سیناریۆى داهاتووى سه‌در ئاشكرا ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ماڵپه‌ڕى میدڵ ئیست ئاى به‌ریتانى له‌ راپۆرتێك باس له‌ هه‌نگاوه‌كانى داهاتووى موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌ر سیناریۆیه‌كى نوێى سه‌در په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ ئێران یان به‌ شه‌قام.

ماڵپه‌ڕى میدڵ ئیست ئاى راپۆرتێكى له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌ سیاسییه‌كانى داهاتووى موقته‌د سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در ئاماده‌ كردووه‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30 حوزه‌یرانى 2022 ماڵپه‌ڕى خه‌لیج جه‌دید بڵاویكردووه‌ته‌وه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ هه‌وڵدان سه‌در بخه‌نه‌وه‌ ناو پرۆسه‌ى سیاسى دامه‌زراوه‌یى، چونكه‌ ده‌زانن بێ سه‌در كارى حكومه‌تى داهاتوو زه‌حمه‌ت ده‌بێت و سه‌در په‌نا بۆ شه‌قام ده‌بات.  بۆ ئه‌مه‌یش شيعەکان پێویستیان به‌ ئێرانه‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئێران ده‌ستپێشخه‌رییه‌كى نوێى هه‌بێت.

له‌ راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌ پێشتر ئێران به‌وه‌ رازى بووه‌ كه‌ سه‌در حكومه‌تى زۆرینه‌ پێكبهێنێت، به‌ڵام له‌به‌رانبه‌ردا داواى گره‌نتى له‌س سه‌در كردووه‌، له‌سه‌ر دوو بابه‌ت یه‌كه‌میان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى میلیشیاكانه‌، دووه‌میشیان سنووردانانه‌ بۆ گه‌نده‌ڵى، كه‌ یه‌كه‌میان دژى میلیشیاكانى سه‌ربه‌ ئێرانه‌ و دووه‌میش نوورى مالیكى ده‌گرێته‌وه‌.

راپۆرته‌كه‌ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كات، دواجار ئێران قوربانى به‌ هه‌ندێك له‌ هاوپه‌یمانه‌ عێراقییه‌كانى بدات و به‌ مه‌رجه‌كانى سه‌در رازى بێت، ئه‌گینا سه‌در بۆ هه‌نگاوى دواتر ده‌چێت، ئه‌ویش جووڵاندنى شه‌قامه‌. له‌م هه‌نگاوه‌دا وه‌ك راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ كردووه‌، سه‌در پێویستى به‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ ناڕازییه‌كان چاكبكاته‌وه‌ كه‌ له‌كۆتایى 2019 لێكترازا بوو.

ره‌وتى سه‌در ره‌وتێكى سیاسى- ئاینى عێراقه‌، موقته‌دا سه‌در رێبه‌رایه‌تى ده‌كات له‌ دوا هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق وه‌ك براوه‌ى یه‌كه‌م ده‌ركه‌وت به‌ 73 كورسى، دواتر به‌ هۆى تووندى ركابه‌رى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى ترى شیعه‌ كه‌ خۆیان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ناسێنن، له‌ 12ى ئه‌م مانگه‌ ره‌وته‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانى عێراق كشایه‌وه‌.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین