست ببێت پێویستی بە کاربۆنە، بۆیە دوانۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت و کاربۆنەکەی بۆخۆی وەردەگرێک و ئۆکسجینەکە دەداتەوە بەم جۆرەش چەند ڕێژەی دار زیاتر بچێنیت، ئەوەندەش دوانۆکسیدی کاربۆن دەهێنیتە ناو خاکەکەت. ئەمە ئاماجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە بوو، جگە لەمەش چەندین ئامانجی دیکەی هەیە بۆ نموونە پلەی گەرمی ناوچەکە دادەبەزێنێت و فێنکتری دەکاتەوە، زیندەوەری زیاتر دێتە ئەو ناوچەیە هەروەها ئاو زیاتر دەباتە ناو خاک، ئەمەش بۆ زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی سوودبەخشە هەروەها ڕێگریی لە لافاو دەکات.
بۆ ئەمەش پێویستە ژمارەیەکی زۆر دار بچێندرێت، نەک بە ١٠ هەزار و ٥٠ هەزار، هەر بۆیەش ئێمە وەک ڕێکخراوی هەسار پڕۆژەی ملیۆنێک داربەڕوومان ڕاگەیاند، چونکە دەمانەوێت ژمارە و ڕێژەی دارچاندنەکان زۆر گەورە بن. ئێستا لە سەردەمی گۆڕانی کەشوهەوای ئەگەر تۆ بتەوێت هەر دارێک بچێنیت، دەبێت دارەکەت خۆماڵی بێت واتە ڕەسەن بێت و هی ناوچەکە بێت، بۆ نموونە ئەگەر من دارێک لە دەرەوەی وڵات بهێنم، هەرچەندە ئەم دارە جوان بێت، وە سێبەری هەبێت، بەڵام دارێکی هەڵەیە و نابێت بچێندرێت. تاوەکوو ئێستا ٣٠٠ هەزار دارمان لە ناو هەولێر چاندووە، ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی تاقیکارییە، بۆیە لە قۆناغی داهاتوو کە دەست پێدەکینەوە بە ڕێگا و شێواز و ستراتیژیی نوێ بەردەوامیی پێ دەدەین. بەسەر چەند قۆناغێك دابەشی دەکەیین. هەڵبژاردنی داری بەڕووش چەند هۆکارێكمان هەبوو لەوانە داری بەڕوو دارێکی ڕەسەنی خۆماڵییە ٪٩٠ی دارەکانی کوردستان کە بە شێوەیەکی خۆڕسکانە ڕوواون داری بەڕووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ژینگەکەمان لەبارە بۆ گەشەکردنی ئەم دارە. هەروەها داری بەڕوو دارێکی خۆڕاگرە و ڕەگەکەی زۆر دەچێتە قوڵایی و سەدان ساڵ دەمێنێتەوە، هەروەها ئاوی کەم دەوێت، گرنگترین خاڵیش داربەڕوو ڕێژەیەکی زۆری دوانۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت، بۆ زیندەوەرانی ناوچەکەش گونجاوترە.
نوچە نێت: بە پێی ڕاپۆرتە پزیشکی و ڕۆژنامەوانییەکان، هەولێر یەکێکە لە پیسترین شارەکانی عێراق، هەروەها نەخۆشی شێرپەنجە لەو شارەدا تەشەنەکردنمێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، پڕۆژەتان چییە بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم دۆخەی هەولێر؟
ڕێکخراوی هەسار: ئێمە وەک ڕێکخراوی هەسار، بەردەوام لە هەر پڕۆژەیەك یەکەم شت کە بیکەیین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەر کێشەیەك کە دەستی پێدەکەیین، بریتییە لە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داتا، بابەتی پیسبوونی ژینگەی هەولێر بابەتێکە زۆر ئاماژەی پێدرایە و دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، ئێمە دەمانەوێت پێناسەی بۆ بکەیین. بۆ نموونە کە دەڵێن ژینگەی هەولێر پیسە، دەبێت یەکەمجار بزانین چەند پیسە؟ لە چ ڕوویەکەوە پیسە؟ چۆن پیسبووە؟ هۆکارەکانی چین؟ دووەم بزانین کە ئەو داتایانە لە چ ئاستیكدا پیسە و چۆن کاریگەریی لە خەڵک لە ناوچەکە و لە دارەکان لە زیندەوەرەکان لە هەموو پڕۆسەکان دەکات، واتە وەکو ڕێکخراوی هەسار یەکەم هەنگاو کە دەمانەوێت بیکەیین بۆ ڕووبەڕووبونەوەی هەموو کێشەیەك و لە ناویشیدا پیسبوونی ژینگەی هەولێر، ئەوەیە کە هەموو شتەکان بە داتا بکەیین، لەبەر ئەوەی هەندێك ڕێگەچارە هەیە کە خەڵك باس دەکات و ئێمەش دەتوانین باس بکەیین، بەڵام ئەگەر کێشەکە بە داتا دیاریی نەکرابێت، ئەوە ڕەنگە لە چارەسەرەکەدا تووشی گرفت ببین، و ڕەنگە زۆریش پارە وەک تێچوو سەرف بکەیین لە پڕۆژەکانمان، کە پەیوەندی بە پیسی ژینگەی هەولێردا نەبێت، بۆ نموونە ڕەنگە هەواکەمان وایکردبێت کە ئێمە تووشی شێرپەنجە ببین، بەڵا، ڕەنکە ٪١٠ کاریگەریی هەواکەبێت، ٪٣٠ هۆکاری خۆراك و کوالێتی خۆراك بێت، هەروەها هۆکاری پاڵاوگە نا یاساییەکان بێت. واتە تەنها ئەوەی کە دەیزانین ژینگەی هەولێر پیسە، و نەخۆشی شێرپەنجە تەشەنەی کردووە، بەڵام ئەمانە چۆن پەیوەندیدارن بەیەکەوە، وە ئایا ژینگەی هەولێر چەند پیسە؟ و ئەو پیسییە لە چییەوە دروست بووە؟ ئەوەیان نازاندرێت. بۆیە وەکو ڕێکخراوی هەسار یەکەم هەنگاومان دەمانەوێت هەموو ئەمانە بکەیین بە داتا و کار لەسەر دیاریکردنی کێشەکان بکەیین، هەتاوەکو خەڵک و حکومەت و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان هەموویان بەرچاوڕوونیان هەبێت و بزانن کێشەکان لە کوێن. هەنگاوی دووەممان بریتییە لە کارکردن بەهەماهەنگی، ئێمە پێمان وایە ئەگەر کێشەکان دیاریکران هەمووان بە هەمانهەنگی دێن و کار لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن، بۆیە دوای هەنگاوی یەکەم پلانمان وایە بەهەماهەنگی هەموو لایەنەکان گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی بکەیین.
نوچە نێت: لە ماوەی ڕابردوودا بەشداریتان لە کۆنفڕاسی (cop29) لە ئازەربایجان کرد وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجام و دەستکەوتەکانتان لەو کۆنفڕاسەدا چی بوون؟
ڕێکخراوی هەسار: سەبارەت بە کۆنفڕاسی ئازەربێجان ئێمە وەك ڕێکخراوی هەسار بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریمان کرد، وەکو ڕێکخراوی هەسار چەند ئامانجێک هەبوو پێکامان، یەکەم شت گۆڕانی کەش وهەوا بابەتێکی چەند ئاڵۆزە، ئەوەندەش سادەیە واتە لە ئڵۆزە کە هەر لە دوورەوە سەیری بکەییت و زانیاری ئەوتۆت نەبی، و ئاڵۆزە ئەگەر لەگەڵ وڵاتەکانی دیکە تێکەڵ نەبووبییت. بەشداریکردنی ئێمە وایکرد کە بیرۆکەی باشتر و جوانترمان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، واتا ئاستی زانینی ئێمە بەرزتر ببێتەوە. و زیاتر فێر ببین و باشتر لەوە تێبگەیین کە دۆخەکە چۆنە، ئەمەش زۆر گرینگە و بنەمای هەموو پڕۆژەیەکە. دووەم شت کە وەک ڕێکخراوی هەسار سوودمان لێوەرگرت ئەوەبوو کە چووینە نێو بازنەیەکی پەیوەندییە نێودەڵەتییەکانەوە، و ئێمە ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ 29 لایەنی نێودەوڵەتی بەستووە و دەستمان بە هەنگاوەکان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن پشتگیریی ئێمە بەکەن، ئێمەش پشتگیرییان بکەینەوە تا بتوانن پڕۆژە لە وڵاتێکی وەکو عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن. دەستکەوتێکیتر وەکو خوودی خۆمان ئەوە بوو کە توانیمان سەلماندنێک پێشکەش بە لایەنی نێو دەوڵەتی بکەیین، لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی وهەرێمی کوردستان بە تایبەتی کە خاوەن گەنجی هۆشیار و خاوەن بەهرە و توانایە، هەروەها ڕێکخراوی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوامان هەیە، کەسی شارەزامان هەیە لەو بوارە، و پڕۆژە جێبەجێ دەکرێت، واتە توانیمان ڕوانینی لایەنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئاستی هۆشیاری و بوونی متمانە بەو ناوچانە ی ڕۆژهەڵات بگۆڕین. ئەم دەستکەوتانە وەکو ڕێکخراوی هەسار، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش یەکێك لە پلانەکانی ئەم کۆنفڕاسە دانانی سندوقی سەوزە، ئەرکی ئەم سندوقە وەرگرتنی داهاتە لەو وڵاتە پیشەسازییانەی کە ڕۆڵی زۆریان هەیە لە پیسبوونی ژینگە و بەرگەهەوا، وە پێدانیان بەو وڵاتانەی کە قوربانین، لەم ڕووە ئێمەش دەتوانین لەو داهاتە سوودمەندبین وبتوانین بۆ باشترکردنی دۆخی ژینگە و کەشوهەوا بەکاری بهێنینەوە تاوەکوو هەر کاتێك داوامان لێکرا پلان و پڕۆژەی تایبەتی خۆمان ئامادەبێت، هەروەها لە ساڵانی داهاتووشدا دەتونین وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە زنجیرە کۆنفڕانسەکانی دیکەی copبکەیین.
نوچە نێت: لایەنی پەیوەندیدار مەبەستمان حکومەتی هەرێمی کودستانە تا چەند هەماهەنگییان هەبووە لەگەڵ ڕێکخراوە ژینگەییە نا حکومییەکان، بە وێنە ڕێکخراوی هەسار؟
ڕێکخراوی هەسار: ئەم ئەزموونەی کە باسی دەکەیین بێگامن لە ئەزموونی ڕووانینی ڕێکخراوی هەسارەوەیە، چونکە ڕێکخراوی نا فەرمیمان زۆرە ڕەنگە ئەزموونی جیاوازیان هەبووبێت، بەڵام ئەوەی ئێمە هەستمان پێکردووە و ئەزموونی دەکەیین حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەی گۆڕانی کەشوهەوا جێبەجێ بکات و خۆی بەرەو پێشەوە ببات و پاڵپشتی لەو جۆرە پڕۆژانە بکات کراوەیەکی باشی هەیە، و لە هەموو حکوومەتێك ئەو جۆرە کراوەییە بوونی نییە. هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو وەزارەتەکانییەوە دان بە پێویستی بوونی پاڵپشتی دەنێن بۆ ئەوەی بتوانن پرۆژەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەوەی ئەم کراوەییە هەیە، هەندێك بابەتی ڕێگرییش هەیە. بۆ نموونە ئەو ڕێنماییانەی هەمانە کە دەگەڕیتەوە بۆ نزیکەی ساڵی حەفتایەکان، بە زۆربەی یاساکان و ڕێنماییەکانەوە یان کەمن یان کە هەن جێبەجێ ناکرێن یانیش بەشێکی زۆریان پەیوەستن بە ژینگەوە، پەیوەستنین بە گۆڕانی کەش وهەوا، ژینگە و بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا دوو بابەتی جیاوازن بۆیە ئەو ڕێنماییانەی کە لە ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە پێویست دەکات زیاتر کاریان لەسەر بکرێت ئەمە خاڵێك، خاڵێکیتر ئەو پڕۆژانەی کە دادەنرێن پێویستە لایەنە زانستییەکەی زیاتر لەگەڵ زانکۆکان یان ڕێکخراوە نا فەرمییەکانی وەکوو ئێمە هەماهەنگ بکرێت. بۆ نموونە بابەتی چاندنی دار حکوومەت کە دار دەچێنێت بەشێكی زۆری دارەکان داری خۆماڵی نییە و داری بێگانەیە و لە کاتێکدا خەڵك پێی وایە ئەمە شتێکی باشە، بەڵام لە ڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمە شتێکی خراپە. بە کورتی لەلایەن حکوومەتەوە کراوەیی هەیە و پێشوازیی هەیە، وەك ڕێکخراوەکەمان هەسار پێشوازیی زۆرباشی حکوومەتی لێکراوە، هەر بە پشتگیریی حکوومەتیش بوو ئێمە توانیمان بەشداریی لە کۆنفڕاسی کۆپی ئازەربێجان بکەیین. هاوکات هەوڵ و دەستپێشخەریی هەیە، بەڵام کێشە لە میکانیزمی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە هەیە، و پێویستە میکانیزمەکە زیاتر پتەوتر و باشتر بکرێت.
نوچە نێت: لە ماوەی ڕابردوودا خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، وردبینیتان بۆ کارنامەی کاندیدەکان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن هەماهەنگبن لەگەڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە ژینگەییەکان؟
ڕێکخراوی هەسار: حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی پڕۆژە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەش وهەوا دەکات، واتە وەکو باسکردن بەڵێ باس دەکرێت، بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە، ئایا تا چەند لە ئەولەویاتی کاری حکوومەتە بەر لەوەی باس لەوە بکەیین کا چ بابەتێك لە نێو خوودی گۆڕانی کەش وهەوا لە پێشینەیە، پرسی گۆڕانی کەش وهەوا بابەتێکی لە پێشینەیی نییە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان باشترین نموونەش بۆ ئەوە کارنامەی ئەو کاندیدانە بوون کە خۆیان کاندیدکردبوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای بوونی ئەم هەموو بەربژێرە، کە ئێمە چاودێریی وردبینیمان بۆ کارنامەکانیان کرد بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین هەماهەنگی دروست بکەیین بۆ جێبەجێکردنی پلان و پڕۆژەکان، لەو ژمارە زۆرەی كە بەربژێرن تەنها یەك کەس باسی ژینگە و گۆڕانی کەش وهەوای کرد، کە ئەمە خاڵێکی نەرێنی بەردەوامی هەڵبژاردنەکانە.
پێشنیاری ئێمە بۆ حکومەت و بۆ پەرلەمان ئەوەیە بابەتی گۆڕانی کەش وهەوا بخەنە کارە لەپێشینەییەکانیان، ئەمە تەنها بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوەکەمان نییە، بەڵکو بە گشتی کارکردن لەسەر ئەم پرسە کارێکی پێویستییە، چونکە ئەگەر هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا داهاتوویەکی مەترسیدار دەبێت بۆ هەرێمەکەمان، و بۆ داهاتووی نەوەکانمان. ئێمە وەک و ڕێکخراوی هەسار و کۆی ڕێکخراوەکانی دیکە، ئامادەیین کە بە داتا و ئامار هەمووی شی بکەیینەوە و بیخەینە بەردەست و گەورەترین کۆنفڕاسی شیکردنەوەی زانستی بکەیین تاوەکوو لەوە ئاگادارتان بکەیینەوە کە ئەگەر گۆڕانی کەش وهەوا لە پێشینە نەبێت، ئەوا لە ماوەی 10 بۆ 50 ساڵیتر هەرێمی کوردستان تووشی چ گرفت و داهاتوویەکی مەترسیدا دەبێتەوە، وە ئەگەر بخرێتە پێشینە چی لێ دێت.
یەک خاڵی تری زۆر گرینگ، ئێمە وا پێشبینی دەکەین کە ئەم کارە پێویستی بە ئابوورییەکی بەرز هەیە، وە بەهۆی قەیرانەوە ناتوانین ئەنجامی بدەیین، بەڵام ئەم تێگەیشتنە زۆر هەڵەیە، لە گەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان بووینە، بۆمان بەدەر کەوتووە کە ئەو شوێنەی گۆڕانی کەشوهەوای هەىێت، ئابوورییەکەشی دەبوژێتەوە. کشتوکاڵ بەرەوپێش دەچیت، هاوکات وڵاتەکان پارەت پێ دەدەن، ئێمە وەکو هەسار کە تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆری پڕۆژەکانمان جێبەجێ کردووە، (80%)ی بودجەکەمان لە دەرەوەی وڵاتەوە هێناوە و لە کوردستان پڕۆژەکانی پێ جێبەچی دەکەیین، بۆیە بوژانەوەی ئابووریش لە ئێستادا بە گۆڕانی کەشوهەواوە دەبێت و دەتوانین وابکەیین کە ئابووریمان تەنیا لەسەر نەوت نەبێت، و بەشەکانی دیکەش بکرێت بە سەرچاوەی داهات.
نوچە نێت: پڕۆژەی گوندی خۆڕاگر یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ڕێكخراوی هەسار، دەتوانن کەمێک لەبارەی ئەم پڕۆژەیە بدوێن؟
ڕێکخراوی هەسار: پڕۆژەی گوندی خۆڕاگر یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی ڕێکخراوەکەمان، ناوەکەی هەر لەو دیارەدەیەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە کوردستاندا بوونی هەیە، ئەویش دیاردەی چۆڵکردنی گوندەکانە بەهۆی گۆڕانی کەش وهەوا، لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئاو کەمی کردووە و باران بارین کەم بووە و وشکەساڵی و بە بیابان زۆر بووە، ئەمەش وایکردووە کە خەڵك نەتوانێت لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە، هەر شوێنێك ئەگەر ماڵی خۆشت بێت ئابووریت نەبێت بۆی، ناتوانیت ژیانی تێدا بکەییت و ناچاریت بچیت بۆ شوێنێکیتر کە بتوانی خۆت و خێزانەکەت بژیەنیت، بۆیە لە گوندەکان ئەو کۆچکردنە کە بەهۆی گۆڕانی کەش وهەوا دەستیپێکردووە، و ئەمەش کارەساتی گەورەی لێ دەکەوێتەوە لە داهاتوودا.
بۆیە وەک ڕێکخراوی هەسارئەم پڕۆژەیەمان ڕاگەیاند و گوندێکمان هەڵبژاردووە بە ناوی گوندی (قوبە) لەسەر ڕێگای هەریر، لە سنووری پارێزگای هەولێر کە ئێستا نزیکە 100 ماڵ لە ناویدا دەژین، لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوو 35 ماڵ جێیان هێشتووە، و چوونەتە هەریر یان هاتوونەتە هەولێر، تووشی خرابی بژێوی بوونە. ئەمەش وایکرد کە ئەو گوندە هەڵبژێرین وەکو نموونەی دەستپێك، کە ئەگەر سەرکەوتووبوو پلانمان ئەوەیە کە تا 2023 سەدان گوندی دیکە بەو جۆرە ئاوەدان بکەینەوە، سەرەتا داتامان کۆکردەوە و گرفت و کێشەکانمان دەستنیشانکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ دانیشتوانەکەی و حکوومەت گەیشتین بە کێشەکان یەکێک لە کێشە دیارەکان بوونی کەمی سەرچاوە ئاوییەکانن، بۆیە ئەو بڕە کەمەی کە هەیە تەنیا دەتوانرێت بۆ خواردەنەوە بەکار بێت و نەتوانرێت بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی سوودی لێوەربگیرێت. بۆیە ئێمە پڕۆژەی گڵدانەوەی ئاوی باران لەوێ جێبەجێ دەکەیین، ئەم پڕۆژەیەش بە هاوبەشی یونسێف و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوە. خاڵێکیتر کێشەی کارەبایان هەبوو بە تایبەت لە قوتابخانەکان، ئێمە وزەی خۆریان بۆ دادەنێین. خاڵێکیتر تەکنیکی کشتوکاڵیان هەر بە شێوازی کۆن بوو، ئێمە لەگەڵ جوتیارەرکان کۆمەڵێك تەکنیکی کشتوکاڵی نوێ و سەردەمیانە بۆ دادەنێین چوارەم خاڵ پڕۆسەیەی دارچاندنیان بۆ دەکەیین، هاوکات هۆشداریی لە بارەی گۆڕانی کەشوهەوا بە قوتابی و گەنجەکانیان دەدەیین.
نوچە نێت: بە پێی زانیارییەکانی ئێمە لە ئێستاشدا سەرقاڵی بەڕێوەبردنی پڕۆژەیەکی مەزنی خزمەتگوزاریی ژینگەیین بە بەشداریپێکردنی گەنجان، باس لە میکانیزمی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە بکە؟
ڕێکخراوی هەسار: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەی سەرکردایەتی گەنجانە یەکێکە پڕۆژە جوان و پڕ بایەخەکانمان کە ئێمە وەک و هەسار شانازی پێ دەکەیین، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە ناو پڕۆژەیەکیتر کە پێی دەگوترێت (future prove) واتە بەرگریی داهاتوو، بە هاوبەشی لە نێوان ڕێکخراوی هەسار لەگەڵ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی یونسێف جێبەجێ دەکرێت. ئامانجەکەشی بریتییە لەوەی کە بتوانین 12 پڕۆژەی سەرکەوتوو تایبەت بە بواری گۆڕانی کەشوهەوا و خزمەتی ژینگە بە دەست بهێنین، میکانیزمی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە سەرەتا پێکهاتووە لە ڕاهێنان، ئێمە ڕاهێنان بە گەنجانی بەشداربوو دەکەیین بۆ ماوەی 5 مانگ هەفتانە 2 ڕۆژە کە چۆن بتوانن سەرکردایەتی پڕۆژە بگرنە دەست و ببن بە خاوەن بیرۆکە و داهێنانەکانیان بەرەوپێش ببەن، هەروەها فێربن چۆن بتوانن چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگە بدۆزنەوە، دواتر دەبن بە چەند گرووپێک هەر گرووپێک پڕۆژەیەکی تایبەت بەخۆی دەستنیشان دەکات وە هەر پڕۆژەیەك چەند گەنجێك بە هاوبەشی کاری لەسەر دەکەن و لە کۆتاییشدا دەخرێنە پێشبڕکێ و لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت هەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەکانیان دەکرێت و چەند دانەیەکیان براوە دەبن.
ئەوانەی کە براوە دەبن بودجەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکرێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکەیان. گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە لە بوار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت کە چۆن بتوانن سوود تواناکانی خۆیان وەربگرن، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا گەنجەکان زیاتر سەرەنجیان لەسەر کێشەکانە نەك چارەسەرییەکان ئامانجی ئێمەش گۆڕینی ڕوانینیانە، وە ئەوەی ئێمە زۆرتر بایەخی پێ دەدەیین پێشکەشکردنی پڕۆژەی پێویستییە بە کۆمەڵگە، هەموو 12 پڕۆژەیەکەش کە ئێستا دەستنیشانکراون لەسەر بنەمای پێویستی کۆمەڵگە دیاریکراون، هەربۆیە کۆمەڵێك پڕۆژەی زۆر زۆر باش هەن کە هەر یەکێککیان بە شێوازێك سوود بە کۆمەڵگە دەگەیەنن، پڕۆژەکان لە بواری كەمكردنەوەی پاشەڕۆ، و دووبارە بەكارهێنانەوە و بواری وزەن.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment