سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى دەکەم هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌یه‌ به‌لاوه‌ بنێن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بە بۆنەى هاتنەوەى جەژنى ڕەمەزان پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایدەگەیێنێت، "با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاریكارى و لێكگه‌یشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كان تێپه‌ڕێنین و قۆناغێكى تازه‌ى پێكه‌وه‌یى ده‌ستپێ بكه‌ین، ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین."

ئەمڕۆ یەکشەممە (1/ئایار/2022) سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا جەژنى ڕەمەزان لە موسڵمانى کوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز دەکات و دەشڵێت، "داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌یه‌ به‌لاوه‌ بنێن."

 

دەقى په‌یامى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زانى پیرۆزدا:

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان به‌ گه‌رمى له‌ هه‌موو موسڵمانان له‌ كوردستان، عیراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م. هیواى جه‌ژن و پشوویه‌كى ئارام و ئاسووده‌ بۆ هه‌مووان ده‌خوام.

جه‌ژن له‌ كاتێكدا‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ دۆخى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى پێویستى به‌ مانا و به‌هاكانى جه‌ژنه‌ له‌ لێبورده‌یى، ئاشته‌وایى، به‌خۆداچوونه‌وه‌ و پێكهاتنه‌وه‌. بۆیه‌ با هه‌موومان ئه‌م جه‌ژنه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ هاریكارى و لێكگه‌یشتن، تا له‌سه‌ر ئاستى عیراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ست، قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كان تێپه‌ڕێنین و قۆناغێكى تازه‌ى پێكه‌وه‌یى ده‌ستپێ بكه‌ین، ده‌سكه‌وته‌كان و ئێستا و داهاتووى هه‌رێمى كوردستان بپارێزین.

له هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ پێكه‌وه‌یى، ته‌بایى و یه‌كڕیزییه‌‌. بۆیه‌ داوا له‌ پارتى و یه‌كێتى وه‌ك دوو هێزى سه‌ره‌كى و هه‌موو لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌م جه‌ژن بكه‌نه‌ ده‌رفه‌تێك و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندیى باڵاى گه‌ل و وڵات، هه‌رچى كێشه‌ و ناكۆكى هه‌یه‌ به‌لاوه‌ بنێن، خۆیان له‌ هه‌ڵمه‌ت و په‌لامارى میدیایى و یه‌كترشكاندن بپارێزن. پێكه‌وه‌، یه‌كڕیز و ته‌با، هاریكار و هاوئاهه‌نگ بن تا له‌سه‌ر ئاستى عیراقیش پێگه‌ و ڕۆڵ و كاریگه‌رییان هه‌بێت.

با جه‌ژن بۆ هه‌مووان له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق ببێته‌ مایه‌ى خێر و خۆشى و كردنه‌وه‌ى ده‌رگایه‌كى ئاسووده‌یى و ئارامى و سه‌قامگیرى. جه‌ژن له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵێك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردسان

1/5/2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین