هه‌ڵوێستى سه‌در له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پلاسخارت روون نییه‌ وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات تا ئێستا هه‌ڵوێستى ره‌وتى سه‌در له‌سه‌ر جووڵه‌كانى جینین پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دیار نییه‌، كه‌ ره‌وته‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر زۆرینه‌ى سیاسى ده‌كاته‌وه‌، پلاسخارتیش ده‌یه‌وێ ته‌وافوقێك له‌نێوان لایه‌نه‌كان بهێنێته‌ كایه‌وه‌، چاودێرێكى سیاسیش ده‌ڵێ، "پلاسخارت ده‌یه‌وێ هه‌مووان له‌ كێكه‌كه‌ به‌شداربن به‌ پاساوى كۆتایى هێنان به‌ بنبه‌ستى سیاسى".

ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ جینین پلاسخارت نوێنه‌رى سكرتێرى گشتى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ده‌ستى به‌ كۆبوونه‌وه‌ كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى بنبه‌ستى سیاسى بكات له‌ عێراق. پێشتر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان و دواجاریش دوێنێ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق و هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح كۆبووه‌وه‌. 

ئه‌و هه‌وڵانه‌ جینین پلاسخارت، دواى وتاره‌كه‌ى دێت له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ تێیدا ره‌خنه‌یه‌كى تووندى له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى عێراق گرت و گوتى، "سه‌ركرده‌كانى عێراق ئاره‌زوویان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان نییه‌". 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ دووى حوزه‌یرانى 2022 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا باس له‌و هه‌وڵه‌ ده‌دات كه‌ پلاسخارت له‌ عێراق دیدات، ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێتظ له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ كراوه‌ تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ جینین پلاسخارت له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در و ره‌وته‌كه‌ى كۆ ده‌بێته‌وه‌ یان نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌و ره‌وته‌ كه‌ یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنى عێراقه‌ تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكى له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پلاسخارت نییه‌.

هه‌وڵه‌كانى پلاسخارت له‌گه‌ڵ خواستى سه‌در یه‌كناگرێته‌وه‌
 

به‌ڵام په‌رله‌مانتارێك كه‌ ناوى له‌لایه‌ن رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئاشكرا نه‌كراوه‌، باسى له‌وه‌ كردووه‌ پلاسخارت هه‌وڵ ده‌دات به‌ نوێنه‌رى ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانى سه‌روه‌ریى سوننه‌ و لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش كۆببێته‌وه‌. په‌رله‌مانتاره‌كه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌م نوێنه‌رە نێوده‌وڵه‌تییه‌ ئێستا دانوستاندن ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌لێنى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌ و ئه‌م ته‌نگژه‌ سیاسییه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ باسى له‌وه‌یش كردووه‌ پلاسخارت هۆشداریى داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا چاره‌نووسێكى ترسناك تووشى پرۆسه‌ى سیاسى ده‌بێت له‌ عێراق.

ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت ئه‌وه‌یه‌ جینین پلاسخارت ده‌یه‌وێ هه‌موو لایه‌نه‌كان رازى بكات، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌مه‌یش به‌ خواستى ره‌وتى سه‌در نه‌بێت كه‌ داوا ده‌كات باز به‌سه‌ر ته‌وافوقى سیاسى بدرێت، چونكه‌ زۆربه‌ى كێشه‌كانى عێراق بۆ شێوازى ته‌وافوق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

پلاسخارت هه‌وڵى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شبه‌شێنه‌ ده‌دات
 

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ئاماژه‌ى به‌ په‌یامێكى شاهۆ قه‌ره‌داغى شرۆڤه‌كارى سیاسى كردووه‌، كه‌ ره‌خنه‌ى له‌ پلاسخارت گرتووه‌ و گوتوویه‌تى، "پلاسخارت كار بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى به‌شبه‌شێنى سیاسى له‌ عێراق ده‌كات". شاهۆ قه‌ره‌داغى زیاتر مه‌به‌سته‌كه‌ى روون ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "پلاسخارت له‌ له‌ لایه‌ك له‌ كۆڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ره‌خنه‌ له‌ سیاسییه‌كان ده‌گرێت، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ سه‌ر له‌نوێ كار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شبه‌شێنه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كه‌ به‌شى خۆى له‌ كێكه‌كه‌ ببات، به‌ پاساوى كۆتایى هێنان به‌ بنبه‌ستى سیاسى" دواتر شاهۆ قه‌ره‌داغى ده‌پرسێ، "ئایا پلاسخارت راشكاوانه‌ باسى كێشه‌كانى عێراقییان له‌گه‌ڵ ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ دوایین وتارى له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى باسى كرد بوو؟"

له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق به‌ڕێوه‌چوو، كه‌چى تا ئێستا سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌ و حكومه‌تى نوێ پێكنه‌هێنراوه‌، ره‌وتى سه‌در داواى پێكهێنانى حكومه‌تى زۆرینه‌ ده‌كات، بۆیه‌ هاوپه‌یمانێتى له‌سه‌ر بنه‌ماى پێكهاته‌ى تایفى دروست نه‌كردووه‌. كه‌چى لایه‌نه‌كانى ترى شیعه‌ كه‌ خۆیان به‌ چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى ده‌ناسێنن، داواى حكومه‌تى ته‌وافووقى ده‌كه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى په‌رله‌مان له‌ پێكهاته‌ى شیعه‌ بێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین