نێچیرڤان بارزانى: ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌و په‌لامارانه‌ بێنه‌ده‌نگ کوردستانی

نوچه‌نێت

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌ په‌یامێكدا به‌توندى سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ى سه‌ر بنكه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د ده‌كات و ده‌ڵێ، "ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌و په‌لامارانه‌ بێنه‌ده‌نگ".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م سێى ئادار، هێرشێكى مووشه‌كى كرایه‌ سه‌ر بنكه‌ى عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ رۆژئاواى ئه‌نبار و له‌ئه‌نجامدا كه‌سێكى به‌ڵێنده‌ر له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى گیانى له‌ده‌ست دا.

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى: 
 

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌ركردایه‌تیى ئه‌مه‌ریكا له‌ بنكه‌ى عه‌ینولئه‌سه‌دى ئاسمانى له‌ پارێزگاى ئه‌نبار له‌ عێراق كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا به‌ڵێنده‌رێك گیانى له‌ ده‌ست دا. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانییه‌كه‌ ده‌كه‌م، له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا هاوسۆز و هاوخه‌میانم.

دووباره‌بوونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژى داعش كه‌ له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراقى فیدرأڵ بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر له‌ عێراقن، به‌ ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراقه‌ و ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات و ئێستا و داهاتووى ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌كى ڕاسته‌قینه‌وه‌.

بێگومان عێراق له‌ دۆخى ئێستایدا هێشتا پێویستى به‌ به‌رده‌وامیى هاوكارى و یارمه‌تیدانى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تییه بۆ ڕێگرى له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و له‌ناوبردنى یه‌كجاره‌كیى ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆرستییه‌ى ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت و كرده‌ سه‌ربازییه‌كان و جموجووڵه‌ تیرۆرستییه‌كانى فراونتر ده‌بن.

داوا له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ و گه‌لانى‌ عێراق ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌سه‌ر حیسابى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانى پێكدادان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێكان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/3

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین