گۆڕانكاریى له‌ حكومه‌تى كازمى ده‌كرێت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى ئاشكراى كردووه‌، هاوپه‌یمانى سێقۆڵى كه‌ به‌ هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتیمان ناسراوه‌، هه‌وڵى هه‌مواركردنه‌وه‌ى حكومه‌تى كازمى ده‌ده‌ن و گۆڕانكارى له‌ وه‌زیره‌كانى ده‌كه‌ن.

رۆژنامه‌ى مه‌داى عێراقى، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ حه‌وتى نیسانى 2022 زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نگژه‌ سیاسیه‌كه‌ى ئێستا به‌رده‌وام بێـت، ئه‌وا نزیكترین سیناریۆ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تى كازمى بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك گۆڕانكاریش له‌ كابینه‌كه‌ هه‌یه‌.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان وه‌رگیراون، هاوپه‌یمانى سێقۆڵى "پارتى و ره‌وتى سه‌در و سه‌روه‌ریى" به‌ هۆى ئه‌وه‌ى 180 كورسییان له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌وا ده‌توانن هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كان بگۆڕن. 

رۆژنامه‌ى مه‌دا ده‌ڵێ "میكانیزمى گۆڕانكارییه‌كه‌ روون نییه‌". به‌ڵام ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت به‌ ره‌زامه‌ندى لایه‌نه‌كان بكرێت، چونكه‌ هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان براوه‌ بوون، دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان راسته‌وخۆ ده‌بن به‌ په‌رله‌مانتار. 

ئێستا چوار وه‌چوار وه‌زاره‌تى حكومه‌تى كازمى بێ وه‌زاره‌تن


زاره‌تى حكومه‌تى كازمى بێ وه‌زیرن، دوو وه‌زاره‌تیان كه‌ وه‌زاره‌تى كار و كۆچن، وه‌زیره‌كانیان عادل حاشوش و ئیڤان یه‌عقوب دواى سوێندخواردنیان له‌ په‌رله‌مان وه‌زاره‌تیان جێهێشتووه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تى یه‌كه‌میان له‌لایه‌ن سالار عه‌بدولجه‌بار وه‌زیرى داد و وه‌زاره‌تى دووه‌میان له‌ لایه‌ن عوسمان غانمى وه‌زیرى ناوخۆ، به‌ وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن. پێنج وه‌زیریش چووبوونه‌ ناو كێبڕكێى هه‌ڵبژاردن كه‌ یه‌كێكیان عه‌دنان درجال وه‌زیرى وه‌رزش بوو.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وه‌زیرى كاره‌با و ته‌ندروستیش به‌ هۆى تۆمه‌تباركردنیان به‌ كه‌مته‌رخه‌مى ساڵى رابردوو ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌. به‌مشێوه‌یه‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى كۆچ و كاره‌با و كار و ته‌ندروستى بێ وه‌زیرن، بۆیه‌ گۆڕانكارییان تێدا ئاسان ده‌بێت.

رۆژنامه‌ى مه‌دا ده‌ڵێ، "بژارده‌ى هێشتنه‌وه‌ى كازمى له‌ پۆسته‌كه‌ى به‌ شێوه‌یه‌یە كه‌ هه‌ردوو لایه‌نى ناكۆك (چوارچێوه‌ و سێقۆڵى) رازى ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ریشدا به‌رهه‌م ساڵح له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌كرێت".

هاوپه‌یمانى سێقۆڵى ده‌توانێ له‌ په‌رله‌مان
گۆڕانكاریى له‌ حكومه‌تى كازمى بكات

رۆژنامه‌ عێراقییه‌كه‌ به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى گوایه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان وه‌ریگرتوون، دووپاتى كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى كازمى یه‌كێك ده‌بێت له‌ نزیكترین سیناریۆكان، چونكه‌ سه‌در ده‌رگاى به‌ڕووى گفتوگۆى لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى شیعه‌ داخستووه‌. هیچ ده‌رفه‌تێكیان پێنادات. حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش تا ئێستا هیچ سه‌رنجیان له‌سه‌ر "بۆشایى ده‌ستوورى" نییه‌. ته‌نانه‌ت مه‌دا باس له‌وه‌یش ده‌كات كه‌ ئێرانیش وازى له‌وه‌ هێناوه‌ شاند بۆ نزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان ره‌وانه‌ى عێراق بكات.

مسته‌فا كازمى كه‌ پێشتر سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى عێراق بوو، له‌ مانگى ئایارى ساڵى 2020 بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، دانانى مسته‌فا كازمى دواى شه‌ش مانگ له‌ بۆشاییه‌كى حكومى بوو، چونكه‌ له‌سه‌ره‌تاى مانگى كانوونى یه‌كه‌مى 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ژێر فشارى خۆپێشانده‌ران ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌.  

ئه‌ركى حكومه‌تى كازمى ئه‌وه‌ بوو بارودۆخى سیاسى و ئه‌منى عێراق هێور بكاته‌وه‌ و كار بۆ هه‌ڵبژاردنێكى پێشوه‌خته‌ى په‌رله‌مان بكات. ئه‌وه‌ بوو له‌ 10ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو 2021  هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌و كاته‌وه‌ حكومه‌تى كازم به‌ ته‌واوى بوو به‌ حكومه‌تێكى كاربه‌ڕێكه‌ر. دواى هه‌ڵبژاردن هه‌وڵێك هه‌بوو بۆئه‌وه‌ى مسته‌فا كازمى جارێكى تر بكرێته‌وه‌ سه‌رۆك حكومەت، به‌ڵام به‌ كاندیدیكردنى جه‌عفه‌ر سه‌در له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانى رزگاركردنى نیشتیمان ئه‌و چانسه‌ بۆ كازمى نه‌مایه‌وه‌. 

به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق دواى هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌تا ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و دواتر سه‌رۆك كۆمار و له‌ قۆناغى سێیه‌میش حكومه‌ت پێكده‌هێنرێت، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ په‌رله‌مان شكستى هێناوه‌، پرۆسه‌ى سیاسیش به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌، ئه‌وا حكومه‌تى كازمى وه‌ك كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌مێنێته‌وه‌.

هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌ى مه‌دا باسى له‌ گۆڕانكارى له‌و حكومه‌ته‌ كردووه‌، به‌ڵام پێشتر هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران باسیان له‌وه‌ كرد بوو، حكومه‌تى كاربه‌ڕێكه‌ر گۆڕانكاریى تێدا ناكرێت و رووبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌ و  لێسه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ نابێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین