د. سالار عوسمان: راگەیاندنی پارتی بە بەردەوامی کوردستانی لە زهن و هزرى هەڵگرتووە دیمانە

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

د. سالار عوسمان،  بەرپرسی مەکتەبى راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیمانەیەکى تایبەت لەگەڵ نوچەنێت دەڵێت، "پارتی کە خاوەنی کوردستانە، خاوەنداری دۆزی گەلی کوردستان دەکات، بێگومان ڕاگەیاندنەکەی هەوڵدەدات لەم ئاستە دابێت."

لە بەشێکى ترى قسەکانى ئاماژە بەوەدەکات، "ئەگەر تەماشای هەموو مێژووی راگەیاندنی پارتی بکەین بەردەوام خۆی گۆڕیوە و نوێ بۆتەوە، لەگەڵ پێشهاتەکان خۆی گونجاندووە."

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ د. سالار عوسمان،  بەرپرسی مەکتەبى راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان: 

نوچەنێت: راگەیاندنی پارتی لە چ ئاستێکدا دەبینیت، ئایا لەو ئاستەدایە کە پارتی وەک حیزب دەیەوێت؟

د. سالار عوسمان: بێگومان ئەگەر سەیری ئاستی راگەیاندن و ئاستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکەین، بە درێژایی مێژوو راگەیاندنی پارتی هەوڵیداوە وێنەی پارتی دیموکراتی کورستان لە وێنەی کوردستان بەرجەستە بکات، واتا پارتی بە بەردەوامی کوردستانی لە زهن و هزرى هەڵگرتووە، راگەیاندنەکەشی بەهەمان شێوە، پارتی کە خاوەنی کوردستانە خاوەنداری دۆزی گەلی کوردستان دەکات، بێگومان راگەیاندنەکەی هەوڵدەدات لەم ئاستە دابێت.

ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بەمشێوەییە بدەینەوە، توانیمانە لە ئاستی کوردستان و دەسکەوتەکان لە ئاستی پارتی و مێژووی قووڵی هەموو ئەم قوربانیدان و خوێن بەخشین و نەبەردییە بین، کە گەلەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکانى نیشتمان پێشکەشیان کردیە، بێگومان نەخێر، ئاستی کوردستان و خوێنی شەهیدان و پارتی و قوڵایی مێژوو دەسکەوت و نەبەردییەکان زۆر گەورەترن لەو ئاستەی کە راگەیاندن هەیبووە، بەڵام بۆ خۆی ئەم بابەتە قسە هەڵدەگرێت، ئەویش ئەوەیە بە بەردەوامی وێنە دەتوانێ گوزارشت لە ڕاستی وێنەکە بکات، لە بەینی وێنە و ڕاستی بابەت گەلێکی فەلسەفی هەیە، بۆیە پێموایە کوردستان ڕاستییە و راگەیاندنی پارتی وێنەی ئەم ڕاستییە، هەوڵدەدرێت بە بەردەوامی ئەم وێنەیە بکات بە ڕێژەیەکی باش لەم ڕاستییە، بۆیە ئێستا ڕاگەیاندنی پارتی هەوڵدەدات بگات بە رێژەیەکی باش لە کوردستان لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە مێژوو لە دەسکەوت، لە خوێنی شەهیدان، لە هەموو ئەو نەبەردییانەی کە پێشمەرگە و گەلی کوردستان هەیەتی.

نوچەنێت: کەموکوڕی راگەیاندنی پارتی لە چیدا دەبینیت؟

د. سالار عوسمان: سەبارەت بە کەموکوڕییەکان، دیارە قسەکردن لە سەر ئاریشەکان زۆری دەوێت، من پێموایە یەکێ لە کەموکوڕی یان گرفتەکانی راگەیاندنی پارتی بریتییە لەوەی کە نەیتوانیوە باش ڕاهێنان و مەشق بکات، ڕاهێنان و مەشق و پێگەیاندن لە ئاستی پێویست نەبوو، ئەمەیە یەکێ لەم گرفتانەیە کە لێمان دەخوازێت لەمەودا زانستیانەتر ئاوڕ لە بواری مەشق و ڕاهێنان و پێگەیاندن بدەینەوە.

نوچەنێت: ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە راگەیاندندا ئەنجام دەدەن، ئایا ڕێگەتن پێدەدرێ گۆڕانکاری پێویست و پیشەیی ئەنجام بدەن؟

د. سالار عوسمان: هەموو پڕۆسەیەکی ژیان پێویستی بەگۆڕانکارییە، هەر بۆخۆی کۆنگرە لە ژیانی حزبی سیاسی گۆڕانکارییە گەورە و رووداوە گەورەکەیە، سەبارەت بە ئۆرگانەکانی پارتی دیموراتی کوردستانیش، کە  ڕاگەیاندن یەکێ لە ئۆرگانە هەرە سەرەکی و بنەڕەتییەکانییتی،  بێگومان دەبێت خۆی لەگەڵ قۆناغ و سەردەم و رووداو و پێشهاتەکان بگونجێنێت، بە بەردەوام پێویستی بەگۆڕانکارییە، خۆ ئەگەر تەماشای هەموو مێژووی راگەیاندنی پارتی بکەین، بەردەوام خۆی گۆڕیوە و نوێ بۆتەوە، لەگەڵ پێشهاتەکان خۆی گونجاندووە، خوێنی نوێی هێناوتە نێو خۆی.

ئێستاش ئێمە لە بیرکردنەوەماندایە کە بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەندامانی راگەیاندن و بە سوود وەرگرتن لە دوێنیی ئەم  راگەیاندنە، هەر لەخەباتی شاخەوە تا دەگاتە ساڵانی راپەڕین و تا ئێستا هەوڵدەین بیر لەوە بکەینەوە باشتر بین، نوێتر بین، گەرموگوڕتر بین، باشتر بە ئەرکەکان رابین و هەستین، بێگومان هەموو ئەو ئەرک و پرۆسەیەش پێویستی بە بیرکردنەوەیە، لە گۆڕانکاری بەرهەمهێن و پۆزەتیف، بەڵێ لە زهنەیەتی ئێمەدا بە بەردەوام گۆڕانکاری هەیە، ئەمە بێگومان بەو رێکارە حیزبییانە تێدەپەڕێ کە پارتی پێی ناسراوە.

نوچەنێت: ئایا پارتیش تەسلیمی ئەو واقیعە بووە، کە راگەیاندنە حیزبییەکان راستەوخۆ بە مەکتەبی راگەیاندنەوە گرێ نەدات؟

د. ساڵار عوسمان: ئەمە بابەتێکی زۆر ئۆرگانییە، بێگومان هەموو حیزبێک راگەیاندنی هەیە، هەموو راگەیاندێک لق و چل و پۆپی هەیە، لق وچل و پۆپەکان دەبێت بچنەوە بۆ ناوەند بۆ مەرکەزی بڕیار، کە راگەیاندنی حیزبەکەیە، رادیۆیەک، رۆژنامەیەک، تەلەفزیۆنێک، ماڵپەڕێک، پەیجێک، کە بەفەرمی سەر بەحیزبێکی سیاسین، بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت بچنەوە بۆ سەرچاوەی روونی خۆیان، سەرچاوەی ئۆڕگانی خۆیان، سەرچاوەی شەرعی خۆیان کە راگەیاندنە، راگەیاندنیش بەکۆی دیتن و تێگەیشتنەکان دەبێت بچنەوە سەرچاوەی حزبە سیاسەکەی خۆی کە بۆ ئێمە پارتی دیمەکراتی کوردستانە، رێبازی بارزانییە، بەرنامە و ڕێنوێنی ڕۆشنی سەرۆک جەنابی کاک مەسعود بارزانییە.

نوچەنێت: ئایا رووداو و کەنال کوردستان 24 راستەوخۆ لە ژێر دەستی مەکتەبی راگەیاندنی پارتیدان؟

د. سالار عوسمان: نەخێر پەیوەندییان بە بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نییە.

نوچەنێت: لەناو راگەیاندنی پارتیدا، پێدانی بەرپرسیاریەتی بەش و ئۆڕگانەکان لەسەر بنەمای شارەزایی و توانایە یان لەسەر بنەمای خزمەتی کادیری و حیزبایەتییە، ئایا بیرتان لەوە کردۆتەوە کە توانا و شارەزایی سەردەمییانە بکەنە پێوەرێک بۆ پێدانی ئەو جۆرە بەرپرسیارەیەتییە؟

د. سالار عوسمان:  دەمەوێ ئەوە بڵێم کە بەرپرسیاریەتی، بەخشینی پلە، پۆستە ئیدارییەکان، لە راگەیاندنی پارتی کۆمەڵێک پێوەر هەبووە لە دوێنێوە بە بەردەوامیش ئێستا ئەم کۆمەڵە پێوەرە هەن  بۆ بەیانیش هەر ئەمێنن، ئەویش ئەوەیە ئەوانەی لە راگەیاندنی پارتی بەرپرسیارەیتی وەردەگرن، بەر لە هەرشت لە فەلسەفە و روئیای رێبازی بارزانی حاڵی بن،  باش پارتی دیموکراتی کوردستان بناسن، قووڵ لە مێژووەکەی رووچن و زەڵاڵ لە ئێستایدا خوێندنەوەیان هەبێت، بە جورئەتەوە پێ بنێنە بەیانییەکی پڕ لە سەرکەوتن،  ئەمانە هەمووی ئاگاییە، ئاگایی ئەو بەڕێزەی کە بەرپرسیارەیتی وەردەگرێ، کەواتە ئەوانەی بەرپرسیارەیتی راگەیاندن وەردەگرن، دەبێت خاوەن و خودان ئاگاییەکی سیاسی نیشتیمانی نەتەوەیی حیزبی قووڵ بن.

لە پاڵ ئەمانەدا بوارەکانی دڵسۆزی، ساڵانی خزمەت، خەبات، لێزانین، دڵسۆزی، شارەزایی، پسپۆڕیی، بڕوانامە، هەموو ئەمانە رۆڵیان هەیە، بۆیە ئەمانە هەمووی بەیەکەوە شانسی ئەمانە دەداتە ئەو بەڕێزانە کە بەرپرسیارەیتی  بەڕێوەبەرایەتی رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن و ماڵپەرو گۆڤار و هەموو بوارەکانیتر وەربگرن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین