تورکیا و کازاخستان (15) ڕێککەوتن واژۆ دەکەن تورکیە

نوچەنێت:

سەرۆکى کۆمارى تورکیا ڕایدەگەیێنێت، "قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانییەکانیان لەگەڵ کازاخستان لە داهاتوو بۆ (10) ملیار دۆلار بەرز دەکەنەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (10/ئایار/2022) ماڵپەڕى (ئەنادۆڵ) بڵاویکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا لە ئەنقەرە پێشوازى لە قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ، سەرۆک کۆمارى کازاخستان کرد و دواتر بە تەنها لە کۆشکى کۆمارى کۆبوونەوە.

دواى تەواوبوونى کۆبوونەوەى سەرۆک کۆمارى تورکیا و کازاخستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایاگەیاند، "ئامانجى ئێمە باشترکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکانە لەگەڵ کازاخستان، جگە لەوەى ئێمە خاوەنى مێژوویەکى هاوبەشن."

سەبارەت بە قەبارەى بازرگانى نێوان هەردوو وڵات، ئەردۆغان دەڵێت "بەراورد بە ساڵى ڕابردوو، ئەمساڵ (58%) زیادیکردووە و بڕەکەى گەیشتۆتە پێنج ملیار دۆلار، دەشمانەوێ ئەو بڕە هێشتا زیاتر بکەین و بگەینە (10) ملیار دۆلار."

سەرۆک کۆمارى تورکیا لە درێژەى کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکدا ئەوەشى خستەڕوو، "ئەو ڕێککەوتنانەى واژۆمان کردووە، لە داهاتوو گرنگییەکەى دەردەکەوێ، وە لە پێناو بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورییەکان هەنگاوى زۆر زیاتر دەهاوێژین."

هەروەها لە دواى کۆبوونەوەى نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و قاسم جۆمەرت تۆکایێڤ، "لە نێوان شاندى تورکیا و کازاخستان (15) ڕێککەوتنیان لە بوارەکانى هەواڵگریى سەربازی، کشتوکاڵ، تەکنەلۆژیا، کولتوورى، بازرگانى و وەبەرهێنان، پەروەردە و خوێندن، هاوردەکردن، ژینگە، وەرزش واژۆکرد."

جێگەى ئاماژەپێدانە، ژمارەى دانیشتوانى کازاخستان (19) ملیۆنه‌ لەبەرامبەردا، ژمارەى دانیشتوانى تورکیا (58) ملیۆنە، چاوەڕێیش دەکرێ بەیانى چەندین گرێبەست و ڕێککەوتنى بارزگانى گەورە لەنێوان کۆمپانیا تورکى و کازاخستانییەکان واژۆ بکرێ.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین