داخستنى ئاسمانى توركيا بەڕووى فڕۆكەكانى رووسيا كارتى فشارى فرە ئامانجە شیکاری

نوچەنێت:

توركيا پەيامەكانى ئاڕاستەيەك زياتر رەوانە دەكات، لەگەڵ راگەياندنى داخستنى ئاسمانى وڵاتەكەى بە ڕووى فڕۆكەى سەربازى و مەدەنى مۆسكۆ بۆ گواستنەوەى هێزەكانى  لە رێگەى ئاسمانى توركياوە بۆ سووريا، كە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكى مانگى سێيەمى هێرشى رووسيا بۆسەر ئۆكراينا، سزايەكى توندترترە بۆسەر ئەو وڵاتە.

مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزيرى دەرەوەى توركيا رايگەياند، "دەرگامان بەڕووى فڕۆكە سەربازيى و مەدەنييەكانى رووسيا داخست كە بەرەو سووريا دێن، ئەو بڕيارەشم بە سێرگى لاڤرۆڤ، وەزيرى دەرەوەى راگەياندووە." بەڵام مۆسكۆ تا ئێستا هيچ هەڵوێستێكى نەبوو بەرانبەر ئەو هەنگاوە لە ناكاوەى ئەنقەرە.

لە كۆتايى مانگى شوبات توركيا بڕيارى داخستنى گەرووى بۆسفۆڕ و دەردەنيلى بەڕووى كەشەتييە جەنگيەكانى رووسيا دا، ئەو سزايەى ئێستاش هاوكاتە لەگەڵ درێژەكێشانى ئەو شەڕە بۆ مانگى سێيەم، كە بە دوور دەزاندرێت هێرشەكان رابگيرێت و گفتوگۆكان بگەنە ئەنجام.

ئەنقەرە؛ نێوەندگيرى سەرۆكى رووسيا و ئۆكراينا

ئەنقەرە هەوڵى دا نێوەندگير لەنێوان سەرۆكى هەردوو وڵات بكات، بۆ ئەو مەبەستەش ميواندارى وەزيرانى دەرەوەى رووسيا و ئۆكرايناى لە ئيستەنبوڵ كرد بۆ كۆتايى هێنا بەو شەڕە، هەروەها  كۆبوونەوەيەكيشيان پەراوێزى كۆڕبەندى ئەنتاڵيا كرد، بەڵام ئەو دانيشتانە هيچ ئەنجامێكى ئەرێنى نەبوو.

رووسيا لە سووريا چەندين پێگە و بنكەى سەربازى هەيە، گرنگترينيان بنكەى حەميميميە، كە دەكەوێتە كەناراوەكانى سووريا بە هێڵى بەرگرى رۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست بەرەو رووى رۆژئاوا دادەندرێت. 

بنكەيەكى ترى لە شارى تەڕتووسى سوورى لەسەر دەرياى ناوەڕاست هەيە، كە چەند رۆژێك پێش هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا مانۆڕێكى سەربازى تێدا ئەنجام دا.

ئاسمانى توركيا كورترين رێگەيە لەبەردەم رووسيا بۆ گەياندنى پێداويستييەكانى بۆ بنكەكانى لە سووريا، بۆيە ئەو هەنگاوەى بەرانبەر رووسيا و پێشتريش داخستنى گەرووەكانى بەڕووى كەشتييەكانى ئەو وڵاتە لە دەرياى رەش بە ئاڕاستەى سووريا، تێچووى گەيشتنى بە بنكەكانى لە دەرياى ناوەڕاست زياتر دەكات، ئەوەش فشارێكى گەورە دەكەوێت لەسەرى، كە دەبێتە هۆى لاوازبوونى هەڵوێستەكانى بەرانبەر قەيرانى ئۆكراينا.

رەهەندەكانى داخستانى ئاسمانى توركيا بەڕووى رووسيا

تەها عەبدولواحيد، پسپۆڕ لە كاروبارى رووسيا رايگەياند، "ئەو بڕيارەى توركيا فەرە رەهەندە، پەيامى ئەنقەرەشە بۆ رۆژئاوا، كە دوور لەو سزا ئابوورييەكانى وڵاتانى رۆژئاوا كە توركيا بەشدارى نەكرد، ميكانزم و ئامرازى ترى فشار خستنە سەر مۆسكۆى لەبەردەستە، هەروەها ئەگەريش هەيە ئەو بڕيارە لەبەر هەبوونى ناكۆكييەكانى خۆى بێت لەگەڵ رووسيا سەبارەت بە رێكارەكانى تايبەت بە باكوورى رۆژئاواى سووريا."

سەبارەت بە سەرئەنجام و هۆكارەكانى ئەو هەنگاوەى توركيا و كاريگەرييەكانى لەسەر پەيوەندييەكانى نێوان ئەنقەرە و مۆسكۆ فيراس ريزوان ئۆغلۆ، چاودێرى سياسى رايگەياند، "لەگەڵ بەردەوامى شەڕ لەگەڵ ئۆكراينا و رازى نەبوون بە نێوەندگيرى توركيا، ئەنقەرە نەيتوانى پێچەوانەى رەوتى جيهانى هەنگاو بنێت، كە دژى هێرشكردنى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا و سزايان بەسەر مۆسكۆ سەپاند."

لەبەشێكى ترى قسەكانى رايگەياند، "توركيا دەڵێت لەگەڵ رووسيا نيم دژى سزاكانيشە، بەڵام ناتوانێت بەرانبەر فشارەكانى ئەوروپا و ئەمەريكا بووەستێتەوە، رێگەنەدانى بە هاتنى فڕۆكەكانى رووسيا لەو چوارچێوەيە، بەڵام هەرچۆن بێت لەسەر ئەنقەرە پێويست بوو هەنگاوێكى لەو جۆرە بهاوێت بۆ تاوەكو مۆسكۆ لەگەڵ كيێڤ بگاتە چارەسەر، بەتايبەت ئەنقەرە هەست بە مەترسيەكانى رووسيا دەكات، كە دەيەوێت كەناراوەكانى ئۆكراينا داگير بكات، ئەو پرسەش بەلاى توركياوە پرسێكى نوێ نييە، بۆيە بە پێويستى دەزانێت سزاكانى سەرى زياد بكات."

سەبارەت بە كاريگەرييەكانى ئەو هەنگاوەى توركيا لەسەر هەردوو وڵات ريزوان ئۆغلۆ پێى وايە، "لەدواى ئەو سزايانەى بەسەرى سەپێندراوە مۆسكۆ لەچەند پرسێك پێويستى بە توركيايە، ديارترين دۆسيەش دۆسيەى ئابوورى و داراييە، هەروەك توركيا دەرگاى بەڕووى گەشتيارانى رووسيا دانەخستووە، تا ئێستاش پەيوەندى نێوان هەردوو وڵات باشە."

رووسيا و توركيا بە درێژايى ساڵانى رابردوو هێڵەكانى لێكتێگەيشتنيان سەربارەت بە باكوورى رۆژئاواى سووريا  هەبوو، هەندێك جاريش رووسيا ئەو لێكتێگەيشتنانەى پێشێل دەكرد، بەڵام لە (2020) تا ئێستا ئەو لێكتێگەيشتنە كارى پێدەكرێت، لەوكاتەوە مۆسكۆ پاڵپشتى هێرشى وشكانى حكومەتى سوورياى بۆ سەر ئەو ناوچانە نەكردوە، بەڵام ئەگەر هەيە ئەو هەنگاوەى توركيا ببێتە هۆى ئاڵۆزى سەربازى رووسيا لە پارێزگاى ئيدليب لە باكوورى رۆژئاواى سووريا، ئەگەرێكى تريش هەيە شەڕ لەناوچەكانى ترى ژێر هەژموونى توركيا دەستپێ بكاتەوە."

ئامانجەكانى ئەنقەرە

تەها عۆدە، لێكۆڵەرى سياسى توركيا راگەياند، "ئەو هەنگاوەى توركيا سەبارەت بە داخستنى ئاسمانى وڵاتەكەى بەرانبەر فڕۆكەكانى رووسيا، چەندين پرسيار لەسەر كاتەكەى هەبوو.

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "ئاڵۆزييە سەربازييەكانى سەر خاكى سووريا و پێشێلكارى هێزەكانى دەسەڵات و رووسيا پێگەى ئەنقەرەى لاواز كردبوو، چەندين شوێنى ژێر دەسەڵاتى سوپاى توركياى لە باكوورى رۆژئاواى سووريا بۆردوومان دەكرد."

ئەو هەنگاوەى توركيا چەند رۆژێك دواى سەردانى شاندێكى كۆنگرێسى ئەمەريكايە بۆ توركيايە، كە لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دەرەوە و سەرۆكايەتى توركيا كۆبوونەوە گفتوگۆيان لەسەر دۆسيە هەڵپەسێدراوەكانى هەردوو ولات كرد، لە سەرووى هەموويانەوە دۆسيەى سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس 400) رووسى و فڕۆكەى (ئێف 16) هەر لەو كۆبوونەوانە گفتوگۆ لەسەر گەيشتن بە هەندێك لێكتێگەيشتنى سەرەتايى دەربارەى ئەو دۆسيانە كراوە."

ئەو هەنگاوانەى توركيا هەڵگرى چەند پەيامێكن بۆ هاوپەيمانى ناتۆ و ئەمەريكا ، كە ناوەڕۆكەكەى ئەوەيە توركيا لايەنێكى سەرەكى دۆسيەكانى ئەو ناوچەيە.

لە (2019) پەيوەندييەكانى ئەمەريكا و توركيا بەهۆى كڕينى سيستەمى مووشەكى بەرگرى (ئێس 400)ى رووسى ئاڵۆزبوو، ئەو پەيوەندييە تا هێرشى رووسيا بە هەڵپەسێردراوى مايەوە، بەڵام ئەو هێرشانە زۆربەى هاوكێشە سياسيەكانى لەو ناوچەيە گۆڕى و جارێكى تر وڵاتانى رۆژئاوا بەرەو توركيا گەڕانەوە.

تووندترین سزاى توركيا بەڕووى رووسيا

ليوا فاتيح حەسوون، فەرماندە لە گرووپە ئۆپۆزيسيۆنوكانى سووريا، كە سەر بە سوپاى توركيان رايگەياند، "داخستنى ئاسمانى توركيا بەڕووى فڕۆكەكانى رووسيا هەنگاوێكى توندى ئەنقەرەيە بەڕووى مۆسكۆوە، بۆ گەيشتن بەو بنكانەى سووريا مۆسكۆ چەند بژاردەيەكى ترى لەبەر دەستە، كە دەتوانێت ئاسمانى ئێران و عێراق بەكار بهێنێت، ماوەى قەدەغەكردن بۆ سێ مانگ درێژكراوەتوە، ئەوەش بەربەستى لەبەردەم فڕۆكەكانى رووسيا لەو ناوچەيە دروستكردووە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین