توركيا پەيوەندييەكانى لەگەڵ سووريا ئاسايى دەكاتەوە شیکاری

نوچەنێت:

هەوڵەكانى توركيا بۆ كۆتاييهێنان بەشەڕى ئۆكراينا دەرفەتێكى باشى بۆ ئەنقەرە و ديمەشق رەخساندووە، تاوەکو دەست بەگفتوگۆى نێوانيان بكەنەوە.

رۆژنامەى (حورەيەت)ى توركى لە راپۆرتێكدا ئاشكرايكردووە، لە ماوەى رابردوو لەسەر ئاستى ناوخۆيى حكومەتى توركيا گفتوگۆى چڕى كردووە، بۆ ئەوەى لەگەڵ حكومەتى سووريا لەسەر سێ تەوەرى سەرەكى دەست بە دانووستاندن بكات.

حكومەتى توركيا پێيوايە ئەو رۆڵەى لە مانگى رابردوو بۆ كۆتاييهێنان بە هێرشەكانى رووسيا بۆ سەر ئۆكراينا بينيويەتى، كاتێكى زۆر گونجاوە بۆ چارەسەرى قەيرانى سووريا.

سەرچاوەكان لە توركياوە باس لەوە دەكەن، سياسەتى هاوسەنگى ئێستاى توركيا بۆ زۆربەى وڵاتان گرنگە، بەتايبەت بۆ وڵاتانى ئەوروپا چونكە كاريگەرى لەسەر چارەسەركردنى زۆربەى كێشەكان لە سياسەتى دەرەوەى توركيا دەبێت، لەلايەكى تريشەوە ئەو سياسەتەى ئێستاى توركيا لەسەر بنەماى ئاشتەوايى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەكە بنياتنراوە، پێشتر هەنگاوى نوێى بۆ چارەسەكردنى كێشەكان تێدا گيراوەتە بەر، كەناڵى نوێ لەگەڵ ئەرمينيا و ئيسرائيل و سووريا كرايتەوە، سەبارەت بە ئاساييبوونەوەى پەيوەندييەكانى لەگەڵ ميسر پێويستى بەكاتى زياترە، بۆيە ئەو دۆخەى ئێستا دەرفەتێكى نوێى بۆ توركيا رەخساندووە، تاوەكو پرسى سووريا و كێشەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان چارەسەر بكات.

سەبارەت بە دۆخى سووريا سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، دەكرێت پەيوەندى نێوان سووريا و توركيا ئاسايى بێتەوە، چونكە پێشتر هەركاتێك پەيوەندى توركيا لەگەڵ سووريا بەرەوپێش چووبێت، ئێران و رووسيا هاتۆنەتە سەر هێڵ و رێگەيان لەو كەشە ئەرێنييەى نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگرت، بەڵام قۆناغەى ئێستا رووسيا سەرقاڵى شەڕى ئۆكراينا و كاردانەوەكانى جيهانە و كێشە ناوخۆيەكانى خۆيەتى، بۆيە دەكرێت توركيا سەرەتايەكى نوێ لەگەڵ دەسەڵاتى سووريا دەست پێبكات، كێشەى پەنابەران ببێتە جێى بايەخى هەردوو وڵات.

سێ كارى لە پێشينە

ئەگەر ئەو دۆخەى ئێستا بەشێوەيەكى دروست بچێتە پێشەوە، ئەوە لە بەرژەوەندى توركيا دەبێت، دەرفەتێك دەرەخسێت بۆ دەستپێكردنەوەى پەيوەندى نێوان توركيا و سووريا و گەڕانەوەى پەنابەران بۆ سووريا.

بۆ ئەوەش توركيا لە پەيوەندييەكانى جەختى لەسەر سێ خاڵ كردۆتەوە، كە پارێزگارى پێكهاتەى سنوورى و يەكپارچەيى خاكى سووريا، دروستكردنى دۆخێكى ئارام بۆ گەڕانەوەى پەنابەرانى سوورى بۆ وڵاتەكەيان دەگرێتەوە.

چارەسەكردنى كێشەى پەکەکە لە سووريا

بەگوێرەى رۆژنامەكە، پرسەكانى پەيوەست بە يەكپارچەيى خاكى سووريا و پێكهاتەى سنوورى سووريا، چالاكييەكانى پارتى كرێكارانى كوردستان لە خاكى ئەو وڵاتە و ناوچەى خۆسەرى باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا دەگەرێتەوە.

رۆژنامەى (حوڕيەت) ئەوەشى ئاشكرا كردووە، بەر لە سەردانى بەشار ئەسەد، سەرۆكى سووريا بۆ ئيمارات ئەنقەرە چەند پەيامێكى گرنگى بۆ ديمەشق رەوانەكردووە.

سەردانى ئەسەد بۆ ئيمارات

ئەنقەرە پێیوايە سەردانى بەشار ئەسەد بۆ ئيمارات، بارودۆخى ناوچەکە پێويستى بە دەستپێشخەرى و پاڵپشتى نوێ هەیە، دەبێ بەدواى دەرچەى جۆراوجۆرى نوێ بۆ چارەسەركردنى كێشەكان بگەڕێن.

سەرچاوەكان ئەوەشیان راگەياندووە، دەكرێت توركيا ئەو پڕۆسەيە لە بەرژەوەندى خۆى بگۆڕێت، ئەگەر رەچاوى قۆتاغێكى نوێ لە پەيوەندييەكانى لەگەڵ ئيمارات بكات.

سەركەوتنى ئەو هەوڵەش دەبێتە هۆى گەڕانەوەى زياتر لە نيوەى ئەو ئاوارە سووريانەى ئێستا لە توركيا نيشتەجێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین