سەرۆک بارزانى: دەبێ بە ڕێککەوتنى سیاسى بەربژێرى سەرۆک کۆمار دیارى بکرێ کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى ئەمڕۆ لەگەڵ فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە، نەهرۆ مەحموود، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، کە بەشداربوو لە کۆبوونەوەکە تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "سەرۆک بارزانى لە کۆبوونەوەکەدا جەختى لە یەکڕێزى نێوان لایەنەکان لە بەغدا کردەوە."

ئەمڕۆ شەممە (دووى تەممووز/2022) سەرۆک بارزانى لەگەڵ فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە. سەبارەت بە کۆبوونەکە نەهرۆ مەحموود، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى پارتى تایبەت بە نوچەنێت ڕاگەیاند، "مەبەست لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ سەرۆک بارزانى، بۆ ئەوەبوو ئێمە وەک نوێنەرانى هەرێمى کوردستان لە بەغدا ئاگادارى جموجۆڵە سیاسییەکان و بارودۆخى ئێستاى عێراق بین."

نەهرۆ مەحموود هەر سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان لەگەڵ سەرۆک بارزانى گووتیشى، "چەند بابەتێک باسکرا، لەوانە پرسى سەرۆک کۆمار، سەرۆک بارزانى جەختى لەوەکردەوە پێویستە کورد لەسەر یەک بەربژێرى ڕێککبەوێ، بەڵام پارتى بە هیچ جۆرێک قبووڵى نییە بەرهەم ساڵح ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بە ڕێککەوتنى سیاسى کەسێک بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکرێ."

هەروەها دەشڵێت، "سەرۆک بارزانى باسى لەوەکرد، لە (2003)وە یەکەمجارە هەڵبژاردنێکى وا سەرکەوتوو لە عێراق ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنى تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردوو، لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و پلاسخارت نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە سەرکەوتوو ناوبردرا، بەڵام وا دیارە دەنگى خەڵک ناتوانێ بڕیار دەربێت لە عێراق، وە پاڵەپەستۆى سیاسى زۆر لەو بابەتانە گەورەترە تا بتوانن لە ناو پەرلەمان چارەسەرى بکەن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین