پۆلیسى هەولێر: خاوەنى ئەو هۆتێلەى گرتەیەکى سەدام حوسێنى بڵاوکردەوە لێکۆڵێنەوەى لەگەڵ دەکرێ کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

هۆگر عەزیز، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێر بۆ نوچەنێت ئاشکراى دەکات، بەپێى ئەو پلانە ئەمنییەى بۆ شارى هەولێر لەڕۆژانى جەژن دایانناوە، تاوەکو ئێستا وەک خۆى جێبەجێکراوە و دەشڵێت، "هێزى ئەمنى تایبەتمان بۆ بازاڕ و قەبرستانەکان و ئەو شوێنانەى خەڵک زۆر سەردانى دەکەن داناوە."

ئەمڕۆ شەممە (نۆى تەممووزى/2022) هۆگر عەزیز، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێر سەبارەت بە پلانى ئەمنى ڕۆژانى ڕۆژى جەژنى قوربان بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "هێزەکانمان لە ئامادەیى دانە و (24) کاتژمێر هاتووچۆ دەکەن بۆ پاراستنى ماڵ و سامانى خەڵک، ئەم پلانە ئەمنییە هەر چوار ڕۆژى جەژن بەردەوام دەبێت."

سەبارەت بەو هۆتێلەى ئەمڕۆ بە ڤیدیۆیەکى سەدام حوسێن پێشوازى لە میوانان کردبوو، هۆگر عەزیز دەڵێت، "لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی کرا و لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەرى گیراوەتەبەر و شوێنەکەش داخرا."

وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى پۆلیسى هەولێر ئاماژە بەوەدەکات، لە یەکەم ڕۆژى جەژنى قوربان، ژمارەیەکى زۆرى گەشتیار سەردانى شوێنەگەشتیارییەکانى هەولێریان کردووە و گووتیشى، "داوا لە هاوڵواتیان دەکەم، ئارامی و پاکوخاوێنى شوێنە گشتییەکان ڕابگرن، هەروەها لەم شوێنانەش هێزەکانمان بڵاوەپێکردوون بۆ ئەوەی سەروماڵیان پارێزراو بێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین