بۆچى توركيا پەيوەندييەكانى لەگەڵ سعووديە ئاسایی کردەوە؟ هەواڵ

نوچەنێت:

كۆبوونەوەى رەجەب تەيب ئەردۆغان و محەمەد بن زايد، شازادەى جێنشينى سعووديە و بەرپرسانى تر لە جددە هەنگاوێكى سەرەكى چاكسازى پەيوەندى و بەهێزكردنەوەيەكى گرنگى ئابوورى نێوانيان بوو.

ئەردۆغان هەوڵەكانى خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەى توركيا لە گۆشەگيرييیەكانى ئەو ناوچەيە ڕزگار بكات، بەمەش كۆتايى بەو سياسەتە دەرەكييە بهێنێت، كە لەخزمەت بەرژەوەندييەكانى توركيا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست نەبوو.

سەرۆكى توركيا پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيمارات ئاساييكردەوە، لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى ئيسرائيل بەتەلەفۆن لەسەر هێڵە، بەردەوامە لە چاودێريكردنى گفتوگۆكان لەگەڵ ميسر، لە چەند رۆژى رابردووش پەيوەنديەكانى سعووديە ئاساييكردۆتەوە.

حكومەتى توركيا بەم دوايە بۆى دەركەوت سنوورێك لەبەردەم تواناكانى هەيە بۆ سەپاندنى خواستەكانى بەسەر وڵاتانى ناوچەكە، چ لە دەرياى ناوەڕاست، چ لە هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.

ئەو گۆشەگيرييە جيۆسياسيەى توركيا بووە هۆى سەرهەڵدانى كێشەى ئابوورى، پاشانيش بەهۆى ئاڵۆزى كوشتنى جەمال خاشقچى و پاڵپشتى توركيا بۆ قەتەر لەكاتى گەمارۆى وڵاتانى كەنداو و ميسڕ لە (2017) پەيوەندى نێوان رياز و ئەنقەرە، سعووديە بايكۆتى كاڵا توركيایان كرد.

دواى ئەوەى ئەردۆغان پەيوەندييەكانى لەگەڵ بەرپرسانى سعووديە ئاساييكردەوە، ئەگەرى بەهێز ئەوەيە كاڵاى توركيا بەبێ بەربەست رەوانەى سعووديە بكرێت، ئەگەرێكى تريش ئەوەيە سعووديە وەبەرهێنانى نوێ لە توركيا بكات و بۆ مامەڵەكردنى ئاڵوگۆڕى دراوى توركى  بچێتە پاڵ وڵاتانى كەنداو.

گواستنەوەى دادگاييكردنى دۆسيەى خاشقچى لە توركيايەوە بۆ سعوودييە باجى ئەردۆغان و ئاساييكردنەوەى پەيەوەندى نێوان ئەو دوو وڵاتە، لە دواى گواستنەوەش بەدوور دەزاندرێت سعووديە لێپرسينەوە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارانە بكات.

ئەو پرسانە چين کە بووە هۆى ئاڵۆزى نێوانيان؟

لەپاڵ دۆسيەى كوشتنى خاشقچى، سعوديە پاڵپشتى كودەتاكەى ميسرى كرد لە (2013)، لەبەرانبەردا توركيا پاڵپشتى پارتەكانى سەر بە ئيخوان موسلمينى كرد.

هەرچەندە توركيا ئێستا هەوڵدەدات پەيوەندييەكانى لەگەڵ ميسر ئاسايى بكاتەوە، بەڵام پێشتر ئەردۆغان رەخنەى توندى لە عەبدولفەتاح سيسى، سەرۆكى ميسر دەگرت، پێشوازى لە ئەندامانى ئۆپۆزيسيۆنى ميسرى دەكرد و دەزگاى راگەياندنيان لە توركيا دەكردەوە، لەلايەكى تريشەوە توركيا لەدواى گەمارۆى سەر قەتەر لە لايەن ميسر و بەحرێن و سعووديە و ئيمارات (2017) توركيا پاڵپشتى قەتەرى كرد، بەو جۆرە توركيا خۆى وەك سەرۆكى وڵاتانى ناوچە و پێشەنگى وڵاتانى ئيسلامى نيشان دەدا، ئەوەش بەلاى سعوديە كارێكى قبوڵ نەكراو بوو، چونكە سعووديە شەرعيەتى خۆى  مەككە و مەدينە وەرگرتووە.

شوێنەوارى ئاساييكردنەوەى پەيوەندى نێوان توركيا و وڵاتانى تر

ئەو گۆشەگيريیە ناوچەييەى توركيا كاريگەرى لەسەر بەرەوپێشچوونى ئابوورى ئەو وڵاتە هەبوو، ساڵى رابردوو ليرەى توركى نزيكەى نيوەى بەهاكەى لەدەست دا، رێژەى هەڵاوسان ئێستا گەيشتۆتە زياتر لە (60%) لەگەڵ ئامادەسازييەكانى توركيا بۆ هەڵبژاردنى سەرۆكايەتى و پەرلەمان لە ساڵى داهاتوو، ئەردۆغان بەدواى دەرفەتى گونجاو دەگەڕێت بۆ كەمكردنەوەى فشارى ئابوورى لەسەر هاووڵاتيانى توركيا.

پێويستييەكى جيۆسياسى هەيە پاڵنەرە بۆ ئەوەى توركيا پەيوەندييەكانى لەگەڵ سعوديە و وڵاتانى ناوچەكە ئاسايي بكاتەوە، چونكە ئەو ئاڕاستەى ئەنقەرە لە رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست پەيڕەوى دەكرد، بووە پاڵنەر وڵاتى تر لەدژى توركيا كۆبوونەوە، ئەوەش بووە هۆى ئەوەى پەيوەندى ميسر و يۆنان و قوبرس بەهێز بێت، هەروەها يۆنان و قوبرس و ئيسرائيليش پەيوەندييان بەهێز بكەن، سعوديە و ئيمارات بێنە پاڵ ئەو هاوپەيمانيانە.

لە هاوينى (2020) تيمى ئاسمانى سعووديە و ئيمارات و هێزە ئاسمانييەكانى يۆنان لە بنكەى دوورگەى كريت مەشقيان كرد، ئەو پێكهاتەى وڵاتى دژ بە توركيا لە دەرياى ناوەڕاست، كە فەڕەنساس ئامادەيى خۆى دەربڕى، لە ديدى توركيا دوژمنكارانە بوو.

لەگەڵ نەبوونى هێزى پێويست بۆ ترساندنى نەيارەكانى، توركيا لە رێگەى گۆڕينى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئەو وڵاتانە جگە لە يۆنان و قوبرس، دەستى بە لاوازكردنى ئەو بەرەى دژ بەخۆى كرد.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین