ئيسرائيل بەرپرسيارێتى خۆى لە كوشتنى ئەفسەرەكەى سوپاى پاسداران راگەياند ئێران

نوچەنێت:

ئيسرائيل بە بەرپرسانى حكومەتى ئەمەريكاى راگەياندووە، "تيرۆركردنى ئەو ئەفسەرە باڵايەى سوپاى پاسداران لەسەر دەستى ئيسرائيل بووە، ئەوەش بۆ هۆشداريدانە بە تاران، كە بەردەوام لەلايەن يەكەيەكى نهێنيەوە بەرپرسانى باڵاى ئێران دەكاتە ئامانج."

بەرپرسێكى هەواڵگرى ئيسرائيل بە رۆژنامەى (نیویۆرك تايمزى) رايگەياندووە، "رۆژى چوار شەممە بەرپرسانى ئيسرائيل زانيارى بە بەرپرسانى ئەمەريكايان راگەياندووە، رۆژى يەكشەممە، حەسەن سەياد خودائيان لە ناو تاران كوشتووە."

ماڵپەڕى (واينت) بڵاويكردەوە، دەزگاى ئەمنى ئيسرائيلى نيگەرانە لە دزە كردنى ئەو هەواڵە، بەرپرسانى ئيسرائيلى داواى وەڵامدانەوەى چەند پرسيارێكيان لە بەرپرسانى ئەمەريكا كردووە، چونكە ئەو راپۆرتە بەرپرسيارێتى كوشتنى ئەو فەرماندەى خستۆتە ئەستۆى ئيسرائيل، ئەوەش ئەمەريكاى لە كوشتنى ئەو بەرپرسەى ئێران دوورخستۆتەوە، بۆيە بەرپرسانى ئيسرائيل لەو راپۆرتە نيگەرانن، چونكە كاردانەوەى ئێرانى دژ بە ئيسرائيل لێدەكەوێتەوە.

بەگوێرەى راپۆرتەكەى نيويۆرك تايمز بەرپرسانى ئيسرائيل پێيانوايە، "خودائى جێگرى يەكەى (840) كە تيمێكى نهێنيە لە فەيلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسداران، ئەركى ئەو تيمە ڕفاندن و كوشتنى كەسايەتييەكانى دەرەوەى ئێرانە لەوانەش ئيسرائيلييەكان، خودائي لە دوو ساڵى رابردوو بەرپرسى كردەكانى(840) لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بەشداريش بووە لە هێرشەكانى دژ بە ئيسرائيلى و ئەوروپى و هاووڵاتيانى ئەمەريكى و بەرپرسانى حكومى لە كۆلۆمبيا و كينيا و ئەسوبيا و ئيمارات و قوبرس.

بەرپرسێكى مۆسادى ئيسرائيل رايگەياندووە، "ئامانج لە كوشتنى ئەو ئەفسەرە هۆشدارى دانە بە ئێران بۆ راگرتنى كۆمەڵێك چالاكى."

تا ئێستا ئێران دانى بە هەبوونى يەكەى (840) نەناوە و سوورە لەسەر ئەوەى خودائى بە تەواوى رۆڵى جياوازە، بەڵكو لە سوپاى پاسداران بووە، لەسەرەتاى لاويەتييەوە بە خۆبەخش بەشدارى شەڕى ئێران ــ عێراق و پاشان بەشدارى لە شەڕى داعش لە سوريا لەبرى فەيلەقى قوددس كردووە.

لەلايەكى  ترەوە دوو ئەندامى سوپاى پاسداران بە نيۆرك تايمزيان راگەياندووە، "رۆڵى سەرەكى خودائى گواستنەوەى تەكنەلۆژياى فڕۆكەى بێفڕۆكەوان و مووشەك بووە بۆ گرووپەكانى سەر بە ئێران لە سووريا و چەكدارانى حیزبوڵڵا لە لوبنان و هەروەها ڕاوێژكارى گرووپەكان بووە لە سووريا.

لەبەشێكى ترى قسەكانيان ئاماژەيان بەوە كردووە، خودائى كەسێكى ناسراو نەبووە لە دەرەوەى دەزگا ئەمنييەكانى ئێران، هيچ ئەركێكى ئەمنى نەبووە، نموونەى بەرپرسێكى باڵاى سەربازى بووە. 

بەرپرسانى باڵاى فەيلەقى قودس لەو وڵاتانەى كاردەكەن ناسناو بەكاردەهێنن، بەگوێرەى كەناڵى تێليگرامى سوپاى پاسداران خودائى ناسناوى عەقيد شكار بووە. 

ئيسماعيل قائانى فەرماندەى سوپاى قودس ئامادەى ناشتنى بوو، ئەوەش بەڵگەيە لەسەر پێگەى خودائى. 

لە مانگى تەمووزى ساڵى رابردوو پيلانى بە ئامانجگرتنى داڕێژراوە، بەرپرسانى هەواڵگرى و سەربازى ئيسرائيل بە نيويۆرك تايمزيان ڕاگەياندووە، "كاتێك مۆساد مەنسور رسوولى رفاند، كە سوپاى پاسداران وەك بكوژ ديارييان كردبوو، ئەوكاتە پيلانى كوشتنى خودائى داندرا."

شانە نهێنييەكانى مۆساد لەكاتى رفاندنى رەسوولى هەوڵيانداوە زانيارى لەسەر يەكەى (840)ى بەدەست بهێنن.

دواتر كەناڵى (ئيران ئينتەرناشيۆناڵ) كە لەلايەن سعووديەوە هاوكارى دەكرێت، زانيارى ڕفاندنەكەى رەسوولى بڵاوكردەوە، بەپرسانى تاران دەستيان بەڕاگرتنى چالاكييەكانى يەكەى (840) كرد.

رەسوولى لە گرتە ڤيديۆيەك لەكەناڵى (بى بى سى) بڵاويكردەوە، "كە لەژێر ئەشكەنجە و هەڕەشەى كوشتنى خۆى و كەسوكارى ناچار بووە، دان بەوە دابنێت هاوكارى لە سوپاى پاسداران وەرگرتووە بۆ جێبەجێكردنى كردەى تيرۆرستى لە ئەوروپا."

دەزگاكانى راگەياندنى ئێرانيش لە راپۆرتێكدا رفاندنى رەسووليان بە چيرۆكێكى خەياڵى ناوبرد، بەڵام لە هەمان رۆژ دەسەڵاتدارانى ئێرانى رايانگەياند، "گرووپێكيان دەستگيركردووە سيخوڕيان بۆ ئيسرائيل كردووە."

رۆژى يەكشەممە چەند چەكدارێكى نەناسراو بە پايسكل لەناو تاران لە شەقامى موحيدين ئيسلام كە ئارامترين شوێنى ئەو وڵاتەيە، هەروەها شوێنى بەرپرسانى ترى فەيلەقى قوددس و سوپاى پاسدارانە، پێنج فيشەكيان ئاڕاستەى خودائى كردووە، تائێستاش دەسەڵاتدارانى ئێران هيچ كەسێكيان تۆمەتبار نەكردووە.

لەبەرامبەردا تا ئێستا ئيسرائيل هيچ لێدوانێكى فەرمى لەسەر ئەو رووداوە نەداوە، ئەوەش لە ترسى تۆڵەسەندنەوەى ئێرانە لە رێگەى باڵيۆزخانە و كونسوڵخانەكانى  ئيسرائيل لە وڵاتانى جيهان.

لە دواى كوشتنى موحسين فەخريزادە لە مانگى تشرينى دووەمى ساڵى (2020) كوشتنى خودائى يەكێكە لە ديارترين ئەو كردانەى لەناو ئێران كراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین